نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە


هەفتەی رابردوو نرخی نەوت تا ٤٦ دۆلار دابەزی، بەڵام لە كۆتای هەفتەبازاڕی بۆڕسە لە سەرووی ٤٩ دۆلار وەستا و ئەمەش بووە مایەی دڵخۆشی بەرهەمهێنەرانی نەوت.

هەڵبەت یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پێوەندی بە راپۆرتی كۆگەكانی ئەمەریكا هەبوو، راپۆرتەكە وای كرد چاودێرانی بازاڕ ئومێدیان لە گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت زیاتر بێت.

دامەزراوەی نەوتی ئەمەریكا كە بە api ناسراوە رای گەیاند، بڕی كۆگەی نەوتی ئەمەریكا هەشت ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە و ئەو بڕەش زۆر لەو بڕە زیاترە كە پێشتر پێشبینی كرابوو، داببەزێت.

لیكمەن ئێتۆنگا لێكۆڵەری بازاڕی نەوت پێی وایە، بەهۆی ئەو گومانەی لەسەر بەرزبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنان بەسەر بڕی خواست هەبوو، نرخی نەوت دابەزیبوو و ئێستەش كە خەریكە دۆخەكە پێچەوانە دەبێتەوە، نرخی نەوت بەرز بووەتەوە.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت لە سێ ساڵی رابردوودا بریتی بووە لە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەر ئەوەش وای كردووە نرخی نەوت لە سەرووی ١١٠ دۆلارەوە بۆ خوارووی ٣٠ دۆلار داببەزێت، دواتر بەهۆی هەوڵەكانی ئۆپێك بۆ دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت نرخی نەوتیش بەرز بووەوە.

لە لایەكی ترەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پشتیوانی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كردووە و گوتوویەتی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا لە ساڵی داهاتوودا كەمتر لەو ئاستە گەشە دەكات كە پێشتر پێشبینی كرابوو.

پێشبینییەكە بۆ ساڵی ٢٠١٨ بریتییە لە بەرهەمهێنانی نۆ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا و دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن رێكخراوی ئۆپێكیش، ئەو مەترسییەی هێنابووە كایەوە كۆمپانیاكانی بواری دەرهێنانی نەوتی لیتەیی ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرز بكەنەوە.

بە گویرەی dailyfx هەفتەی رابردوو نرخی نەوت تا ٤٦ دۆلار دابەزی، بەڵام ئێستە بە ٤٩ دۆلار و یەك سەنت دەفرۆشرێت و سێ دۆلار لە نرخەكەی هەڵكشاوە.

جگە لە دابەزینی بڕی نەوتی كۆگەكراوی ئەمەریكا، سعوودیە لە بەرنامەیدایە لە پێناو بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، ئاستی هەناردەی نەوتەكەی بەرەو ئەمەریكا كەم بكاتەوە. بەگوێرەی رۆیتەرز، لە ماوەی مانگێكدا سعوودیە رۆژانە ٩٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بە ئەمەریكا فرۆشتووە و ئەمەش بە كەمترین ئاستی هەناردەی سعوودیە لە وزەی نەوت بۆ ئەمەریكا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا سعوودیە لە بەرنامەیدایە ١٠٠ هەزار بەرمیلی تر لە ئاستی هەناردەی رۆژانە بەرەو ئەمەریكا كەم بكاتەوە. كەمبوونەوەی نەوت لە كۆگەكانی ئەمەریكا راستەوخۆ كاریگەریی دەخاتە سەر نرخی نەوت و بەرزی دەكاتەوە و هەر لەبەر ئەوەشە سعوودیە دەیەوێت ئاستی هەناردەی نەوتەكەی بەرەو ئەمەریكا كەم بكاتەوە.

لە دوای كەنەدا، سعوودیە بە گەورەترین هەناردەكەری نەوت بۆ ئەمەریكا هەژمار دەكرێت و لە ساڵی ٢٠١٦دا رۆژانە ملیۆنێك و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بۆ رەوانە كردووە.

لە كاتێكدا هەناردەی نەوتی سعوودیە دابەزیوە، هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ماوەی پێنج ساڵی رابردووی،  لە لایەكی ترەوە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیا و نایجیریاش هێندەی تر رۆڵی نەرێنییان هەبووە لە نرخی نەوت.

بڕیارە لە ٢٤ی ئەم مانگە وەزیرانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێك لە رووسیا كۆ ببنەوە و سەرجەم بژاردەكان بهێننە سەر مێزی گفتوگۆ و تاوتوێی بكەن و بڕیاری كۆتای لەبارەوە دەربكەن.

ئەوان ساڵی رابردوو بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار بەرمیلیان دا و لە ٢٥ی ئایاری ئەمساڵیش رێككەوتنەكەیان بۆ ماوەی نۆ مانگی تر درێژ كردبووەوە. رووسیا و چەند وڵاتێكی تریش نزیكەی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان دابەزاندبوو كە بەیەكەوە دەگەیشتە ملیۆنێك و ٨٠٠ هەزار بەرمیل و هەموو ئەو هەوڵانەش توانی نرخی نەوت بەرەو سەرووی ٥٠ دۆلار بەرز بكاتەوە.

لێكۆڵەرەوانی بازاڕی نەوتیش پێیان وایە، دەبێت وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بڕێكی كەمتر نەوت بخەنە بازاڕ و پێش بەوە بگرن چیتر بازاڕ بەم شێوەیە تووشی بەرزبوونی خستنەڕوو بەرامبەر خواست بێت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە قازانجی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە و ئەوان لە سێ ساڵی رابردوودا بە هۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت، تووشی كورتهێنانی بودجە هاتوون. هەرێمی كوردستانیش یەكێك بووە لە زیانمەندانی دابەزینی نرخی نەوت، چونكە دوو ساڵە بڕیاری داوە خۆی نەوتەكەی بفرۆشێت و وڵاتەكەی بەڕێوە بەرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نرخی نەوت نزم بووە، داهاتەكەی بەشی پێداویستییەكانی كوردستانی نەكردووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەمێكە هیچ زانیارییەكی لەسەر هەناردەی نەوت بڵاو نەكردووەتەوە و ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، ئەوا بە بەرزبوونەوەی هەر دۆلارێك لە نرخی نەوت، مانگانە داهاتەكەی ١٨ ملیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە.









 



وشە - سلێمان تاشان


PM:04:59:15/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 1190 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌