نهێنییەكانی خواردنی مۆز.. چی لە جەستە دەكات؟

:: PM:03:15:19/07/2017 ‌

مۆز یەكێكە لە میوە گرنگ و باوەكان و خەڵكێكی یەكجار زۆر لە سەرتاسەری دنیا گیرۆدەی ئەو میوە بە چێژە بوون و بەردەوام دەیخۆن، بەڵام ڕەنگە زۆربەتان نهێنی و ڕاستییە زانستییەكان لەبارەی مۆزەوە نەزانن، لە خوارەوە پێتان ئاشنا دەكەین.

میوەی مۆز سێ شەكری سەرەكی لە پێكهاتەكەی هەیە كە بریتین لە شەكرەكانی "سوكەرۆز، فرەكتۆز، گلوكۆز" كە تێكەڵە لەگەڵ ڕیشاڵی نێو مۆز، ئەو میوەیە كاریگەری زۆری لەسەر لەشی مرۆڤ هەیە، یەكێك لە گرنگترین كاریگەری و سوودەكانیشی بەخشینی وزەیە بە جەستە و مانەوەیە بە بەهێزی.
 
توێژینەوە زانستییەكان سەلماندوویانە كە خواردنی دوو مۆز لە رۆژێكدا، هێزت پێ دەدات بۆ كاركردن بە ئاستێكی زۆر باش تا ماوەی ٩٠ خولەك. لاتان سەیر نەبێ كە مۆز یەكێكە لە خواردنە سەرەكییەكانی وەرزشوانان، چونكە وزەیەكی باش بێ لێكەوت و كاریگەری خراپ بە جەستە دەبەخشێت.

جگەلەوانە مۆز زۆر گرنگی و سوودی تری هەیە، كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

یەكەم: خەمۆكی: بەگوێرەی توێژینەوەیەك كە كۆمەڵێك لە زانایان ئەنجامیان داوە لەسەر ئەو كەسانەی تووشی خەمۆكی بوون، زۆربەی هەرە زۆریان دوای ئەوەی مۆز خراوەتە نێو سیستەمی خۆراكیان، هەستیان بە باشییەكی تەواو و دووركەوتنەوە لە خەمۆكی كردووە، چونكە مۆز ڕێژەیەكی زۆری مادەی تریپتۆڤان لە خۆ دەگرێ و مرۆڤ ئارام دەكاتەوە و وا دەكات هەست بە شادی و خۆشی بكات.

دووەم: ئالوودەبوون بە خواردنی دەرمان: ئەمەش جۆرێك لە نەخۆشییە كە كەسانێك وا هەست دەكەن بەردەوام نەخۆشن و پێویستیان بە خواردنی حەب و دەرمان هەیە، بەڵام بە خواردنی مۆز لەو نەخۆشییە و دوودڵییە و كێشە دەروونییە دوور دەكەونەوە و جەستەیەكی بەهێز و متمانە بەخۆبووتان دەبێ.

سێیەم: كەمخوێنی: مۆز ڕێژەیەكی زۆری ئاسن لە پێكهاتەكەیدا هەیە و ئەمە وا دەكات لە گرفت و نەخۆشیی كەمخوێنی دوورتان بخاتەوە و بە تەواوی بەسەر ئەو كێشەیە زاڵ بن.

چوارەم: ئارامكردنەوە و نەمانی گرژی لە كۆئەندامی دەماردا، زۆرجار مرۆڤ بە هۆكاری جیاجیا بەردەوام لە حاڵەتی گرژی و هەستكردن بە بێتاقەتی و ئازار دەبێ، بەڵام بە خواردنی مۆز بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەكی زۆر ڤیتامین لە پێكهاتەكەیدا هەیە، دەمارەكان ئارام دەكات و كۆئەندامی دەمار چالاك دەكات.

سەرچاوە/ getholistichealth.
وەرگێڕانی: ڕۆزی عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د