ئەڵمانیا هۆكاری گیانلەدەستدانی كەیهان ئەنوەری ئاشكرا كرد

:: PM:08:11:19/07/2017 ‌

دوای هەفتەیەك لە دۆزینەوەی تەرمی دەرهێنەر و سینەماكاری لاوی كورد كەیهان ئەنوەر لە ئەڵمانیا و دۆزینەوەی تەرمەكەی لە ماڵەكەی خۆیدا، پۆلیسی ئەو وڵاتە دوای شیكردنەوەی هۆكاری گیانلەدەستدانی راگەیاند و بڕیارە ئەمشەو تەرمەكەی بگاتەوە كوردستان.

سۆران ئیبراهیم دەرهێنەر و سینەماكار هاوڕێی نزیكی ئەو دەرهێنەرە ئەمڕۆ چوارشەم لەبارەی هۆكاری گیانلەدەستدانی كەیهانی بۆ "وشە" گوتی، دوای ئەوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر تەرمی هاوڕێ و هاوپیشەم دەرهێنەر و سینەماكاری لاوی كورد كەیهان ئەنوەر لە شاری هامبۆرگ لە ئەڵمانیا دوای چەند ڕۆژێك لە مڕدنی لە ماڵەكەی خۆیدا لەلایەن تیمەكانی پۆلیس و تەندروستی تەرمەكەی دۆزرایەوە، ئێستە تەرمەكەی شیكاری بۆ كراوە و هۆكاری مڕدنەكەی ڕاگەیەنراوە.

زیاتر گوتی، دوای شیكاریی تەندروستی پۆلیسی ئەڵمانی رای گەیاند كە ناوبراو كوژراوە، بەڵام نازانین بۆچی كوژراوە و هێشتە بەردەوامین لە لێكۆلینەوە و كەس نەگیراوە بە تاوانی كوشتنی.

ئەمە و بڕیارە ئەمشەو چوارشەم لەسەر پێنجشەم تەرمی سینەماكاری ناوبراو بگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و سبەی پێنجشەم لە هەورامان بەخاك بسپێردرێت.

كەیهان ساڵی 2015 ڕوی كردە ئەوروپا و لە ئەڵمانیا لە شاری هامبۆرگ نیشتەجێ بوو و سەرقاڵی كاری هونەری بوو، باس لەوە دەكەن كە هەڕەشەی كوشتنی لێ كراوە، بۆیە كورددستانی جێ هێشتووە و ئەوەش وا نییە و لەگەڵ من هات بۆ فێستیڤاڵی فیلم لە ئەوروپا و لەوێ مایەوە و نەهاتەوە و بەهیچ شێوەیەك كێشەی لەگەڵ كەسدا نەبووە، ئیبراهیم وای گوت . 

كەیهان تەمەنی 26 ساڵ بوو و لە هەورامان لەدایك بووە، لەكاری هونەری خۆیدا جگە لەوەی وەك دەرهێنەر خاوەن چەند كورتە فیلمێكە، لەگەڵ زۆرینەی دەرهێنەرانی تری كورد وەك یاریدەدەر و ستافی فیلم و پشت كامێرا كاری كردووە وەك من و بەهمەنی قوبادی و بەتین قوبادی و نەجات مەولوودی و تۆفیق ئەمانی، لە ماوە سێ ساڵی ڕابردووشدا توانی لە ڕێگەی دروستكردنی هەردوو كورتە فیلمی ئەنیمەیشن بە ناوەكانی "ئۆكۆردیۆن" و "ئاوازی شەو" بەشدارییەكی بەرچاو لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و جیهانییەكاندا بكات و چەندین خەڵات بەدەست بێنێت.
 
هەولێر/شاخەوان شێخانی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل