فرمێسک مستەفا بە سێ زمان رۆڵ دەبینێت

:: AM:11:32:18/07/2017 ‌

فرمێسك مستەفا خانمە هونەرمەند و شانۆكاری كورد، لە وڵاتی ئەڵمانیا بەشداری كارێكی نوێی شانۆیی دەكات بە دوو رۆڵ و سێ زمانی جیاواز و دەڵێ، لەو بەرهەمە شانۆییەدا رۆڵی دایك و مامۆستا و قوتابی و حیكایەت خوان دەبینم.

ئەمڕۆ سێشەمە فرمێسك مستەفا بە "وشە"ی راگەیاند، دوای بەشداریكردنم لە یەكەمین شانۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا كە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر سەكۆ نمایش دەكرێت بۆ ئەمساڵ وەك ئەكتەر بەشداری لەدووهەمین شانۆگەری ئەڵمانییە دەكەم بڕیارە هەفتەی داهاتوو نمایش بكرێت.

"بۆ تۆلگا هێندە ئاسان نەبوو" ناوی ئەو شانۆگەرییە نوێیەیە بەشداری تێدا دەكەم ، ئەو بەرهەمە شانۆگەرییەكی پەروەردەییە بۆ منداڵان و لە كتێبێكی پێداگۆگییەكەوە كە پزیشكێكی زمانناسە وەرگیراوە، واتە ئەو ڕاهێنەرانەی كاری گرفتی ئاخاوتن لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكەن كە گرفتیان هەیە لە هەناسە و ئاخاوتن و چۆنیەتی دەربڕینی پیتەكان، لەو پسپۆرییەی خۆیەوە ئەزمونی لەگەڵ ئەو منداڵانەدا هەیە كە دێنە ناو ئەڵمانیاوە و بەهۆی كێشەی زمانەوە دەترسن لە تێكەڵاوی بەتایبەت لە قوتابخانەكاندا ، بۆئەم مەبەستە چیرۆكێكی پەروەردەیی دەنوسێت و "ئێدید كۆربەر" ئامادەی دەكات بۆسەر شانۆ" فرمێسک مستەفا وای گوت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، چیرۆكەكەی بریتییە لە چوار كەسایسەتی ، تۆڵگا ئەو كوڕە قوتابییە كوردەی لە توركیاوە دێت و گرفتی تێكەڵبونی هەیە لەگەڵ قوتابییەكانی هاوڕێی ، پاتریتسیا، ئەەو كچە قوتابییە ئەڵمانییەی بەرگری لە تۆڵگا دەكات و دەیكاتە هاوڕێی خۆی، سێباستیان ئەو ئەكتەرەی ڕۆڵی حیكایەت خوانەكە دەبینێت ، گوڵشان خوشكی تۆڵگا و شترومفلە مامۆستای قوتابخانەیە.

لەو بەرهەمەدا فرمێسک ڕۆڵی گوڵشەن و سترومفلە دەبینێت ، لەڕۆڵی گوڵشەندا كەتەمەنی 12 ساڵانە بەتوركی و كوردی و ئەڵمانی فسە دەكات، بەڵام لە ڕۆڵی شترومفلە كە مامۆستای زمانە تەنیا بەزمانی ئەڵمانی دەور دەبینێت، ئەو شانۆیە بەرهەمی ماڵی تریبونەیە .

فرمێسک مستەفا ئاماژە بە رۆڵەکانی لەناو ئەو شانۆیەدا دەکات و دەڵێ، لەو بەرهەمە نوێیەدا چەندین ڕۆڵی جیاوازم هەیە وەك دایك و مامۆستا و قوتابی و حیكایەت خوان ، دایكەكە لەدەقەكەدا دایكی قوتابییەكە كەلەتوركیاوە دێت و ئێمەش كردمانە دایكێك كەكوردی باكورەو كورەكەی لەقوتابخانە بەتوركی قسە دەكات بەڵام لەماڵەوە بەكوردی ، بۆمن ئەزمونێكی زۆر جیاوازە چ لەڕووی سیستەمی كاركردن چ لەڕووی پڕۆفیشناڵیەتەوە .

دووپاتی دەکاتەوە، هیوادارم ڕۆژێك لەكوردستان بتوانرێت ئاڵوگۆڕی تواناكانی شانۆكاری كورد و ئەوروپا بكرێت ، نەك ئەوان نمایشەكانی خۆیان بهێنن ، بەڵكو دەرهێنەرەكانی ئەوان بهێنین و لەگەڵ شانۆكارەكانماندا كاری پێكەوەیی و درێژخایەن بكەین تاسودیان لێوەربگرین و ئەوانیش تواناكانی ئێمە ببینن .

لەو شانۆییە نوێیە فرمێسک بەزمانی كوردی كرمانجی و توركی و ئەڵمانی نواندن دەكات چیرۆكەكەی باس لەهاوڕێیەتی و بڕوا بەخۆبوون و پەروەردەیی كولتوری لەخێزانی حیاوازدا دەكات، تایبەت لە نێوان دوو ئەكتەری سەرەكی ناو دەقەكە كە كچ و كوڕێكی ئەڵمانی تەمەن نۆ ساڵەن.

ئەو خانمە ئەکتەرە ئاسکرای دەکات، لەو ماڵە شانۆییەدا بۆ یەكەمجارە كارێكی لەو شێوەیە بكرێ ، بۆیە دەرهێنەری شانۆگەرییەكە پێی گوتم، لەو سەردەمەدا بینەری شانۆكانم تەنها كسە بەتەمەنەكانە ، منداڵان و لاوان بەهۆی تەكنەلۆژیاوە نایەن بۆ بینینی ، بۆیە بەپێویستم زانی ڕێگا چارەیەك بۆ ئەو گرفتە بدۆزمەوە و كارێك بۆ هەموو جیلەكان بكەم و بێن بۆ بینینی .

خاتوونی هونەرمەند شۆخ، فرمێسک مستەفا لەدایکبووی شاری سلێمانییە و كۆلێژی هونەرە جوانەكانی تەواوكردووە ، تا ئێستە لە كوردستان و ئەوروپا بەشداری دەیان شانۆیی كردووە و یەكێكە لە ئەكتەەرە هەرە سەرکەوتووەکانی کوردستان .

هەولێر / شاخەوان شێخانی



وشە - هیدایه‌ت جان