بەغدا كار بۆ گەڕاندنەوەی پۆلیسە هاوكارەكانی داعش لە گوڵاڵە دەكات

:: PM:07:38:19/07/2017 ‌

بە پشتبەستن بە بەڵگە و سەرچاوەی فەرمی "وشە" ئەوە ئاشكرا دەكات كە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق كاری رژدی كردووە بۆ گەڕاندنەوەی پۆلیسەكانی هۆزی كەرەوی كە لە سەرووبەندی داگیركردنی ناوچەكەدا هاوكاری داعش بوون.

بە پێی ئەو نووسراو و بەڵگانەی لە ئەنجوومەنی شارەوانی گوڵاڵەوە دەست "وشە" كەوتووە لەم رۆژانەدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە نووسراوی فەرمی یەكە كارگێڕییەكانی شارەدێی گوڵاڵە و پۆلیسی ناوچەكە و بەرپرسانی دیالەی ئاگەدار كردووەتەوە كە دەبێ هەرچی زووە (120) پۆلیسی هۆزی كەرەوی بگەڕێنەوە بۆ گوڵاڵە.

لە نووسراوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە ئەو پۆلیسانە ماوەیەكی زۆر لە دەوامی خۆیان لە گوڵاڵە دابڕاون و لە شارۆكەی باقووبەی ناوەندی پارێزگای دیالە نیشتەجێ بوون.

ئەركان حەسەن كە هاووڵاتییەكی كوردی شارەدێی گوڵاڵەیە بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، ئەو پۆلیسانەی هۆزی كەرەوەی لە ساڵی 2014دا هاوكاری داعشیان كرد و دەستیان هەبووە لە شەهیدكردنی پێشمەرگە و هاووڵاتیاندا.
 
بەشیر عەبدوڵا ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی شارەدێی گوڵاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، بە "وشە"ی راگەیاند، رێگە بە هاوكارەكانی داعش نادرێت و هەر كەسێك سكاڵای لەسەر بێ رێگەی گەڕانەوە پێ نادرێت.

دووپاتی كردەوە كە هۆزی كەرەوەی و ئەو پۆلیسانە هاوكاری داعش بوون و دەبێ لە دۆسییەكانیان لێكۆڵینەوەی ورد بكرێ.

"وشە" پێوەندی بە عەقید رەباح مەهدی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی گوڵاڵە و سەعدیە كرد كە لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە دیاری كراوە، ناوبراو بوونی هەوڵی لەو جۆرەی پشت راست كردەوە و رای گەیاند كە كاتێكی دیاریكراو نییە بۆ دەستبەكاربوونیان، بەڵام فەرمانی گەڕانەوەیان هاتووەتەوە. 

لەبارەی پێوەستبوونی ئەو چەكدارانە بە رێكخراوی داعشەوە لە سەرووبەندی داگیركردنی ناوچەكەدا، عەقید رەباح باسی لەوە كرد كە پێش دەست بەكاربوونیان بەدواداچوون دەكرێت لەگەڵیاندا و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێ.

ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی گوڵاڵە ئەوەیان خستە روو كە كەرەوییەكان وەك هۆزێكی سوننەی هاوكاری داعش گەڕەكەكەیان كە ناوی تەجنیدە، رووخاوە لە گەڕانەوەشیاندا مەترسی بۆسەر ژیانی هاووڵاتییانی كورد دروست دەكەن.

لە مانگی پاش ناوڕاستی مانگی 8ی ساڵی 2014، بۆ ماوەی 100 رۆژ شارەدێی گوڵاڵە كەوتە دەست چەكدارانی داعش و تا رۆژی 23 / 11ی ئەوساڵە ناوچەكە رزگاركرا هۆزی كەرەوەی لەگەڵ داعش بوون. 

گەرمیان/ سەبری هۆرینی











وشە - مه‌حموود ئیسماعیل