منداڵێكی ڕزگاركراوی ئێزیدی جلی ڕه‌ش و هه‌مه‌ر ببینێ ڕاده‌چڵه‌كێ

:: AM:10:25:20/07/2017 ‌

منداڵێكی تەمەن 13 ساڵی ئێزیدی دوای ئەوەی لەلایەن هێزەكانی عێراق لە باڵەخانەیەكی ڕووخاوی بەری ڕاستی شاری مووسڵ دۆزرایەوە و ڕزگار كرا، پاشان لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستی بۆ كرا، بەڵام ئەو ئێستەش هزر و دەروونی بە تەواوی داڕماوە و بە بینینی ڕەنگی ڕەش و ئۆتۆمبێلی هەمەر و تۆیۆتا و بیستی تەقە ڕادەچڵەكێ و تێك دەچێت.

 "عیماد مشكۆ تەمۆ" ئەو منداڵە ئێزیدییە كە خەڵمی شارەدێی گرعزێری باشووری شنگالە و ئێستە شارەدێكە بە دەست میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوەیە، ئەو لە سێی ئاب/ئۆگستسی 2014 دوای ئەوەی ناوچەكانیان كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش، براوە بۆ مووسڵ و ماوەی نزیكەی سێ ساڵە لە ژێر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدا بووە.

مەیسەر ئادانی لە ڕاگەیەندنی نووسینگەی ڕفێنراوانی كوردانی ئێزیدی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێزەكانی عێراق عیمادیان لە نێو باڵەخانەیەكی ڕووخاو دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەو باری جەستەیی و دەروونی و هزری بە تەواوی تێكچووە، لە نەخۆشخانە لە ڕووی جەستەیییەوە چارەسەری پێویستی بۆ كراوە، بەڵام لە ڕووی هزری و دەروونییەوە ئێستەش لە دۆخێكی خراپدایە.

هەروەها گوتی، ئەو منداڵە ئێستە زمانی كوردی بە تەواوی نازانێ و تەنیا عەرەبی دەزانێ، لە مرۆڤەكان و ڕەنگی ڕەش دەترسێ، ئەوەی ڕەنگی ڕەشی لەبەر بێ بە تیرۆریستانی داعشی تێ دەگات، كاتێك هەمەڕ و تۆیۆتا دەبینێ تووشی شۆك دەبێ و هەر دەنگی تەقەكردنیش ببیستێ ڕادەچڵەكێ.

ئاماژەی دا، ئێستە ئەو منداڵە هەموو هاوكارییەكی بۆ دابین كراوە لەلایەن نووسینگەكەیانەوە و لە كۆمەڵگەی شاریای سەر بە شارۆكەی سێمێل لەگەڵ كەسوكارەكەی ژیان بەسەر دەبات.

جێی باسە لە سێی ئاب/ئۆگستسی ٢٠١٤ ەوە داعش  پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانی باكور و ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوای هەولێر و كەركووكی دا و گەورەترین كارەسات بەسەر ئێزیدییەكانی شنگالدا هات، بە هەزاران منداڵ و ئافرەت كەوتنە دەست تیرۆریستانی داعش. بەگوێرەی ئامارەكانی نووسینگەی ڕفێنراوانی ئێزیدی، تا ئێستە سێ هەزار ئێزیدی لە چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كراون و زیاتر لە سێ هەزاری تریش ماون ڕزگار بكرێن.

دهۆك/كاروان باعەدری.









وشە - باز ئه‌حمه‌د