ماوەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران درێژ كرایەوە

:: PM:05:46:18/07/2017 ‌

لەكاتێكدا ناوەڕاستی ئەم مانگە كۆتا رۆژی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بوو، ماوەكەی بۆ 10 رۆژی تر درێژ كرایەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ كەمكردنەوەی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی كوردستان.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، ماوە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران تا 25ی ئەم مانگە درێژ كرایەوە، ئەوەش دوای رێككەوتن و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق.

درێژكردنەوەی ماوەكە بۆ 10 رۆژی تر لەكاتێكدایە سێ رۆژ بەسەر كۆتا وادە تێپەڕیووە كە 15ی ئەم مانگە بوو، بەمەش جوتیاران دەتوانن سوود لەو ماوەیە وەربگرن بۆ گەیاندنی گەنمی خۆیان بە سایلۆكان.

لەكاتێكدا حكوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ پشكی كوردستانی لە وەرگرتنی گەنم بۆ كەمتر لە 30% دابەزاند و تا ئێستە 442 هەزار تۆن بەرهەمی جوتیارانی كوردستان، ئاستی بەرهەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی كردووە و جوتیارانی ناچار كردووە بەرهەمەكانیان بە نرخێكی كەمتر لەوەی حكوومەتی عێراق وەری دەگرێت، لە بازاڕەكان بیفرۆشێتەوە.

حكوومەتی عێراق زیاتر لە 600 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان هی ساڵانی (2014،2015،2016) قەرزارە و تا ئێستە هیچ بڕیارێك نەدراوە كەی پارەكە خەرج دەكەن.



وشە - فه‌رمان سادق