ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ئاشكرای كرد، پاراستنی گیانی مرۆڤ تا له مه‌ترسییه نه‌خوازراوه‌كانی مردن به نه‌خۆشی ڕزگاری بێت، پێویستی به 400 ملیار دۆلاره له ساڵێكدا، ئه‌مه‌ش واته ئه‌و خه‌رجییه‌ی ئێسته بۆ ئه‌و بواره دانراوه، ده‌بێت به ڕێژه‌یه‌ك زیاد بكرێت.
ئاماره‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی خه‌مڵاندنیان بۆ خه‌رجیی وڵاتان كردووه كه له كه‌رتی ته‌ندروستیدا ده‌یكه‌ن، به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی تا ساڵی 2030 كۆی گشتی ئه‌و پاره‌یه‌ی حكوومه‌ته‌كان بۆ هه‌ر تاكیكی خه‌رج ده‌كه‌ن، ساڵانه ده‌كاته 58 دۆلار به تێكڕای هه‌موو دنیا كه ده‌كاته 371 ملیار دۆلار.
ڕێكخراوه‌كه له ڕاپۆرتێكدا ڕوونی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌ر تاكێك ته‌رخان كراوه به ڕێژه‌یه‌ك كه زۆر نییه له‌چاو ئه‌و قازانجه ته‌ندروستییه‌ی هه‌یه‌تی زیاد بكرێت له ساڵانی نێوان ئێسته تا 2030، ڕێگر ده‌بێت له مردنی 97 ملیۆن كه‌س، واته ده‌بێته هۆی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی چینی مامناوه‌ند نزیكه‌ی هه‌شت ساڵ و چوار مانگ.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ئه‌م بڕه پاره‌یه بۆ چینی هه‌ژار، پێویسته زیاتر بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له وڵاتان توانای ته‌رخانكردنیان هه‌یه، به‌ڵام وڵاته هه‌ژاره‌كان پێویستییان به هاوكاری ڕێكخراو و وڵاتانی تره.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خشته‌یه‌كیان دروست كرد كه پێك هاتبوو له 17 ئامانج و 169 خاڵ، تێیدا هاتووه، ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی ئه‌م 15 ساڵه‌ی داهاتوودا پێڕه‌و بكرێت، ده‌كرێ ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی تاكه‌كان به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ره‌و باشبوون بڕوات.
ئه‌دهانۆم گبریاسۆس به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوه‌كه له‌مباره‌یه‌وه گوتی: ''پاراستنی ته‌ندروستیی هه‌ر تاكێك له ئه‌ستۆی حكوومه‌ته‌كانی وڵاته‌كانه نه‌ك ڕێكخراوه‌كان، بۆیه پێویسته له پێناو مانه‌وه‌یان بودجه‌ی پێویستیان بۆ ته‌رخان بكه‌ن''.