دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ لەلایەن هێزە هاوبەشەكانی عێراق كە لە 10ی ئەم مانگە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتە راگەیاند، وێنەی سێ سەربازی عێراق بە هاوەڵی ئافرەتێك بڵاو كرایەوە كە دیمەنی كارەساتباری بە رووخسارییەوە دیار بوو، سەرەتا گومان لە كەسایەتی ئەو ئافرەتە هەبوو و گوترا كە ئەو كچێكی ئێزدییە لەوانەی داعش پێشتر رفاندوویانە، بەڵام دواتر دەركەوت كە ئەو ئەڵمانییە و خێزانی چەكدارێكی داعشە.
ئەو ئافرەتە ئەڵمانییە ناوی لیندا فینزلە و لە 2016 دوای هەڵاتنی لە خێزانەكەی لە ئەڵمانیا رووی لە ئیستەنبووڵ كردووە و دواتر لە رێگەی سووریاوە لە تشرینی یەكەمی رابردوو هاتووەتە مووسڵ.
لیندا لە خێزانێكی كریستیانی پرۆستانس لە ئەڵمانیا لەسایەی دایك و زڕباوكییەوە گەورە بووە، ئەو كەسێكی دوورەدین بووە، بەڵام چەند مانگێك بەر لە هەڵاتنی لە بەهاری 2016 ئەو بەدایكی گوتووە كە گرنگی بە ئاینی ئیسلام دەدات و هاوڕێكانیشی باسی ئەوەیان كردووە كە ئەو بوووەتە موسڵمان و فێری زمانی عەرەبیش بووە و پۆشاكی ئیسلامی پۆشتووە.
هاوكات لێكۆڵینەوەكان تا ئەو ساتەش باسی ئەوە دەكەن و بە پێی پۆلیسی ئەڵمانیا كە ئەو ئافرەتە لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە كەوتووەتە داوی خۆشەویستی گەنجێكی موسڵمانەوە و ئەو راوی كردووە بەوەی بچێتە لای لە سووریا و ئەویش چووە.
ئێستەش دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ لەلایەن هێزە هاوبەشەكانی عێراق، ئەو ئافرەتە بەهاوەڵی 20 ئافرەتی تری بیانی لە توونێلێكدا دۆزراونەتەوە كە ئەوان لەناو تۆز و خۆڵەوە بوون و دۆخی دەروونیان زۆر ماندوو بوو، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی زۆریش لەبارەی ئەو ئافرەتەوە، دەركەوت كە ئەو بەرەگەز ئەڵمانییە و چەكدارانی داعش ئەو و هاوڕێكانیان جێ هێشتووە.
جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 دەستی پێ كرد و دوای نۆ مانگ جەنگی سەخت، لە 10ی ئەم مانگەدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئازادكردنەوەی تەواوی مووسڵی لە داعش راگەیاند، ئەگەرچی هێشتە شارەكە بە تەواوەتی لە پاشماوەی داعش پاك نەكراوەتەوە.