زیانی تاوەرەكانی پێوەندیكردن لەسەر تەندروستی مرۆڤ لە كۆنفرانسێكدا خرایە بەرباس و بۆچوونی جیاواز هەبوون لەسەر بەشێكیان كە پێوەندی بە خراپ بەكارهێنانەوە هەیە، دەستەی ژینگەی هەرێمیش دەڵێ كە پڕۆژەیان هەیە بۆ نەهێشتنی تاوەرەكان و یەكخستنیان لە تاوەری گەورە و بەرزدا.
ئەمڕۆ چوارشەم 19ی تەمووز لە هوتێل رۆتانا لە شاری هەولێر، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بەهاوكاری دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان، سیمینارێكدا كاریگەرییەكانی تاوەرەكانی پێوەندی تەلەفۆنیان لەسەر تەندروستی و ژینگە خستە ڕوو.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق نوێترین توێژینەوەی ناوەندەكانی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی زیانەكانی تاوەری پێوەندیی دەخاتە ڕوو، دووپات لەوە دەكاتەوە كە دانانی تاوەرەكانی پێوەندی لەناو شار و شارۆكەكان هیچ مەترسییەكی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دروست ناكات.
بەڕێوەبەری گشتیی هۆشیاری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراقی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رای گەیاند، ئامانج لە سیمینارەكە هۆشیاكردنەوەی هاووڵاتییانە لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی مۆبایل، هەروەها ئاگادار كردنەوەیانە كە تاوەرەكانی تۆڕی مۆبایل زیانی بۆ سەر تەندروستی ئەوان نییە، ئەمەش بە پشتبەستن بە لێكۆڵینەوەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO).
لەبارەی پابەندبوونی كۆمپانیاكانی مۆبایل بە رێنوێنییەكانی وەزارەت، سەمیر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە دوای رزگاری عێراق لە 2003، جۆرێك لە ئاڵۆزی و بێ سەروبەری هەبوو لە دانانی تاوەرەكان و هێزی تۆڕەكان، بۆیە ئەوكات هەموو كۆمپانیاكان سەرپێچییان هەبووە، بەڵام ئێستە ئەوە رێكخراوە و هەر كۆمپانیایەكیش سەرپێچی بكات لە دانانی جۆری تاوەرەكە و ئەو هێزە رێپێدراوە بۆ تۆڕی مۆبایل ئەوا سزا دەدرێت، لەسەر ئەمە زۆرینەی كۆمپانیاكان سزا دراون.
شێروان لوقمان گوتەبێژی دەستەی ژینگە لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" باسی لەوە كرد كە هەر كۆمپانیایەك مەرج و رێنوێنییەكانی دەستەی ژینگەی جێبەجێ نەكردبێت، ئەوا سزایان داوە. ئەوەشی گوت، "زۆرینەی كۆمپانیاكان سزا دراون، چ ئەوانەی مۆبایل یان ئەوانەی ئینتەرنێت، هەندێك كۆمپانیاش هەیە هێشتا مۆڵەتی لە دەستەی ژینگە وەرنەگرتووە. هەر كەسێك سكاڵای لەسەر تاوەرەكان هەبوو بێت ئەوا پێیان لا دەبەین".
شێروان گوتی، "رێنوێنیمان پێ داون كە بەرزی تاوەرەكان دەبێت شەش مەتر لە هەموو بیناو خانووەكانی ئەو ناوچەیەی لێی دادەنرێ بەرزتر بێت، لەسەر ئەمە كۆمپانیا هەیە سزا دراوە و تاوەری پێ لا دراوە".
ئاشكرای كرد كە تاوتوێی ئەوە كرابوو لە هەولێر و ناوچەكانی تر چەند تاوەرێكی بەرز دابنرێن و تۆڕی هەمووی كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێتی لەسەر دابنرێت. گوتی "ئەمە لەیەك كاتدا تێچووی كۆمپانیاكان كەم دەكاتەوە لە دانانی تاوەر، هەروەها سیمای شاریش جوان دەكات كە ئێستە جۆرێك لە ناڕێكی پێوە دیارە و دیاردەیەكی ناشیرینە، بەڵام ئەو پڕۆژەیە بەهۆی تەنگژەی دارایی نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن".
لەبارەی زیانەكانیش بۆ سەر تەندروستی، شێروان باسی لەوە كرد بەپێی هەندێ توێژینەوە، دوای 20 ساڵ زیانەكانی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ دەردەكەوێت كە هێشتا دەركەوتنی مۆبایل تەمەنی نەگەیشتووەتە 20 ساڵ.
بەرپرسی هۆبەی مایكرۆوێف لە دەستەی پێوەندییەكانی عێراق ئامانجی سیمینارەكە ئاشكرا دەكات كە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان و دڵنیایی پێدانیانە كە دانانی تاوەرەكانی كۆمپانیاكانی پێوەندی هیچ زیانێكی تەندروستی بۆ سەر مرۆڤ نابێت.
سەعدی كازم بەرپرسی هۆیەی مایكرۆوێف لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەركی دەستەیە زانیاری لەسەر نوێترین توێژینەوەی ناوەندەكانی نێودەوڵەتی بدەین بە هاووڵاتییان كە هەموویان رەتی دەكەنەوە تاوەرەكانی تۆڕەكانی پێوەندی كۆمپانیاكان هیچ زیانێكی نابێت بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، بە تایبەت پرسی شێرپەنجە كە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی لەسەر هەبوو.
چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو سیمینارێكی تر لە شاری سلێمانی بۆ هەمان مەبەست ئەنجام بدرێت كە كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم سپۆنسەری بۆ دەكات.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، شەش رێنوێنیی بۆ هاووڵاتییان و كۆمپانیاكانی پێوەندی لەبارەی تۆڕی كۆمپانیاكانی پێوەندی لە شار و شارۆكەكان رادەگەیەنێت.
پێنج خاڵی یەكەمی رێنوێنییەكان پێوەندییان بەو تاوەرانەوە هەیە كە كۆمپانیاكان لە گەڕەك و ناوچەكانی ناو شار دایدەمەزرێنن، كە گرنگترینیان نابێت بەرزی تاوەرەكان لە 15مەتر كەمتر بێت، لەبارەی زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤیش لە خاڵی شەشەمدا هاتووە و دەڵێ، ئاستی زیان گەیاندن لە ئەنجامی تیشكی تاوەرەكانی كۆمپانیاكان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ لە دژوارترین باردا لە ئەنجامی زۆرترین دەرچوونی تیشكەوە، لە (0.4) ملی وات/سم2 زیاتر نابێت.
ئەندازیار خەلدوون رەعد بەرپرسی هۆبەی سەلامەتی و ژینگە لە كۆمپانیای زێن بۆ پێوەندییەكان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، دەمانەوێت بۆ هاووڵاتییان بسەلمێنین رەنگە تاوەرەكان زیانی تەندروستی بۆ سەر مرۆڤ هەبێت، بەڵام ئەگەر بەپێی رێنوێنی و ستانداردی جیهانی بێت، ئەوا زیانی نابێت.
هەروەها گوتی، هەوڵی زۆرمان داوە تا خۆمان بگونجێنین لەگەڵ رێنوێنییەكان، حكوومەت لەمەشدا خەرجی زۆرمان كردووە و چەندان تاوەرمان گواستووەتەوە.
زیاتر گوتی، ئێستە ناتوانین هیچ تاوەرێك دابمەزرێنین تا پێشوەختە مۆڵەت لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگە وەرنەگرین.
تۆفیق شێخانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم دەڵێ، ساڵانێكە بەدەست دانانی تاوەر لە ناوچە و گەڕەكەكان دەناڵێنین بەهۆی رێگریی هاووڵاتییان. ترسی هاووڵاتییان دەرئەنجامی بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتانەیە كە دەزگەكانی راگەیاندن لە رابردوودا بڵاویان كردەوە، بۆیە ئێستەش دەزگەكانی راگەیاندن رۆڵی زۆر كاریگەری دەبێت بۆ رەواندنەوەی ئەو ترسەی لای هاووڵاتییان دروست بووە.
رووناك تاهیر مامۆستا زانكۆی هەولێر پزیشكی بەشی بایۆفیزیك كە بەشداری كۆنفراسەكە بوو، باسی لەوە كرد كە هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت تاوەرەكانی تۆڕەكانی پێوەندی كاریگەری تەندروستی نییە.
رووناك كە لە كۆنفراسەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد لەسەر لێكەوتەكانی بەسەر تەندروستی مرۆڤ، لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا، زۆر بەكارهێنانی مۆبایل دووچاری بێتاقەتیت دەكات، هەروەها جەستەی مرۆڤ گەرم دەكات و ئەمەش لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر دەگۆڕێت، بۆیە باشتر وایە بڵندگۆ یان كێبڵی گوێگرتن بەكار بهێندرێت بۆ ئەوانەی مۆبایل زۆر بەكار دەهێنن. شێوازی بەكارهێنانی مۆبایل كاریگەری هەیە، بۆیە دەبێت وریا بین.
لەبارەی زیانی تاوەرەكانی مۆبایلیش گوتی، "دەبێت بەپێی ستانداردی جیهانی بێت، لە كوردستان و عێراق ئەوە پێڕەو نەكراوە، بۆ نموونە كاتی خۆی لە جێگەیەك تاوەریان داناوە، ئێستە هەمووی كراوە بە خانوو، بۆیە دەبێت لەناو ماڵان دوور بێت نەك وەك ئێستە لە هەندێك جێگە لەسەر بانی ماڵەكان دایانناوە".