ئەمەریكا پشتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەردەدات

:: AM:10:10:20/07/2017 ‌

ئەمەریكا دەیەوێت پشتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەربدات و زیاتر هاوكاری ئەو هێزانە بكات كە لە دژایەتیكردنی تیرۆر رۆڵی بەرچاویان هەیە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری داوە كۆتا بەو بەرنامە هاوكارییە بێنێت كە دەزگەی هەواڵگری ئەمەریكی سی ئای ئەی پێشكەش بە بەشێك لە گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای دەكرد.

رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی كردەوە، ئەو هەنگاوەی ترەمپ بۆ ئەوەیە ئەمەریكا بۆ چارەسەركردنی پرسی سووریا، لە رووسیا نزیكتر بكەوێتەوە.

رووسیا بە گرنگترین پاڵپشتیكاری حكوومەتی سووریا هەژمار دەكرێت و لەگەڵ ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا رێگەیان نەداوە رژێمی بەشار ئەسەد بڕووخێت.

بەرنامە هاوكارییەكەی سی ئای ئەی لە ساڵی ٢٠١٣ و لە سەردەمی سەرۆكایەتیی ئۆباما بۆ گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستی پێ كرد، هەرچەندە ئەنجامێكی ئەرێنی نەبوو.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، بڕیارەكەی ترەمپ پێش ئەوە دراوە چاوی بە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا بكەوێت، ئەوان حەوتی ئەم مانگە لە میانەی كۆبوونەوەی گرووپی ٢٠ لە هامبورگی ئەڵمانیا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە باشووری رۆژئاوای سووریا رێك كەوتن و ئەو دیدارەش بە یەكەم دیداری ترەمپ و پوتین هەژمار دەكرێت.

بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا بە رۆیتەرزی گوتووە، ترەمپ هیچ ئیمتیازێكی بە رووسیا نەداوە لەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵكو تەنیا ویستوویەتی پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ رووسیا بەهێزتر بكات.

ترەمپ پێش ئەوەی دەسەڵات وەربگرێت، گوتبووی سەرجەم یارمەتییەكان بۆ سوپای ئازاد رادەگرێت و یارمەتی ئەو گرووپانە دەدات دژی تیرۆر دەجەنگن.

گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كۆمەڵێك گرووپی جیاوازن كە سەرەتا لە ژێر ناوی سوپای ئازاد ویستیان بەشار ئەسەد لەناو بەرن، بەڵام دواتر تووشی لێكترازان و ناكۆكی هاتن و تواناكانیان پەرش و بڵاو بوو و تەنانەت بەشێك لەو چەكانەی ئەمەریكا پێی دەدان، هەر لە رێی ئەو گرووپانەوە كەوتی دەستی قاعیدە و هەندێك گرووپی توندڕەو كە ئەمەریكا دژایەتییان دەكات.







وشە - سلێمان تاشان