پزیشكێكی هەڵەبجە دوای 15 خولەك دڵی منداڵێك دەبووژێنێتەوە

:: AM:10:10:20/07/2017 ‌
پزیشكێكی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە، چیرۆكێكی ویژدانهەژێنەر و ڕووداوێكی ڕاستەقینە كە خۆی لە نێویاندا بووە بڵاو دەكاتەوە و چیرۆكەكەش لە ناوچەكە بە تەواوی دەنگی داوەتەوە، هەمووان ستایشی هەڵوێستی ئەو پزیشكە دەكەن بۆ گێڕانەوەی ژیانی منداڵێك هەموو ڕێگەكانی گرتووەتە بەر، ئەمەش لە كاتێكدا بووە پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكە بەهۆی كێشەی مووچەوە زۆرێكیان مانیان گرتووە.

ئەو پزیشكە ناوی "د. هۆشیار موراد"ە خەڵكی شاری هەڵەبجەیە و لە كیمیابارانی ئەو شارە لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە ساڵی 1988 سەرجەم ئەندامانی ماڵباتەكەی شەهید بوون. ئەو نووسیویەتی، ئەو ڕووداوەم قەت بیر ناچێت، یەكەم پارووم خوارد دووەمم گرت تا ئێستەش نەمخواردووە، ڕۆژی چوارشەم بوو لە فریاكەوتنی هەڵەبجە یەكسەر كارمەندێك گوتی دكتۆر ڕاكە ئۆتۆمبێلێك زۆر خێرا هات، كە چووم ژنێكی شێواو بوو هەموو جلەكانی تەڕ و قوڕاویی بوون بە پێی پەتی منداڵێك بە باوەشیەوە بەرەو ژوری پێشوازیی نەخۆشخانە ڕای دەكرد و دەی قیژاند و تا دەیتوانی هاواری دەكرد دكتۆر گیان كوڕەكەم مرد.

پزیشكەكە دەیگێڕێتەوە و دەڵێ، ئەو ڕۆژانە زیاتر خۆم وەك قارەمانێك دەهاتە پێش چاو كە شمشێرەكەم هەندێ كەس بریندار دەكات، بەڵام دەتوانێ شارێك ڕزگار بكات، نزیكەی 25 شەو نەمهێشت فریاكەوتنی هەڵەبجە دابخرێت، بە بەردەوامی و بێ وەستان دەوامم كرد بەبێ ئەوەی هیچ شەوێك تا بەیانی خولەكێك بخەوم، چونكە پزیشكەكانی تر سەرجەمیان زیاتر لە مانگێكە لەسەر مافی ڕەوای خۆیان مانیان گرتووە، ئەمەش لە كاتێكدایە هەموو شەو و ڕۆژێك فریاكەوتنی هەڵەبجە پێویستی بە دوو یان سێ پزیشك هەیە، نازانم بەرامبەر چی بە تەنیا ئەوەم كرد گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هیچ پزیشكێكی ئەم دەڤەرە بە هیچ بەرامبەرێك ئامادە نەبوو تەنیا یەك شەو تا بەیانی لە نەخۆشخانەی فریاكەوتن بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی كە بەسەرم نەسەپێنرابوو و ئەرك نەبوو لەسەر شانمان، بەڵام چەند كەسێكیش دەهاتن و هاوكارییان دەكرد كە پزیشك و كارمەندی نەخۆشخانە بوون، لە شەو و ڕۆژێكدا شەش سەعات دەرفەتیان پێ دەدام تا پشوو بدەم و بخەوم، دواتر بگەڕێمەوە بۆ نەخۆشخانە.

د. هۆشیار موراد هێمای بۆ ئەوەش كردووە كە دوای گەیشتنی بە خێرایی چوومە لای منداڵەكه،‌ تەنیا جەستەیەكی زەرد هەڵگەڕاوی بێ گیانم بینی لەوانەی كە دەیبینی و بە بەرخۆتەوە دەڵێی هەر پار مردووە نەك ئەمساڵ، بە خێرای دەستم دا لە سنگی جەستەیەكی سارد، سارد وەك ئەوەی لە حەوزی سەهۆڵ دەریان هێنابێ قەترە قەترە ئاو لەسەر سنگ و ڕوومەتییەوە دەهاتە خوارەوە، منداڵێكی ناسك و تا بڵێی جوان نزیكەی حەوت ساڵ دەبوو، سەماعەی پزیشكیم خستە سەر دڵی هیچم نەبیست، سەیری چاوم كرد بیلبیلەكانی كرابوونەوە هیچ جووڵەیەكی نەبوو، لە چاوترووكانێكدا ئەمانەم كرد و گوتم ئامێری (D.C) یەكەم بدەنێ، كاتی خستمە سەر سنگی تەنانەت یەك لێدانی دڵم نەدەبینی، ئەمانەم دەكرد و پرسیارم دەكرد، دایكی دەیگوت بەخوا چووین بۆ باخ ئاگامان لە هیچ نەبووە ئەملا شەنكار ئەولا شەنكار لەپڕ نەما، كە بۆی گەڕاین كەوتبووە حەوزەكە، گوتم لەوێ تا ئێرە 10 خولەك ڕێگە دەبێ؟ ئیتر من  ئەوەندەی تر بێ ئومێد بووم، چونكە دەمزانی لە زانستی پزیشكیدا دەكرێ تا 10 خولەكیش دڵ بوەستێت و ببووژێنرێتەوە، بەڵام وەڵامەكان بۆم دڵخۆشكەر نەبوون، لەگەڵ ئەمانەش دایكی پرچـی خۆی دەڕنی و قۆڵی دەگرتم تو خوا دكتۆر شتێ بكە توخوا با كوڕەكەم نەمرێ. لە هەموو دڵتەزێن تر برایەكی گەورەتری بوو كە دواتر لێم پرسی گوتی 11 ساڵم، كە دەگریا و خێرا خێرا دەیگوت دكتۆر شەنكار دەمرێ؟ ئەمانە هەمووی لە چەند چركەیەكدا ڕوویان دا، هەرچەند زۆر هیلاك و شێواو بووم، هەموو ڕۆژێك دەمگوت تا سبەی بڕ دەكەم و توانای فیكری و جەستەییم نامێنێ، بەڵام ڕۆژی دواتر گوڕێكی زیاترم هەبوو، تەنانەت خوێنی سێ ڕۆژ پێشتر بە كراسەكەمەوە بوو و دەرفەت نەبوو بچمەوە ماڵەوە بیشۆم.

پزیشكەكە ڕوونی كردووەتەوە كە هەینییەك چوومەوە، كە گەشتمە ماڵەوە ئەوەندە ڕیشم هاتبوو خوشكەكەم ترسا خەریك بوو نەمناسێتەوە، یەكسەر گوتم جێگەیەكم بۆ خەوتن دەوێ، بە دەم خەوەوە چەند جارێك گوتبووم: دادە تۆ پێشتر جەڵتە لێیداوی؟ نەوەڵا، ئەی قاچیان بۆ بڕیتەوە ناوەڵا، دەی باشە بڕۆ نووسراوێكی پۆلیس بێنە.

لە بەشێكی تری ئەو بەسەرهاتە ڕاستەقینەیه نووسیویەتی، ‌بەهەرحاڵ بە هاوكارانم گوت، CPR... تا توانیمان سنگی منداڵەكەمان شێلا و ئەترۆپینیشمان بۆ كرد، بەڵام تەنانەت یەك لێدانی دڵیمان دەست نەكەوت، من كەسوكارەكەیم دەبینی نەمدەتوانی باوەڕ بهێنم كوڕەكەیان مردووە، بەڵام ڕاستی بڵێم هیچ ئومێدێكم نەبوو، باوكیم دەبینی سوجدەی دەبرد و دەپاڕایەوە، دایكی بە تەواوی دەچەمییەوە و قاچی منی ماچ دەكرد و پێم ناخۆش بوو، بەڵام كات وەك بروسكە تێدەپەڕی و نەمدەتوانی رێگری بكەم، 15 خولەك تێپەڕی و لە مردوویەك زیاتر هیچ لە بەردەستمدا نەبوو، بەردەوام بووم لە CPR زۆر هیلاك بووم هەموو گیانم بوو بە ئارەق، ژووری پێشوازییەكە زۆر گەرم بوو، كراسەكەم كردەوە عارەق بە نێوچاوان و لا ملم دەهاتە خوار و دەكەوتە سەر سنگی منداڵەكە، ڕاستی بڵێم قژم تەواو بێزاری كردبووم، ئەوەندە بێ ئومێد بووین هەندێ لە هاوكارانم لە ژێر لێوەوە گوتیان عەزیەتی مەدە دكتۆر تەواو بووە، من هەرگیز بوێری ئەوەم نەبوو بڵێم مردووە، گوتم با بەردەوام بین تەنیا یەكێكتان بیخەنە سەر لا و بۆم بگرن یەكێكیش هەناسەی بداتێ. دەستم پێ كردەوە، تا گەیشتە ئەوەی باوكەكەی باوەڕی هێنا كە مردووە و گوتی، توخوا دكتۆر گیان عەزیەتی مەدەن، برا گەورەترەكەی لە هەموویان زیاتر پشتی دەشكاندم و دەیگوت توخوا دكتۆر مەڵێ مردووە، دایكیشی خەریك بوو لەسەر قاچم ببوورێتەوە، بۆیە نەمدەتوانی بڵێم، بەڵام بە جووڵە و چاو دەمویست تێ بگەن كە مردووە، زیاتر هەوڵم لەگەڵ دا ستافەكان زۆر هیلاك بوون لەگەڵم، ڕاستی من بە بێ هاوكاری ئەو كارمەندانە هەرگیز نەمدەتوانی ئەو ڕۆژانە كار بكەم، هەرچەند هەمیشە گلەیییان لە خەڵكەكەش و كاربەدەستانیش هەیە و كەمتر ڕێزیان لێ دەگیرێت.

هەروەها دەڵێ، ئەم جارە ئامێرم خستە سەر سنگی منداڵەكە یەك دوو لێدان هەبوو، گوتم هیچ نییە كاریگەری دەرزییەكانە و بەردەوام بووین لەگەڵی، لە پڕ منداڵەكە هێڵنجی دا نازانم چەند لیتر بوو ناشزانم لە گەدەیەوە بوو یا سییەكانییەوە ئاو و قەوزەی هەڵهێنایەوە، هەموو ڕووخسارمان ڕووناك بووەوە و  نیشانەی سەرسوڕمان بە ڕووخسارەوە دیار بوو، بەڵام زیاتر لە هی ئەوە دەچوو زۆر پەستانمان خستبێتە سەر سنگ و سكی، لە كەسوكارەكەی زیاتر موحتاجی هەناسەی منداڵەكە بووم، بەڵام نەبوو.

ئەو پزیشكە نووسیویەتی، شانازی ناكەم و حەزیشم لە شانازی نییە، چونكە هەموو پزیشكێكی هاوڕێم چەندان جار ئەوەی ئەنجام داوە، بەڵام دەزانم هەموو كەس تا ماندووبوونە كەمەكەی خۆی وەستابێ، هەرگیز ئامادە نییە ماندوبوونە زۆرەكەی تۆ ببینێت، خەڵكێك خۆ دەبەنە پێشەوە و ڕاگەیاندن جگە لە چەواشەكاری و هێرش و نەهێشتنی متمانە، كوا هەوڵیان دەنرخێنێ بەو مووچە كەمەوە. بەڵام ئیتر ئەمە هەڵەبجەیە، دەمسووتێنێ و ناتوانم خۆشم نەوێت، جگە لەوەی هەموو كەسی لێ سەندوومەتەوە و هیچی پێ نەبەخشیوم، بەڵام دوور بم لێی سەرمای غەریبی دەمخوات.

د. هۆشیار موراد دێتەوە سەر باسی ڕووداوی منداڵەكە و دەڵێ، بەردەوام بووین بە ئومێدی زیاترەوە، ئەمجار چێكم كردەوە هەستم بە  لێدانی دڵی كرد. ئۆكسجینمان پێ دا و هەناسەی دەدا، DC م خستە سەر دڵی بە تەواوی و خێرا لێی دەدا، دایكی هاواری كرد كوڕەكەم هەناسە دەدا، باوكی دەیگوت دكتۆر گیان شتێ بكە كوڕەكەم ماوە، هەمو دەگریان فرمێسكیان لە چاوان دەهاتە خوارەوە، نەتدەزانی هی خۆشییە یان مەرگ، دیواری نیوان ژیان و مردن تەواو تەنك بوو، لەوێ شەنكار هاتوچۆی دەكرد، منداڵەكە دوای 20 خولەك تووشی لەرزینێكی زۆر بوو كە بە چەند كەسێك ئینجا توانیمان كۆنترۆڵی بكەین، كە لێی دڵنیا بوومەوە، دامنا و گوتم دەوری چۆڵ كەن، هاتمە دەرەوە ژمارەیەكی زۆر نەخۆش چاوەڕێم بوون، بەڵام هەموو هەواڵی منداڵەكەیان دەپرسی و خۆیانیان لە بیر كردبوو، هاتمە شوێنەكەی خۆم دانیشتم باوكی و دایكی بەردەوام ماچیان دەكردم، یەكێك  گوتی ئەوە دكتۆرەكەیە وەڵا لە دكتۆر ناچێ، گوتم لە حەزرەتی عیسا دەچم؟ گوتی ئەرێوەڵا بە سەلیبەكەوە، گوتم ئاخر شێوەم یا ئیشەكەم؟ گوتی وەڵا هەردووكیان.

هەڵەبجە/ شەفیق بانی شاری





وشە - باز ئه‌حمه‌د