باوكی نیمار لەسەر چوونی كوڕەكەی بۆ پاریس سان جێرمان قسە دەکات

:: AM:10:51:19/07/2017 ‌

باوكی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لێدوانێكی سەبارەت بە دەنگۆی چوونی كوڕەكەی بۆ یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بڵاو كردەوە.

ماڵپەڕی(ESPN) ی ئیسپانی دوێنێ سێشەم بڵاوی كردەوە: یانەی پاریس سان جێرمان لەگەڵ نیمار رێككەوتووە و دواتریش بەفەرمی دەستەوارەیەكی زەبەلاحی پێشكەش بە یانەی بەرشەلۆنە كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو یاریزانە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە نیمار لەلای خۆیەوە لەسەر دەستەوارەكەی یانەی پاریس سان جێرمان رازی بووە كە خەرجكردنی تەواوی ئەو پارانەیە كە یانەی بەرشەلۆنە بۆ فرۆشتنی ئەو ئەستێرەیەی كردوویەتییە مەرج كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆیە.

لەمبارەیەوە باوكی نیمار لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی رایگەیاند: كوڕەكەم لە یانەی بەرشەلۆنە دڵخۆشە و بۆ وەرزی داهاتوو هەر لە ریزی ئەو یانەیەدا دەمێنێتەوە و ناچێتە هیچ یانەیەكی تر.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە باوكی نیمار لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە بە پەلە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە ئەنجامداوە و تەئكیدی كردووەتەوە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و قسەشیان لەگەڵ هیچ یانەیەكی تر نەكردووە.

باوكی نیمار هەروەها جەختی كردووەتەوە كوڕەكەی ئاواتەخوازە لەتەك میسی لە یاریكردن لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە بەردەوام بێت و ناچێتە یانەی پاریس سان جێرمان و هیچ یانەیەكی تر.

بەگوێرەی زانیارییەكان هۆكاری ئەوەی نیمار بیر لە جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە بكاتەوە بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی زێڕینە كە پێیوایە تا لەتەك لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یاریی بكات ناتوانێ ئەو خەڵاتە بباتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م