كۆمیسیۆن بۆ فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:26:20/07/2017 ‌

ئەمڕۆ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە، بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و گفتوگۆكردن لەسەر فەرمانەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی تەمووز، سلێمان مستەفا جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆمیسیۆن كۆبوونەوەی خۆی دەكات بۆ وەڵامدانەوەی فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی ئەو ئاگەدارییەی بۆ "وشە" هاتووە، ئەمڕۆ كۆمیسیۆن كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدات بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان.

ڕۆژی چوارشەم 19ی تەمووز، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی ژمارە 128ی واژوو كردووە كە تایبەتە بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.

 بەپێی بڕیارەكە، رۆژی ١/١١/٢٠١٧ دیاری كراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.

دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان 25 ئەیلوول ڕاپرسی دەكات بۆ جیابوونەوە یان مانەوە لە عێراق.



وشە - رامیار جەواد