دۆخی تەناهیی سلێمانی تێك دەچێت

:: AM:09:09:12/07/2017 ‌

زیاتر لە 10 ڕۆژە دۆخی تەناهیی ناوشاری سلێمانی تێك چووە و هەر ڕۆژە و ڕووداوێكی نەخوازراو ڕوو دەدات، هۆكارەكەشی بۆ بوونی تەنگژەی دارایی و كێشە ناوخۆیییەكانی یەكێتی دەگەڕێندرێتەوە و هاوكات ئاماژە بە كەمتەرخەمی داودەزگەكانی حكوومەت دەكرێت.

سەرەتای ئەو زنجیرە ڕووداوانە لە هەڵدانی نارنجۆكێك بۆ مزگەوتی بەهەشت كە بە مزگەوتی سەلەفییەكان ناسراوە لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد لە شاری سلێمانی دەستی پێ‌ كرد، دواتر بۆ بەیانییەكەی ژنێك بە كوژراوی لە ئۆتۆمبێلێكدا لە شاخی گۆیژە دۆزرایەوە، سەر لە ئێوارەی دواتر تەقە لە خاوەن هۆتێلێك كرا لە گەڕەكی سابوونكەران، لە گەڕەكێكی تریش پێشمەرگەیەك خۆی دەكوژێت و دوو ڕۆژ پێش جەژنیش ژن و مێردێك لە ماڵەكەی خۆیاندا سەر بڕبوون، هاوكات ئێوارەی ڕۆژی یەكشەم لەسەر شەقامی مەلیك مەحموود تەقە لە تاكسییەك دەكرێت كە دوو ژن و منداڵێكی تێدا بوون و ژنەكە گیان لە دەست دەدات.
دانا جەزا سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، "ناتوانین بڵێین سەقامگیری تەناهی نییە، بەڵام بۆشایی تەناهیمان هەیە".  لەبارەی هۆكارەكانیش لەناو شاری سلێمانی، گوتی، "كێشە كۆمەڵایەتییەكان، تەنگژەی ئابووری و كێشە ناوخۆیییەكانی یەكێتی وایان كردووە بۆشایی تەناهی لە شارەكەدا دروست ببێت."
ئەو بەپرسە تایبەتمەندە، پێی وابوو "پێویستە دەزگە پێوەندیدارەكان بە ئەركی خۆیان هەستن و بكەری ئەو تاوانانە سزا بدەن بۆ ئەوەی خەڵكانی تر سەیریان بكەن و نەتوانن توندوتیژی ئەنجام بدەن".
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، لە ناو سەنتەری شاری سلێمانیدا هیچ جۆرە گرووپێكی چەكداری بوونی نییە، بەڵام لە شارۆكە و شارەدێیەكانی سەربە سلێمانی و بەتایبەتیش چەند ناوچەیەكی گەرمیان و هاوكات چەمچەماڵ، گرووپی چەكداریی جۆراوجۆر بوونیان هەیە و ناوبەناو پشێویی تەناهی دەخوڵقێنن. 
مەهدی مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە"ـی گوت، داودەزگەكان بە ئەركی خۆیان هەستاون، بەڵام حكوومەتی هەرێم كەمتەرخەمە و پێویستیی و كەموكوڕییەكانیان بۆ پڕ ناكاتەوە.
ئەو گوتی "پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی كێشەی كەلوپەل و كەمیی میلاكیان هەیە، ئەمە جگە لە كێشە سیاسییەكانی هەرێم و تەنگژەی دارایی و كێشەی تەكەتولات و ناكۆكی ناو حزبەكان كە سەرجەمیان هۆكارن بۆ دروستبوونی پشێوی تەناهی."
"وشە" هەوڵی زۆری دا دەزگەی ئاسایشی سلێمانی و سەرۆكی بۆردی تەناهیی پارێزگای سلێمانی بدوێنێت، بەڵام بە بیانووی نەبوونی كات چەند جارێك قسەكردنیان لەوبارەیەوە ڕەت كردەوە. 
قادر وەتمان ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بە"وشە"ـی گوت، تێكچوونی بارودۆخی تەناهی لە هەر شوێنێكی كوردستان، دەبێتە هۆی ترسان و تێكچوونی بارودۆخی خەڵك و بازاڕ و پێویستە رێگە نەدرێت ڕووداوە تەناهییەكان تەشەنە بكەن.
ئەوەشی گوت، "ئەوەی ئەو ماوەیە لەناو شاری سلێمانی دەبینرێت، جێی نیگەرانییە و بەرپرسیارێتییەكەشی لە ئەستۆی حكوومەت و یەكێتی و گۆڕاندایە كە دەبێت میكانیزمی باشتر بۆ بنبڕكردنی كێشە تەناهییەكان بگرنە بەر."

 سلێمانی- هەستی كەمال



وشە - تایبه‌ت