پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەنی ١٢ بەنداوە و لە ماوەی ساڵی رابردوودا بڕی ئاوی گلدراوی بەنداوەكانی بە ریژەی ٩% دابەزیوە.
بەنداوەكان بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا، سامانی ماسی و كشتوكاڵ و ئاوی خواردنەوە سوودیان لێ وەردەگیرێت و كەمبوونەوەی بڕی ئاوی گلدراویان كاریگەریی خراپی بۆ سەر ژینگە و ئابووریی ناوچەكە هەیە.
خەسرۆ دانێشجوو بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگاكە ئاشكرای كرد، ورمێ خاوەنی ١٢ بەنداوە و نۆ لەو بەنداوانەش ئاوەكەیان دەڕژێتە دەریاچەی ورمێوە كە ماوەی چەند ساڵێكە تووشی كەمیی ئاو بووە و مەترسیی وشكبوونی لێ دەكرێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، رێژەی باران لە پارێزگاكە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٢٦% و بەراورد بە تێكڕای بارانی ساڵانە ٢٢% دابەزیوە.
ماوەی رابردووش بەڕێوەبەری ئاوی مەهاباد باسی لەوە كرد كە ئەمساڵ بە گشتی پێنج هەزار و ٢٠٠ مێگاوات كارەبا لە بەنداوی مەهاباد بەرهەم هاتووە. لە كاتێكدا ساڵی رابردوو ١١ هەزار و ٤٢٣ مێگاوات كارەبا بەرهەم هاتبوو.
ئەمساڵ لە مەهاباد ٢٣٢ ملم باران باری لە كاتێكدا ساڵی رابردوو ٤٠٨ ملم باران باریبوو و ئەوەش دەریدەخات بڕی باران بە ریژەی ٤٢% لەو شارە دابەزیوە.
ئێستە ١٢٩ ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی مەهاباد گل دراوەتەوە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو لەم كاتەدا ١٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل درابووەوە.