ئێل جی مۆبایلی V30 دەخاتە بازاڕ

:: PM:02:17:13/07/2017 ‌

كۆمپانیای ئێل جی كۆریای باشوور لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئاشكرای كرد، ڕۆژی 31 ئاب/ئۆگستسی ئەمساڵ مۆبایلە نوێكەی بەناوی V30 دەخاتە بازاڕەكانەوە.

ئێل جی هیچ وردەكارییەكی لەسەر تایبەتمەندییەكانی ئەو مۆبایلە نوێیە ئاشكرا نەكرد و تەنیا ئاماژەی بەوە دا كە دەیانەوێ تەواوی تایبەتمەندییەكانی مۆبایلەكە لە ڕۆژی ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوەی ئاشكرا بكەن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە كۆمپانیاكەوە دزەیان كردووە، ئەو مۆبایلە لە نەوەی نوێی مۆبایلە زیرەكەكان دەبێ و پرۆسیسەری سناپدراگۆن 835ی هەیە و لە ڕووی شێوەیشەوە هاوشێوەی مۆبایلی جی6ی ئێل جییە، كە شاشەیەكی گەورە و كوالێتی بەرزی هەیە.

ئێل جی یەكێكە لە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی دنیا و لە بواری تەكنەلۆجیا و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان پانتایییەكی گەورەی لە بازاڕەی تەكنەلۆجیا و ئەلیكترۆنیات داگیر كردووە و بەردەوامیشە لە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ئامێرەكانی.

بەگوێرەی زانیارییەكان، لەمساڵدا ژمارەیەكی زۆری مۆبایلە زیرەكەكان بە تایبەتمەندی زۆر نوێتر و جیاوازترەوە دەخرێنە بازاڕەكان و ئارەزوومەندان و هەوادارانی مۆبایلە زیرەكەكانیش بەردەوام سەرنجی خۆیان و ویستەكانیان لە خستنەڕووی ڤێرژنی نوێی مۆبایلەكان دەردەبڕن و چاوەڕێی مۆبایلی ناوازەتر و پڕ تایبەتمەندی تر دەكەن.




وشە - باز ئه‌حمه‌د