سێرا ڕۆمانی: لە دیزایندا جلی كوردی بەدەر نابێ لە نیمچە رووتی

:: AM:09:39:13/07/2017 ‌

خانمە دیزاینەر و نمایشكاری جلوبەرگی كوردی سێرا ڕۆمانی كە لە سلێمانی لە دایك بووە و ماوەیەكی زۆرە لە ڕانیە نیشتەجێیە، خاوەن چەندان نمایشە بۆ خستنەڕووی جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی و دووبارە بە مۆدێلكردنەوەی جلوبەرگی هۆز و پێكهاتە جیاوازەكانی كورد. لە دیمانەیەكی تایبەتی "وشە"دا هەڵوەستە لەسەر ژیان و چالاكییەكانی دەكات.

 چۆن خۆت دەناسێنی و سەرەتای كاری دیزاینی جلوبەرگت بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
من سێرا ڕۆمانی دانیشتووی شاری ڕانیەم، هەر لە سەرەتای پێگەیشتنم حەز و ویستێكی زۆرم هەبوو كە ببم بە نمایشكار و وەك مۆدێلێكی ناسراوی كورد نمایشی جلوبەرگ بكەم.

بۆچی كاری دیزاین و نمایشی جلوبەرگی كوردیت هەڵبژارد؟
لەبەرئەوەی ئێمەی نەتەوەی كورد خاوەنی كولتوورێكی جیاوازین و خاوەنی جلوبەرگی تایبەتین، بۆیە بە پێویستم زانی بۆ ئەوەی ئەو جلوبەرگە تایبەتە موڵكی كوردە و شووناسی یەك نەتەوەیە، لە فەوتان بیپارێزین و سەرلەنوێ بەشێوازێكی هونەری زیندووی بكەمەوە. 
 
ستاف و گرووپێكی تایبەتت هەیە بۆ نمایشی جلوبەرگەكانت، تا ئێستە چەند چالاكیی كوردیتان پێشكەش كردووە و شانبەشانی كوڕانی گرووپەكەت؟
وەك گرووپ سێ نمایشمان هەبووە و بەردەوام دەبین لە داهاتوودا، كچەكان ڕۆڵێكی زۆرباشیان هەبووە وەك نمایشكار و دڵسۆزی كارەكەیان، هەرچەندە چەندان گرفت و بەربەست هاتووەتە ڕێیان، بەڵام كۆڵیان نەداوە و بەدوای خەونەكانیانن.

تا چەند هەوڵ دەدەی لە چوارچێوەی جلوبەرگی كولتووری و ڕەسەنی كوردی بمێنیتەوە و نەچیتە ناو بازنەی تێكەڵكردنی جلی مۆدە و مۆدیل و سەردەمییانە؟ 
ئەمە دوو شتی جیاوازە لە یەكتر، جلی كولتووری كە پێوەستە بەهەر بەشە جیۆگرافیایەكی هەر شارێكی كورد، لەهەر چوار پارچەی كوردستان بەنیازم بە دیزاینی سەردەم بەشێوازی هونەری جوانكاری بۆ جلی كوردی دیزاین بكەم بۆ داهاتوو، لە هەمانكاتدا بەچەندان شێواز جلوبەرگم هەبێت. 

بەنیازیت نمایشەكانت ببەیتە وڵاتانی دەرەوە؟ 
بەڵێ لام گرنگە نمایشەكانم ببەمە دەرەوەی كوردستان و بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا تا ئاشنابن بەداونەریتی كوردی و بزانن هەر پۆشاكێك پێوەستە بەچەند سەردەمێك و خاوەنی مێژووی دوور و درێژین، جوانیی هونەری جلی كوردی ببینرێت كە گەلی كورد خاوەنی شارستانیی و فەرهەنگێكی دەوڵەمەندە.

جیاوازیی بەرهەم و نمایشەكانت چییە لە خاتوونە دیزاینەرانی تری كورد؟ 
هەمووان كار لەسەر جلی كوردی دەكەین و هەمووان جلی كوردی نمایش دەكەین بۆ ڕێكلامی قوماش بێت یا فرۆشی ئەو جلانەی كە دیزاینی دەكەن، بەڵام من بەدەر لە ستایلی نوێی جلی كوردی، سەرنجم خستووەتە سەر ئەو پۆشاكانەی لە سەردەمانی كۆن لەبەر كراون و لەم سەردەمە گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە و فەوتاون كە لە دنیای مۆدەدا بەردەوام ڕۆژانە گۆڕانگاری دەبینین . 

ئێستە خاتوونە دیزاینەری كوردمان زۆرە، ئایا توانیویانە هونەرییانە كارەكانیان بكەن؟
بەدڵنیایییەوە سەركەتوون، چونكە هونەری دیزاین دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆحی ئەو كەسەی حەز و ویست و خولیایەتی، جیاوازی نییە ئەو كەسە پیاوە یا خاتوونە.

تا چەند هەوڵ دەدەیت بەرهەمەكانت جیاوازتر دەربكەوێت و بەدڵی جەماوەر بێت؟
لەبەرئەوەی كاری جلوبەرگ دەركەوتن و نمایشكردنە بۆ ئەوەی هەڵەیەك روو نەدات، كاتی پێویستم بۆ تەرخان كردووە و ڕۆژانە لەگەڵ هەموو ستافەكەم گفتوگۆ دەكەم بۆ پڕۆڤەكردن و كارامەكردنیان لەسەر ستەیچ، هەروەها بەردەوامم لە لێكۆڵینەوەكانم بەپێی ئەوەی ڕۆژانە چەند دەرفەت و كاتم دەبێت .

ڕێژەی فرۆشی دیزاینەكانت چەندە لە كاتێكدا نمایشی تایبەتیان بۆ دەكەیت و پێشوازیی جەماوەر چۆنە بۆ كارەكانت؟ 
ئەوە لە داهاتوودا دەردەكەوێت بۆ دیزاینی سەردەم.

تۆ كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گەورە بوویت و ژیانێكی سادەت هەبووە، لە كوێ فێری دیزاین بوویت و یەكەم دیزاینت بۆ كێ كردووە؟
هەر كەسێك لە ژیانیدا ئاواتێكی هەیە و خەونی لا دروست دەبێت كە ئەمەش یەكێك بووە لە حەزەكانم، بەتایبەت كە لە ناوچەیەك گەورە بووم بەردەوام وای لێ دەكردی زیاتر پەرە بە ئامانجەكانت بدەیت، یەكەم دیزاینم بۆ خۆم كردووە و لە زۆربەی بۆنەكان كاری خۆمم دەپۆشی. 

خاوەن چ بڕوانامەیەكن؟ پێت وایە بوونی بڕوانامە لە بواری دیزاین مەرجی سەرەكییە؟ 
ئەندازیاریی بیناسازیم خوێندووە و بڕوانامەی دروومانم هەیە لە ئێران، بۆ خاوەن بڕوانامە پێم وا نییە، چونكە دەكەوێتە سەر بەهرە و هونەری ئەو كەسەی كە پەرەی پێ دەدات. 

لەسەر چ بنەمایەك نمایشكارانی كوڕ و كچ هەڵدەبژێریت بۆ نمایشكردن؟ 
بۆ كاری نمایش كە كاری دەرخستنە، پێویستە هەر نمایشكارێك بەتایبەت نمایشكارە كوڕەكان لەڕووی جەستەو باڵا لەژێر چوارچێوەی دیاریكراو بن بۆ بوون بە نمایشكار، لێرەدا جەستە و بەرزی باڵای نمایشكار زۆر گرنگە كە سیما و رووخسار زۆر بایەخی نییە، لەگەڵ چۆنیەتیی نمایشكردن، بۆ خاتوونە نمایشكارەكان هەوڵم داوە لە تەمەنی 16 ساڵی هەڵیانبژێرم.

بەشێك لە دیزاینەران جلوبەرگەكانیان نمایش دەكەن بە بەژن و باڵا و جەستەی خاتوونانی بیانی، تا چەند گرنگە جلە كوردییەكان بە بۆن و ڕەنگ و سیما و ڕووخساری كوردییانە نمایش بكرێن؟ 
هۆی تایبەت بەخۆمان هەیە بەتایبەت لە كوردستان، لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا زۆر ڕێگری  بۆ كچ دێتە پێش كە نەتوانن لە هەر بوارێكدا ئیش بكەن و بەدوای حەز و خەونەكانیاندا بڕۆن، ناچار نەبوونی خاتوون لەو بوارەدا وا دەكات پەنا بۆ نمایشكاری بیانی ببەیت و ڕەنگە ئەمە هۆی سەرەكی بێت، بەڵام بۆ نمایشكردنی جلی كوردی ئەوەندەی نمایشكاری كورد دەتوانێ سیمای كوردێك دەربخات، نمایشكارە بیانییەكە ناتوانێ وەك پێویست بەشانازییەوە جلی كوردی لەبەر بكات و نمایشی بكات، كوردەكە وەك ئەركی خۆی بۆ گەلەكەی و دواتر بۆ لایەنی دارایی بیر لە ئیشەكە دەكاتەوە، بەڵام بیانییەكە تەنیا لە ڕووی داراییەوە لەگەڵ ئیشەكەدایە.

حەز دەكەیت لە داهاتوودا بەشداریی فیلمێكی كوردی بكەیت؟
زۆر بیرم لێ نەكردووەتەوە، بەڵام بەشداریكردنم لە فیلمێكی كوردی پێ خۆشە، چونكە دەبێتە ئەزموونێكی تازە لە ژیانمدا.

خۆت بەدوور دەگریت لە دیزاینكردنی جلی نیمچەڕووت بۆ خاتوونان یان ئاساییە؟ 
دیزاین بەمانای تازەگەری و دروستكردن و شیكردنەوەی هونەری نوێ دێت جا بەهەر ستایل یا شێوازێكی جوانی هونەری بێت، پێم وایە بۆ دیزاینی سەردەم پێویستی بەهیچ یاسایەك نییە و جلی كوردی بەدەر نابێ لە نیمچەڕووتی.

وشە/ شاخەوان شێخانی


















وشە - تایبه‌ت