جوتیارانی سلێمانی متمانەیان نەماوە
سایلۆ بەتاڵە و گەنمەکانیان لە بازاڕ هەرزانفرۆش دەکەن

:: PM:04:18:18/07/2017 ‌

بەهۆی پێنەدانی پارەی ساڵی ڕابردوو گەنمی جوتیاران و كەمكردنەوەی بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و درەنگ وەرگرتنیان، جوتیارانی سلێمانی گەنمەكانیان ڕادەستی سایلۆ نەكردووە و سایلۆی سلێمانیش دەڵێت، تا ئێستا 44 هەزار تۆنمان وەرگرتووە و ڕۆژی دوو ئۆتۆمبێل گەنم وەردەگرین.

ئەمڕۆ سێ شەم 18ی تەمووز، ئەمین محەمەد بەڕێوەبەری سایلۆ و دانەوێلًەی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حكومەتی عێراق تا ئێستا پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵی 2014 و 2015 و 2016 دابەش نەكردووە و بڕێكی زۆر پارەی جوتیارانی هەرێمی لایە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەمساڵ حكومەتی بەغداد بڕیاریدا بەپێی لە %17 گەنمی جوتیاران وەرگرێت، كە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان 442 هەزار تۆن گەنم دیاری كراوە و لە كاتێكدا لە هەرێم زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنرێت، بۆ سلێمانی 115 هەزار تۆن دیاری كرابوو، ئەگەر جوتیارێك 10 تۆن گەنمی هەبوبێت تەنها یەک تۆنی لێ وەرگیراوە و واتە بۆ تەنێك 109 كیلۆ دیاری كراوە".

"جوتیاران هەموو پێشتر گەنمەكانیان فرۆشتووە لە بازاڕ و بە كەسانی بازرگان هەرچەند پارەكەی كەمتر بووە لەوەی كە بەغداد دایناوە، بەڵام جوتیار پێی باشتربووە لەوەی چەند ساڵێك چاوەڕێی وەرگرتنی پارە بكات، ئێستا جوتیارێكی كەم گەنمیان ڕادەستكردووە، ڕۆژانەش تەنها یەک ئۆتۆمبێل گەنم وەردەگرین و تا ئێستا 44 هەزار تۆن وەرگیراوە و لەو ڕێژەیەش كە دیاری كراوە زۆر كەمتر وەردەگرین" بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی وای گوت.

ئارام ئیبراهیم یەكێك لەو جوتیارانەی كە ئەمساڵ گەنمی چاندووە بۆ "وشە" گوتی، ئەوان چاوەڕێی ئەوەیان نەكرد كە سایلۆ بكرێتەوە و گەنم ڕادەستی سایلۆ بكەن، لەگەڵ ئەوەش چاوەڕێ بكەین تا هەركات بەغداد خۆی ویستی لەسەر بێت پارەی گەنم بدات، بەڵكو دوای پرۆسەی دروێنە دەستبەجێ گەنمەكانیان لە بازاڕ فرۆشتووە.

گوتیشی، هەرچەند بڕی ئەو پارەیە لە چاو پارەی سایلۆ كە بەغداد دیاری كردووە كەمترە، بەڵام وەرگرتنی پارەی ڕاستەوخۆ لە كاتی فرۆشتن باشترە لەوەی چاوەڕێ بكەی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان