پێنجوێن.. عەرەب سووكایەتی بە منداڵێكی كورد دەكەن

:: PM:12:12:19/07/2017 ‌

چەند عەرەبێكی ئاوارەی سنووری شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، سووكایەتی بە منداڵێكی كورد دەكەن و بە پەمپی بۆیە، تەواوی ڕووخساری بۆیە دەكەن، ئەمەش نیگەرانی خەڵكی لێ كەوتووەتەوە و داوا لە دەزگە تەناهییەكان دەكەن ڕێوشوێنی توند بەرامبەر بەو ئاوارانە بگرنەبەر.

لوقمان لەتیف بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهیدانی پێنجوێن بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ منداڵێكی كورد سەردانی نەخۆشخانەی كردووە و دەركەوت لەلایەن عەرەبە ئاوارەكانەوە لێی دراوە و بە پەمپی بۆیەش تەواوی دەموچاوی بۆیە كراوە، وەك سووكایەتی پێكردنێك، ئێمە داوامان كردووە لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە بكرێ و ڕێنوێنیی دایك و باوانی منداڵەكانیش دەكەین چاودێری منداڵەكانیان بكەن و ئاگایان لێیان بێت.

حاجی سدیق پێنجوێنی یەكێك لە هاووڵاتییانی پێنجوێن بە "وشە"ی گوت، ئێمە بەردەوام باوەشمان بۆ میوان و لێقەوماوان كردووەتەوە و هیچ كاتیش حاڵەتی لەو شێوەیە لە نێو خەڵكی شارەكەمان ڕووی نەداوە، ئەو عەرەبانەی ئاوارەی پێنجوێن بوون، مامەڵەی زۆر دۆستانەمان لەگەڵ كردوون و ناكرێ ئەوان بەو شێوەیە ڕەفتار بكەن و ڕێگەیان پێ بدرێت، ئەمە مانای ڕق بەرامبەر بە ئێمە لە كاتێكدا ئێمە ئەوانمان لە ناوچەكانی خۆمان جێ كردووەتەوە و ئەوانیش لێیان قەوماوە، پێویستە دەزگە تەناهییەكان بە توندی ڕێوشوێن بەرامبەر بەو كارانە بگرنەبەر.

پێنجوێن یەكێكە لە شارۆكە سنوورییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، دوای هاتنی داعش بۆ عێراق و گرتنی مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین، بەشێك لەو ئاوارە عەرەبانەی ڕوویان لە كوردستان كرد، چوونەتە ئەو شارۆكەیە و تا ئێستەش لێی ماونەتەوە.

پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنی.




وشە - باز ئه‌حمه‌د