خەرجی نیمار لە یانەی پاریس سان جێرمان زیاتر لە نیو ملیار یۆرۆ دەبێت

:: AM:10:23:20/07/2017 ‌

یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئامادەیی خۆی پێشانداوە سەرجەم ژمارە پێوانەییەكان لە كڕینی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بشكێنێ و پارەیەكی خەیاڵی لە پێناو ئەو ئەستێرەیەدا خەرج بكات.

بەهای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نیمار لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە 222 ملیۆن یۆرۆیە، هەروەها مووچە و خەرجییەكانیشی زیاتر دەبێت لە 305 ملیۆن یۆرۆ، واتە نرخی گشتی ئەو ئەستێرەیە 500 ملیۆن یۆرۆ (نیو ملیار) تێدەپەڕێنێ.

چاوەڕوان دەكرێ یانەی پاریس سان جێرمان مووچەی ساڵانەی نیمار بۆ 30 ملیۆن یۆرۆ بەرز بكاتەوە لەگەڵ پاداشت و خەرجییەكانی دەبێتە 61 ملیۆن یۆرۆ، هەروەها گرێبەستەكەشی بەلایەنی كەم بۆ ماوەی 5 ساڵان دەبێت، واتە تێچووی گشتی ئەو هێرشبەرە 527 ملیۆن یۆرۆ دەبێت كە ئەمەش نرخێكی خەیاڵییە و تا ئێستا لە مێژووی تۆپی پێدا هیچ یاریزانێك تەنانەت لێشی نزیك نەبووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەكان نیمار دەیەوێ یانەی بەرشەلۆنە جێبێڵێ بۆ ئەوەی لە یانەیەكی تردا ببێتە ئەستێرەی یەكەم كە بەهۆی بوونی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یانەی بەرشەلۆنە ئەو ئاواتەی نایەتەدی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م