حەشدی شەعبی دەبێتە سەرئێشە بۆ مووسڵی دوای داعش

:: PM:11:31:19/07/2017 ‌

دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ لە جەنگێكی نۆ مانگی و سەختدا، قسە و باس لەسەر دوارۆژی ئەو شارە دەكرێت كە دیمەنەكانی لەوە دەچن كە جەنگێكی جیهانی تیادا رووی دابێت و وێرانی ژێرخانی شارەكە گەیشتووەتە 80%، بۆیە بەرپرسانی مووسڵ لە سایەی بوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی وەك هێزێكی نامۆ بەو پارێزگا سوننەنشینە گەشبینین نین.
  
قاسم شەشۆ فەرماندەی فەرماندەیی شنگال لەو بارەوە بە "ئەنادۆڵۆ" دەڵێ، چەكدارانی حەشدی شەعبی هێزی خۆیان لە سنووری شارۆكەی شنگال زیاتر دەكەن و ئامانجیان لەوەش داگیركردنی شنگال و دروستكردنی هیلالێكی شیعەیە كە ئێران چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەكات. 

زیاتر گوتی، ئیرادەی گەلی شنگال ئەوەیە كە حەشدی شەعبی و پەكەكە لە شنگالدا نەمێننن و تا دۆخەكە ئاسایی بێتەوە و ئاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەروەها رێكخراوەكان بتوانن شارۆكە وێرانبووەكە جارێكی تر ئاوەدان بكەنەوە.

شەشۆ ئاماژە دەكات كە ئەو گرووپە نادەستوورییانەی سنووری شارۆچكەی شنگال بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبیشەوە كەلوپەل و سەروەت و سامانە بەجێماوەكانی هاووڵاتییانی سنووری شارۆچكەی شنگال، خانەسۆر و تەلەعفەریان بۆخۆیان كردووەتە سەرچاوەی دارایی و هاوشێوەی تیرۆریستانی داعش بەسەر خۆیاندا دابەشیان كردووە.

لای خۆیەوە عەبدولحال عەباس قایمقامی شارۆكەی تەلەعفەر رای گەیاند، رێككەوتن لە نێوان عێراق و ئەمەریكا و توركیا كراوە بەوەی حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی تەلەعفەردا بەشداریان پێ نەكرێ و تەنیا لە ئازادكردنەوەی گوندەكانی بەشدار بن، ئەوەش بۆ دروست نەبوونی كێشەی تایفییە لە ناوچەكە و رێگرتن لە تۆڵەسەندنەوە لە پێكهاتەكانی شارۆكەكە.

عەباس ئاماژەی بەوە دا كە بۆیە نامانەوێ حەشدی شەعبی لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی سەنتەری شارۆكەی تەلەعفەر بەشدار بێ، تا تۆڵەسەندنەوە دروست نەبێت، جگە لەمەش تا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پاڵپشتیی سوپای عێراق بكەن، چونكە ئەگەر حەشدی شەعبی بەشدار بێ، هاوپەیمانان بەشدارییان لە كردەوەگەلەكەدا نابێت.

لای خۆیەوە ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی مووسڵ و فەرماندەی ''پاسەوانی نەینەوا''، رای گەیاند كە لە سەنتەری شاری مووسڵدا شەڕ كۆتایی هاتووە و هۆشداری ئەوەی دا كە رەنگە شەڕ و پێكدادان لە چوار ناوچەی پارێزگای نەینەوا سەر هەڵ بداتەوە.

نوجێفی رای گەیاند كە هیچ پلانێكی سەربازیی یان مەدەنی لە ئارادا نییە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی مووسڵ لە دوای داعش و جەختی لەوەش كردەوە كە هیچ بەرنامەیەك بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی مووسڵ دانەنراوە.

نوجێفی رای گەیاند كە بەڕای من ئەگەری هەیە لە هەر ئان و ساتێكدا پێكدادان لە هەر چوارلای شارەكە سەر هەڵ بداتەوە و لە ئێستەوە لە باشووری مووسڵ پێكدادان روو دەدات، لە شنگال لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و پەكەكەدا بەریەككەوتن هەیە.

نوجێفی ئاماژە بەوە دەكات كە بە هۆی گرژیە سیاسییەكانەوە لە نێوان لایەنەكانی شیعە كە دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، دوای ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش، لەو ناوچانە لە نێوان لایەنەكانی شیعەدا كێشمەكێشمی زۆر دەبێت كە جیاواز لە بەغدا بیر دەكەنەوە. 

شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا بۆ "وشە" رای گەیاند كە بۆ قۆناغی دوای داعش پێشبینی دروستبوونی جەنگ لە نێوان پێكهاتەی سوننە خۆیان كە هەندێكیان سەر بە حەشدی شەعبین و هەشیانە سەر بە هیچ لایەنێكی فەرمی یان سیاسی نین دەكەین، هەروەها دوای ئازادكردنەوەی تەلەعفەر و موحەلەبییەش چاوەڕوانی دروستبوونی كێشەی گەورە دەكەین، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی حەشدی شەعبی لەناو مووسڵ و لە دەورووبەریشییەوە، بۆیە جەنگەكە زیاتر تایفی و لەسەر ناسنامە و مەهەب و ئاین دەبێ.

زیاتر گوتی، بۆ داهاتوو پێشبینی ناكۆكی لە نێوان سیاسەتوانانی نەینەوا و پێكهاتە جیاجیاكان دەكەین لەوانە لە نێوان سوننەكان كە هۆكارەكەشی شیعەیە كە سەیری رووبەڕووبوونەوەی سونە لەگەڵ یەكتر دەكەن، ئێستە ئێران لە رێگەی كۆنگرە و كۆبوونەوەكانەوە هەوڵ دەدات سوود لە سوننە وەربگرێت، بۆیە سوننە ئەوانە رەت دەكەنەوە كە هەر ئەوان بوون كە پێشتر لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن دەهۆڵیان دەكوتی، ئێستەش ئەو رۆڵە دەبینن، بۆیە پێشبینی كێشەی نێوان سوننە دەكەین و هۆكارەكەشی سیاسەتوانانە.
 
ئاماژەی كرد، ئەو نووسینگانەی حەشدی شەعبی كە لە مووسڵ كراونەتەوە ئێرانین و لەلایەن نووری مالیكییەوە پاڵپشتی دەكرێن و مانەوەشیان دۆخی شارەكە دەخەنە مەترسییەوە، دووپاتی كردەوە كە پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی هاوتایە لەگەڵ ئەوەی داعش و زیاتریشە، رێكخراوەكانیش ئەو پێشێلكارییانەیان تۆمار كردووە، بۆیە ئەگەر حەشدی شەعبی لە شارەكە نەچوونە دەرەوە ئەوە دۆخەكە زۆر خراپتر دەبێ لەوەی ئێستە.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل