ریال مەدرید لە ئەگەری رۆیشتنی مۆراتا چ هێرشبەرێك دەباتە یانەكەیەوە؟

:: PM:12:10:19/07/2017 ‌

ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەری لاوی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تا ئێستا مانەوەی لە یزی یانەكەیدا بۆ وەرزی داهاتوو دیار نییە بەهۆی پێداگیری رۆیشتن و زۆری داواكارییەكانییەوە.

مۆراتا تا ئێستاش لەلایەن یانەكانی ئەی سی میلانی ئیتاڵی و چێڵسی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی داواكاری لەسەرە، بەڵام بەهۆی زۆری نرخەكەیەوە كە یانەی ریال مەدرید 90 ملیۆن یۆرۆی لەسەر داناوە، هیچ یانەیەك نەیتوانیوە بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بكات.

ئەگەر مۆراتا لەم هاوینەدا ریزی یانەی ریال مەدرید جێبێڵێ، بۆ وەرزی داهاتوو یانەكە چ هێرشبەرێك دێنێتە یانەكەیەوە، وەڵامی ئەم پرسیارە لەلایەن رۆژنامەی (ئاس)ی نزیك لە یانەی شاهانە وەڵام دراوەتەوە.

رۆژنامەكە بڵاوی كردەوە كە یانەی ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ هیچ هێرشبەرێكی نوێ ناكات تەنانەت ئەگەر مۆراتاش بفرۆشێ.

ئاماژەی بەوەشدا كە زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی پێیوایە یانەكەی پێویستی بە هیچ هێرشبەرێكی نوێ نییە و كەریم بەنزیما و كریستیانۆ رۆناڵدۆ و بۆرخا مایۆرالی هەیە، هەروەها چەند یاریزانێكی هێڵی ناوەڕاستی بەتوانای هەیە دەتوانن رۆلی هێرشبەریش ببینن لەوانە گاریس بێڵ، لوكاس ڤاسكێز، ماركۆ ئەسینسیۆ و ئیسكۆ.

سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەك بە كەمتر لە 90 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری مۆراتا نابن. رۆژنامەكە وای بڵاو كردەوە.

لە ئەگەری مانەوەی مۆراتاش لە ریزی یانەی ریال مەدرید، مایۆرالی هێرشبەری لاو بیر لە رۆیشتن دەكاتەوە بەتایبەت كە ماوەیەكە لەلایەن چەند یانەیەكی ئینگلیزییەوە داوا دەكرێ.

جێی باسە مۆراتا وەرزی رابردوو لە كۆی 43 یاریی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا 20 گۆڵی تۆمار كرد دوای ئەوەی لەسەرەتای وەرزدا لە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی گەڕایەوە یانەی شاهانە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م