هه‌ڵكشان و دووباره‌بوونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى كوشتن و خۆكوشتن له كوردستاندا، نیشانه‌ى پرسیارى له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت و رێكخراوه پێوه‌ندیداره‌كان دروست كردووه، هه‌ندێك له شاره‌زایان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه ستراتیجى رووبه‌ڕووبوونه‌وه نییه.
محه‌مه‌د گۆمه‌شینى گوته‌بێژى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆیى مافى مرۆڤى كوردستان، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، له حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ، 22 حاڵه‌تى كوشتن و خۆكوشتن له شاره‌كانى كوردستان به هۆى جیاواز، تۆمار كراون كه به كۆى گشتی له ماوه‌ى شه‌ش مانگى ئه‌مساڵدا سه‌رووى 100 حاڵه‌تى كوشتن تۆمار كراوه كه زۆربه‌یان كێشه‌ى كه‌سى و كۆمه‌ڵایه‌تى بوون.
گۆمه‌شینى روونى كرده‌وه كه چه‌ندان جار لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانیان له زۆربوونى چه‌ك له ماڵه‌كاندا ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه، ئه‌وان چه‌ك به هۆكارى كوشتن ده‌زانن، به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێ، "به‌داخه‌وه خه‌مى رژد له‌و رووه‌وه نه‌خوراوه، له‌كاتێكدا حاڵه‌ته‌كانى كوشتن ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى له كوردستان خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه".
ئارى ڕه‌فیق توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به ژنان له كوردستان، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند كه‌به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى تۆماریان كردووه،ئه‌مساڵ به‌راورد به ساڵى رابردوو كوشتن به‌ڕێژه‌ى 20% هه‌ڵكشاوه، به‌ڵام خۆكوشتن به‌رێژه‌ى 15% دابه‌زیوه.
ته‌نگژه‌ى دارایى وه‌ك شاره‌زایان ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، كاریگه‌ریی نه‌رێنى له‌سه‌ر ره‌وشى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست كردووه، ته‌نیا له ساڵى رابردوودا هه‌شت هه‌زار حاڵه‌تى جیابوونه‌وه له دادگاكان‌دا تۆمار كراوه و رێژه‌ى هاوسه‌رگیری له ساڵى 2016دا بۆ نیوه‌ى گرێبه‌سته‌كانى هاوسه‌رگیرى له 2011دا دابه‌زیوه.
ڕه‌فیق ده‌ڵێ، "ته‌واوى دامه‌زراوه پێوه‌ندیداره‌كانى كوردستان به ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌مته‌رخه‌م بوون له ئاست هه‌ڵكشانى ڕووداوه‌كانى كوشتن و توندوتیژى خێزانى به‌گشتى".
"لاوازى دامه‌زراوه یاسایییه‌كان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تاوانباران هۆكارێكى سه‌ره‌كى بووه له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى دیارده‌ى كوشتن، ئه‌مه وێڕاى هه‌بوونى چه‌ك له ده‌ستى خه‌ڵك كه ڕه‌واجى زیاترى به كوشتن داوه له كاتى ڕوودانى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و خێزانی‌دا"، به‌رپرسه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى واى گوت.
به‌هات حه‌سیب قه‌ره‌داغى مامۆستاى زانكۆ و شاره‌زا له بوارى ڕاگه‌یاندن و سۆشیال میدیا، بۆ "وشه"ى ئاماژه‌یدا، هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه ده‌كه‌وێته دۆخى جه‌نگه‌وه، ڕاسته‌وخۆ نێرینه‌كانى ده‌بنه چه‌كدار بۆ پارێزگاریكردن له خۆیان، ئێسته‌یش كوردستان له‌و دۆخه‌دایه‌و له زۆربه‌ى ماڵان چه‌ك هه‌یه و خه‌ڵكى بڕوایان به‌وه‌یه كه بوونى چه‌ك له‌م ڕۆژگاره‌دا پێویستییه، ئه‌مه خۆى هۆى سه‌ره‌كى زۆربوونى ڕووداوه‌كانى كوشتنه كه خه‌ڵكى به تووڕه‌بوون و كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ستى بۆ ده‌به‌ن، حكوومه‌ت و لایه‌نى پێوه‌ندیداریش بێده‌نگن له ئاستى ئه‌م پرسه مه‌ترسیداره بۆ سه‌ر بارى ته‌ناهیى كۆمه‌ڵایه‌تى له كوردستاندا.
قه‌ره‌داغى زیاتر ده‌ڵێ، "میدیا به گشتى و میدیاى حزبه‌كان به تایبه‌تى زۆر نابه‌رپرسانه كار ده‌كه‌ن و شه‌ڕیانه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كامیان زووتر هه‌واڵى كوشتن و ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه بۆ خه‌ڵك، بێ ڕه‌چاوكردنى میزاجى خه‌ڵك و ئیتیكى ڕۆژنامه‌وانى".
"كاتێك ڕۆژنامه‌نووسێك ده‌گیرێ، ده‌زگه‌كانى ڕاگه‌یاندن فه‌رته‌نه‌ى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن، كه‌چى كۆمه‌ڵگه و خه‌ڵك به گشتى وێران بێت و توندوتیژى و كوشتن زیاد بێت میدیاى كوردى خه‌م و باكى نییه"،قه‌ره‌داغى واى گوت.
وشه/هه‌ولێر-هێمن ره‌فیق