رۆدریگیز: هەرگیز زوڵمەكانی زێدان لەبیر ناكەم

:: AM:11:29:17/07/2017 ‌

خامیس رۆدریگیزی ئەستێرەی كۆڵۆمبی دوای پەیوەندیكردن بە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، رایگەیاند كە هەرگیز جارێكی تر ناگەڕێتەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و زوڵمەكانی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسیس لەبیر ناكات.

خامیس چەند رۆژێك پێش ئێستا بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی 2 وەرز پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشنەوە كرد لەگەڵ هەلی كڕینی بەشێوەی یەكجاری دوای ئەو دووساڵە.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە كە خامیس بە هاوڕێكانی لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی گوتووە پەشیمانە وەرزی رابردوو یانەی ریال مەدریدی جێ نەهێشتووە دوای ئەو زوڵمە گەورانەی بەرامبەری كراون.

خامیس هەروەها خوازیاربووە گواستنەوەی بۆ یانەی بایرن میونشن بەشێوەی یەكجاری بووایە نەك بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی دوو وەرز.

جەختیشی كردووەتەوە كە هەریگیز ئەو ناحەقییانە لەبیر ناكات كە زێدانی راهێنەر بەرامبەریدا ئەنجامی داون و ماوەیەكی زۆر ناچاری كردووە لەسەر كورسی یەدەگ دانیشێ.

لە كۆتاییدا خامیس هیوای خواستووە وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەی بایرن میونشن ئاستێكی ناوازە پێشكەش بكات و سەركەوتنی گەورە بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی یانەی ریال مەدرید لە فرۆشتنی پەشیمان ببێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م