لە هەولێر حكوومەتێكی شاراوە دروست كراوە

:: PM:04:09:15/07/2017 ‌

 


بەپێی رێنوێنی شارەوانی، شۆستە و شەقام موڵكی گشتین و دووكاندار بۆی نییە داگیریان بكەن، لەبەرئەوەی شوێنی هاتوچۆكردنی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلن، بەڵام لە هەندێك شوێنی هەولێر نەك هەر شۆستە نەماوە، بگرە دووكانداران وەك موڵكی تایبەتی خۆیان شۆستە و شەقامەكانیشیان بە كرێ داوە بە كاسبكاران. بەڕێوەبەری شارەوانیی هەولێر دووپاتی دەكاتەوە كە "ئاگاداری ئەو پێشێلكارییە نین و بەدواداچوونی بۆ دەكەن". 

لە شەقامەكانی ئیسكان و بەردەم قەیسەری هەولێر لە سەنتەری شار و كۆمەڵێك شوێنی تری ناو پایتەخت، دووكانداران نەك شۆستەی بەردەم دووكانەكەیان، بەڵكو شەقامیشیان بەكرێ داوە بە دەستگێڕ و هەندێكیان كرێی مانگانەیان دەگاتە 500 دۆلار. ئەمەی لە هەولێر دەگوزەرێ، لە هیچ كوێی دنیا رووی نەداوە و هیچ رێكخستن و چاودێرییەك بەو شارەوە دیار نییە، تەنانەت شوێنێك نەماوە لەو بازاڕانەدا پیاسەیەكی تیادا بكرێ.

شەقامی ئیسكان یەك لەو شەقامە قەرەباڵخانەی هەولێرە، شەوان بەهۆی ناڕێكی عارەبانە و مێزی كاسبكاران و هاتنی كورسیی چایخانەكان بۆ ناوە شەقام كە دیار نییە چەند سایدن، هاتوچۆكردن تیایدا ئەستەمە. جیا لە شەقام، دووكانداران بەشێوەیەك شۆستەكانیان تەنیوە، جێگەیەك بۆ هاتوچۆكردنی رێبواران نەماوە، لە بەردەم زۆربەی دووكانەكان مێزێك دانراوە و لەسەریدا مۆبایل یان سەعات و چاویلكە و.. دێتە فرۆشتن و هەندێكیشیان شەربەتی فرێش دروست دەكەن، هەمووان لە دووكانەكەی بەرامبەریانەوە وایەرێكیان بۆ رووناككردنەوەی جامخانەكە و بەكارخستنی ئامێرە كارەبایییەكانیان راكێشاوە.

كارزان و محەمەد دوو بەیەكەوە جامخانەیەكیان لەسەر شۆستەی ئیسكان داناوە و تیایدا سەعات دەفرۆشن، كارزان دەڵێ "بەیانیان لە مەیدانی تەڕەفرۆشتن كرێكاری دەكات"، بەڵام وەك ئاماژەی بۆ دەكات ئەو پارەیەی پەیدای دەكات بەشی كرێ خانوو و بژێوی خۆی و هاوسەر و دوو منداڵەكەی ناكات، بۆیە بە شەو لەگەڵ هاوبەشەكەی لە شەقامی ئیسكان سەعات و پێڵاو دەفرۆشن.

كارزان سەرەتا دوودڵ بوو لەوەی باس لە چۆنیەتیی وەرگرتنی ئەو دوو مەتر شۆستەیە بكات كە لە سۆپەرماركێتەكەی بەرامبەری وایەرێكی بۆ راكێشاوە، بەڵام دواتر بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە "ئەوان بۆ دانانی جامخانەكە لە بەردەم ئەو سۆپەرماركێتە، مانگانە 350 هەزار دینار وەك كرێ دەدەن بە خاوەن دووكانەكە". محەمەدی هاوبەشیشی لەسەر شەقامەكە پێڵاوی داناوە و 200 هەزار دینار كرێی شەقامەكە دەدەن بە خاوەنی سۆپەرماركێتەكە. 

كارزان دووپاتی دەكاتەوە، "لە خوارەوەی ئێمە كوردێكی رۆژئاوا دوو عارەبانەی بەیەكەوە لكاندووە و لەسەر شەقامەكە شەربەت دەفرۆشێت، دووكانەكەی بەرامبەری مانگانە 500 دۆلار كرێی لێ وەردەگرێت".

سەگڤان خاوەنی ئەو دوو عارەبانەیە و پشتڕاستی قسەكانی كارزان دەكاتەوە بۆ بڕی ئەو كرێیەی دەیدات بە خاوەن دووكانەكە، ئەوەش دەخاتە ڕوو كە "لە دوای ئەوەی شاری قامیشلۆمان بەجێ هێشت و هاتینە باشووری كوردستان، لە شەقامی ئیسكان دەستم كرد بە فرۆشتنی شەربەت، ئێستە ئەو سەرشەقامەم بە كرێ گرتووە و مانگانە 500 دۆلار دەدەم".

زیاتر روونی دەكاتەوە، شوێنەكەم باشە لە رێگەیەوە بژێوی خێزانەكەم كە حەوت كەسین دابین دەكەم، من نازانم رێنوێنی لێرە چۆنە، بەڵام ئەگەر حكوومەتیش بێت و خاوەنداری ئەو شەقامە بكات و بە وایەرێك كارەبام پێ بدات، كرێكە دەدەم بە حكوومەت، هەرچەند لە نێوان چەند مانگێكدا یەك شەو لیژنەی شارەوانی دێن و خاوەن دووكانەكە ئاگادارم دەكاتەوە كە ئەو شەوە نەچم بۆ سەر كارەكەم، رەنگە ئەگەر ببم بە كرێچی حكوومەت ئەو گرفتەشم نەمێنێ.

ئەو دیاردەیە تایبەت بە بازاڕی ئیسكان نییە، بەڵكو لە شەقامی "باتا" /تەنیشت قەڵا/ كۆمەڵێك عارەبانە دانراون هاوشێوەی بازاڕەكەی ئیسكان وایەرێكیان لە دووكانەكانی بەرامبەرەوە بۆ راكێشراوە. دڵدار یەك لەو كەسانەیە عارەبانەی داناوە و گۆرەوی و جلی ژێرەوەی پیاو و كۆمەڵێك پێداویستی وەك سپرای ریشتاشین و هەویری ددان شووشتن دەفرۆشێت. ئەو بۆ "وشە" روونی كردەوە كە لە بەرامبەر دانانی عارەبانەكەی، مانگانە 350 هەزار دینار وەك كرێ دەدات بە خاوەنی ئەو دووكانەی وایەرەكەی لێ راكێشاوە.

دڵدار سەرباری ئەوەی دەزانێت لەڕووی یاسایییەوە خاوەن دووكانەكە مافی ئەوەی نییە كرێی لێ وەربگرێت، بەڵام وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەدات، "سوپاسی خاوەن دووكانەكە دەكەم و بە مەمنوونییەوە كرێكەی پێ دەدەم، لەبەرئەوەی ئەگەر دەرم بكات، بە دەیان كەسی تر هەن بە كرێی زیاتر ئەو شوێنەی لێ وەربگرن و شارەوانی و حكوومەتیش هیچ هەڵوێستێكی بەرامبەر نابێت، وەك چۆن ئێستە من كرێی شۆستە و موڵكی گشتی دەدەم بەو دووكاندارە و كەسیش نییە لێپێچینەوە بكات".

لەو بەدواداچوونەی "وشە"دا روون نەبووەوە ئەم كرێ و بەرتیلدانە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی گەندەڵیدایە، بۆیە شارەوانی شار رێك ناخات یان هەر نەبوونی چاودێری و كەمتەرخەمیی بەرپرسانی شارەكەیە، بەڵام ئەوە روونە كە كەس بە كەس نییە و هەركەس خۆی حكوومەتە.

شارەوانی و قایمقامیەتی هەولێر لیژنەی تایبەتمەندیان بۆ چاودێریكردنی سەرشەقام و شوێنە گشتییەكان هەیە بۆ رێگەگرتن لەو سەرپێچییانەی بەرامبەر موڵكی گشتی دەكرێت، بەڵام لە سەرەتای دروستبوونی تەنگژەی ئابووری و هاتنی ئاوارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ كوردستان، داگیركردنی موڵكی گشتی بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كرد و لایەنە پێوەندیدارەكان تا ئێستەیش هیچ پلانێكی دیاریكراویان پێ نییە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە.

لە زۆربەی گەڕەك و شەقامە سەرەكییەكانی هەولێر، كۆمەڵێك كەپر لەسەر شۆستەكان دانراون میوە و سەوزەیان لێ دەفرۆشن كە هەندێكیان ئاوارەی عێراقی و كوردانی رۆژئاوان، لە دووسایدی فەرمانبەران كە بە دوو سایدی نوێی بنەسڵاوە ناسراوە، زیاتر لە 100 كەپر بە دیمەنێكی ناڕێك دیزاینی ئەو گەڕەكە نوێیەیان تێك داوە و ئێواران بە شێوەیەك ترافیك لەسەر شەقامە خزمەتگوزارییەكە دروست دەكەن كە ژیانی بۆ دانیشتوانی گەڕەكەكە نەهێشتووەتەوە.

ئاری غێدان كە ماستەر لە ئەندازیاری شارسازی لە بەریتانیا وەرگرتووە، بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، لە هەولێر تەنیا چەند شوێنێكی بچووك هەن بۆ پیاسەكردنی هاووڵاتییان گونجاو بن، شەقامی ئیسكان و ناوبازاڕ دوو لەو شوێنانەن، بەڵام بەهۆی ناڕێكی شۆستەكان و دروستكردنی قەرەباڵغی دووكانداران، هەم لەڕووی جوانكاری شارەوە سیمای پایتەختیان تێك داوە و ئەگەر كەسێك شارەزا نەبێت و بەسەر ئەو شۆستانەدا پیاسە بكات، بەهۆی بەرزی و نزمییانەوە دەكەوێ.

"لە وڵاتان شارەوانی مانگانە بودجەیەكی تایبەت تەرخان دەكات بۆ جوانكردنی سیمای شار و لەسەر بودجەی خۆی جوانكاری بۆ ئەو خانوو و باڵەخانانە دەكات كە دەكەونە سەر شەقامە سەرەكییەكان، نەخاسمە ئەو شارە پایتەختی وڵاتەكە بێت، كەچی لە هەولێر نەك ئەو مامەڵەیەی وەك پایتەخت لەگەڵ نەكراوە، بگرە شارەوانی هۆكارە بۆ ئەوەی لەژێر ناوی (هاوكاری و ئاسانكاری) سیمای ئەو شوێنانەی بە ملیۆنان دۆلاری تیادا خەرج كراوە، ناشیرین و ناشارستانی بكرێ". غێدان وای گوت.

نوور عەبدوڵا عەرەبی بەسڕەیە و لەناو یەك لە كەپرەكانی دووسایدی فەرمانبەران لەگەڵ برازاكەی میوە دەفرۆشن. وەك بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، مانگێك بەر لە ئێستە ئەو كەپرەی لە كوردێك كڕیوە بە هەزار و 300 دۆلاری ئەمەریكایی و كردوویەتی بە هی خۆی، لە كاتێكدا دووپاتی دەكاتەوە، "پێشتر لەناو كەپرێكی تر بووم و مانگانە 200 هەزار دینار كرێی بوو."

نوور زیاتر لە ساڵێكە لەناو ئەو كەپرانەدا میوە دەفرۆشێت و وەك خۆی دەڵێ، "لەڕێی ئەو كارەمەوە فێری زمانی كوردی بووم". هێمای بۆ ئەوەش كرد كە تا ئێستە زیاتر لە پێنج كەپری گۆڕیوە و سەرەتا كرێی كەپرەكان 100 هەزار دینار بوون، دواتر بەرز بوونەوە بۆ 200 هەزار.

بڕوا چۆمانی خاوەنی سۆپەرماركێتی سۆڤار لە فەرمانبەران بە"وشە" دەڵێ، شارەوانی بەناوی یارمەتیدانی خەڵك و رەچاوكردنی تەنگژەی دارایی، رێی بەوە دا ئەو كەپرانە بۆ ماوەیەكی كاتی دروست بكرێن و لە رێگەیەوە بژێوی ژیانیان پەیدا بكەن، بەڵام ئێستە بابەتەكە لەوە دەرچووە و زۆربەی ئەوانەی موستەحەقی ئەو كەپرانەن و كاری تێدا دەكەن، كرێچی كۆمەڵێك هەلپەرستن كە هیچ پێویستیان بەو شوێن و پارەیە نییە.

لە بەرامبەردا سامان محەمەد بەڕێوەبەری شارەوانیی هەولێر، بێ ئاگایی خۆی لەو دیاردانە دەربڕی و بۆ "وشە" رای گەیاند، لە رێی لیژنەكانمانەوە رێنوێنی بە سەرجەم دووكاندارانی پایتەخت دراوە كە ئەوان بۆیان نییە شۆستە كە موڵكی گشتییە داگیر بكەن، بەڵام لەبارەی شەقامی ئیسكان ئێمە تایبەتمەندی ئەو شەقامەمان رەچاو كردووە و هەندێك چاوپۆشیمان لەو بوارەوە لێ كردوون.

ئەو لێدوانە لە كاتێكدایە لە هیچ شوێنێكی هەولێر دووكاندار لە سنووری خۆیدا نییە و شۆستەكان كەرەستەی دووكانەكانیان لەسەر دانراوە كە ئەم دیاردەیە لە هیچ پایتەختێكی تر نابینرێ جگە لە هەولێر. لە وڵاتان دووكان ناچار كراوە جامخانەی هەبێت و ئەوە كۆتای سنوورەكەیەتی.

بەڕێوەبەری شارەوانی دووپاتی دەكاتەوە، لەبارەی بەكرێدانی ئەو شوێنە گشتییانە لەلایەن خاوەن دووكانەكان، ئێمە ئاگاداری بابەتێكی لەو شێوەیە نین و لە ڕێی لیژنە تایبەتمەندەكانمانەوە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو بابەتە دەكەین و لە ئەگەری هەبوونی دیاردەیەكی لەو شێوەیە، رێگری دەكەین و میكانیزمی تر بەرامبەریان دەگرینە بەر.



 













وشە - هیدایه‌ت جان