بەرشەلۆنە داوایەكی میسی قبووڵ دەكات

:: AM:11:02:17/07/2017 ‌

بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داوایەكی ئەستێرەی یانەكەیان لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی قبووڵ كرد كە داوای كردبوو ئیڤان راكیتیچی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی كڕواتی و تیپەكەیان نەخەنە بازاڕی فرۆشتنی یاریزانانەوە.

میسی راستەوخۆ لەگەڵ دەستەی كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە قسەی كردبوو سەبارەت بەو دەنگۆیانەكەی كە بەم دواییە سەبارەت بە فرۆشتنی راكیتیچ یانیش بە گۆڕینەوەی لەگەڵ ماركۆ ڤیراتی ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بڵاو كرابوونەوە.

میسی داوای لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كردبوو بیر لە فرۆشتنی راكیتیچ نەكەنەوە كە یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی و هەروەها لەنێو یاریگەش تێگەیشتنێكی تەواو لەنێوانیاندا هەیە.

بۆ ئەم مەبەستەش بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە دڵنییان دایە میسی كە راكیتیچ وەرزی داهاتوو لەگەڵیان بەردەوام دەبێت و بە هیچ یانەیەكی تر نایفرۆشن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م