كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم كۆ ده‌بنه‌وه‌؟

:: PM:04:14:17/07/2017 ‌
ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان راى گه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رابردوو ته‌نیا بڕیارى ئه‌وه‌ درا كه‌ شاندێكى هه‌رێمى كوردستان بچێته‌ برۆكسل و دواتر جارێكى تر كۆ ببینه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ واده‌ى كۆبوونه‌وه‌ى تر دیار نییه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م 17ى ته‌مووز، سادق جه‌بارى نوێنه‌رى حزبى سۆسیالیستى دیموكراتى كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌"وشه‌"ى راگه‌یاند، تا ئێسته‌ هیچ واده‌یه‌ك دیارى نه‌كراوه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان و واده‌ى هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دیار نییه‌.

زیاتر گوتى، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رابردوو ته‌نیا بڕیارى ئه‌وه‌ درا كه‌ شاندێكى هه‌رێمى كوردستان بچێته‌ برۆكسل و دواتر جارێكى تر كۆ ببینه‌وه‌.

جه‌بارى روونى كرده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان چه‌ند كۆمیته‌یه‌كى لاوه‌كى پێك بهێنرێت و چه‌ند كارێكى تر بچێته‌ پێشه‌وه‌.

دوایین كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى باڵا ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان، رۆژى هه‌شتى ته‌مووز به‌ڕێوه‌ چوو، دواتر شاندێكى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى برۆكسلى كرد و چه‌ندان دیدارى ئه‌نجام دا.

رۆژی حه‌وتی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2017 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، رۆژی 25ی ئه‌یلوول/سێپته‌مبه‌ری داهاتوویان وه‌ك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانه‌وه‌ یان جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق" دیاری كرد.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم