ڕۆژی 10ی ئه‌م مانگه مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به یاوه‌ری شاندێك كه له ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی باڵای ڕیفراندۆم پێكهاتبوون گه‌یشته برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و به‌رپرسانی باڵای وڵاتی به‌لجیكا گفتوگۆیان كرد و پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان خسته به‌رباس، یه‌كێك له وێنه‌كانی دیداره‌كانی بارزانی له میدیاكان به چڕی بڵاوكراوه‌ته‌وه و گفتوگۆی له‌سه‌ر دروست بووه.
كۆبوونه‌وه‌كانی بارزانی و شاندی یاوه‌ری 11ی مانگ له برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا ده‌ستیان پێ كرد و سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆ و به‌رپرسی و كۆچ و كۆچبه‌رانی وڵاتی به‌لجیكا كۆبوونه‌وه، ئه‌و وێنه‌یه‌ی بڵاوبووه‌ته‌وه له ساتی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی باڵای حكوومه‌تی به‌لجیكا گیراوه.
له وێنه‌كه ده‌ركه‌وتووه، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نه‌خشه‌یه‌كی باشووری كوردستانی له ده‌ستدایه و سنوور و نه‌خشه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا ڕوون ده‌كاته‌وه.
میدیاكان و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به چڕی ئه‌و وێنه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویانه ئیتر ترس و نائومێدی كورد نه‌ما، ئه‌وه‌تا شاندی كوردستان له پایته‌ختی یه‌كێتی ئه‌وروپا نه‌خشه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌خه‌نه ڕوو، كه جاران وڵاتان ئاماده‌نه‌بوون گوێیان له ناوی كوردستان بێ، به‌ڵام ئێسته ئاماده گوێ بگرن و سنوور و نه‌خشه‌ی خاكی كوردستانیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ شرۆڤه بكرێت.