حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیی دابەشکردنی رێکوپێکی مووچەی مانگانەی، نەبردووەتەسەر و ئەم مانگە 11 رۆژ دوایخستووە. لە سەرەتای ساڵی ساڵی 2016 کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری پاشەکەوتکردنی مووچەی دا، بەڵێنی ئەوەشی دا هەموو مانگێک لە کاتێکی دیاریکراودا مووچەی فەرمانبەران دابەش بکرێت.
لە ساڵی 2016 دا هیچ مانگێک حکوومەت لە کاتی خۆیدا مووچەی دابەش نەکرد و هەموو مانگێک لە دابەشکردنەکە دواکەوت. لە ساڵی 2017 چەند مانگێک بوو حکوومەت بەڵێنییەکەی جێبەجێ کردبوو و تەنانەت بەر لە رۆژی دیاریکراو مووچەی دابەش دەکرد. بەڵام ئەم مانگە دووبارە هەمان رەوتی دواخستنی دابەشکردنی مووچە دەستی پێکردووەتەوە.
حکوومەت هیچ هۆکارێکی بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکردووە و دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەش لە کاتێکدایە کە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی 50 دۆلار دەفرۆشرێت. "وشە" چەند جارێک پێوەدنی بە سەفین دزەیی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
لە بەرواری شەشی حوزهیرانی 2017، مووچهی مانگی نیسانی ساڵی 2017 ی دیوانی وهزارهتی پێشمهرگه و لیواكان دابهش كرا و رۆژی 23ی حوزهیرانی 2017، كۆتایی به دابهشكردنی مووچهی مانگی نیسان هێندرا.
ئەم مانگەش لەمڕۆ دووشەمە 17ی تەمووز دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و دیار نییە کەی کۆتایی دێت ئەگەر دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە 11 رۆژ دواکەوتبێت ئەوا پێشبینی دەکرێت وەزارەتەکانی تریش مووچەیان11 رۆژ دوابکەوێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ویستی بە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران کارێک بکات هەموو فەرمانبەرێک سەری مانگ بڕە پارەیەک لە گیرفانی خۆیدا ببینێت، بەو ئامانجەی بە کەم و کورتیش بێت ژیانی هاووڵاتیان هەڵسووڕێت
بەر لە تەنگژەی دارایی هەر وەزارەتە و لە رۆژێکی دیاریکراودا مووچەکەی وەردەگرت بەڵام دواتر بەهۆی گەمارۆ داراییەکانی بەغدا، سیستەمی پێدانی مووچە شێوێندرا و هیچ فەرمانبەرێک نەیدەزانی لە چ رۆژێکدا مووچە وەردەگرێت. دواتر دابەزینی نرخی نەوت هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆز کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە 700 ملیۆن دۆلار هەبوو، بەڵام داهاتی حکوومەت بەشی ئەو مووچەیەی نەکرد و بڕیاردرا مووچەی فەرمانبەران و پلەبالاکان بە رێژەی 15 تا 70% کەم بکرێتەوە.
سیستەمی نوێی مووچە بۆ ئەوە بوو لە لایەک داهاتەکە بە یەکسانی دابەش بکات و لە لایەکی تر 30 رۆژ جارێک دابەش بکرێت.
بڕیارەکە لە سێی شوباتی ساڵی 2016 دەرکرا و بەگوێرەی بڕیارەکە پیادهكردنی سیستەمی پاشهكهوتكردن هەموو مووچەخۆران دەگرێتەوە جگە له پێشمهرگه و ئاسایش و هێزهكانی زێرهڤانی و فهرماندهیی ئاماده. ئهو رێژهیهی كه پاشهكهوت دهكرێت وهكو مافێكی مووچهخۆر به قهرز لهسهر وهزارهتی دارایی و ئابووری تۆمار دهكرێت لهگهڵ رێژهی تهواوی ئهو مووچه و دهرماڵانهی مانگهكانی کۆتایی ساڵی 2015 كه له حیسابێكی تایبهت به ناوی پاشهكهوتی مووچهخۆرانی ههرێمی كوردستان تۆمار دهكرێت و له بهرواری 1/1/2016هوه جێبهجێ دهكرێت.
بڕیارەکەی حکوومەت لای زۆرێک لە فەرمانبەران نارەزایەتی لێکەوتەوە، بەشێک لە فەرمانبەران بە کەمکردنەوە رازی نەبوون، بەشێکی تر داوایان کرد هاوشێوەی پێشمەرگە و ئاسایش لە سیستەمەکەدا هەڵاواردرێن، بەشێکی تریش گوتیان رێژەی کەمکردنەوەکە زۆرە و با دەستکاری سیستەمەکە بکرێت. ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە نە داواکارییەکان جێبەجێ کران و نە حکوومەتیش توانیویەتی سیستەمەکەی جێبەجێ بکات.
یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی وای لە حکوومەت کرد هانا بۆ خستنەڕووی سیستەمێکی لەو شێوەیە بەرێت بریتی بوو لە دابەزینی نرخی نەوت، چونکە هەرێمی کوردستان بە رۆژانە فرۆشتنی 600 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخێکی هەرزان نەیدەتوانی مووچەکەی پێ دابین بکات.
سەرەتای ساڵی 2016 نرخی نەوت ئەوەندە دابەزیبوو کە نەوتەکەی هەرێم لە بازاڕەکان بە 20 دۆلار دەفرۆشرا و خۆ ئەگەر رۆژانە 600 هەزار بەرمیلیشی ناردبا هێشتە بەو نرخە نەدەگەیشتە نیوەی مووچەی فەرمانبەران.
ئەو مووچەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەمە دەستی بە دابەشکردنی کردووە، مووچەی مانگی ئایاری ئەمساڵە، لە کاتێکدا بە گوێرەی سیستەمە کۆنەکە ئێستە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز کرابوو.
تاوەکوو ئێستە هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی هۆکاری ئەوەی ئاشکرا نەکردووە بۆچی ناتوانێت لە کاتی دیاریکراودا مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات.
کێشەی فەرمانبەران لەوەدایە نازانن لە چ رۆژێکدا مووچەکەیان پێ دەگات بۆ ئەوەی ژیانی مانگانەی خۆیان لەسەر ئەو بنەمایە رێک بخەن،. زۆرێک لە فەرمانبەران بەو هیوایەی هاوشێوەی مانگی رابردوو مووچەکەیان پێ بدرێت دەمێکە مووچەکەیان خەرج کردووە و بە تاسەوە چاوەڕوانی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بەڵکوو بەبەزەیی بێت و چیتر فەرمانبەران لە چاوەڕوانیدا نەهێڵێتەوە.