د.ئایدی كوهین: تره‌مپ پشتیوانی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كات

:: AM:10:41:20/07/2017 ‌
د.ئایدی كوهین بەڕێوەبەری پرۆگرامی نێونەتەوەیی و عەرەبی لە زانكۆی بارئیلانی ئیسرائیل، لە دیدارێكی "وشە"دا بە وردی تیشك دەخاتە سەر هاوكاری و هاوئاهەنگی دەوڵەتی ئیسرائیل و جووەكانی دنیا بۆ پشتیوانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. دووپاتیشی دەكاتەوە "لۆبی ئیسرائیل و بزووتنەوەی جوولەكە لە دنیا بەگشتی و لە ئەمەریكا بەتایبەتی، بەهەموو توانایان پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانن". 
كوهین ئەوەش ئاشكرا دەكات كە بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەوان، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا پشتیوانییەكی سەرسەختی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەبێت.

بەرپرسان و خەڵكی ئیسرائیل پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕن، ئەو پشتیوانییە هەر دانپێدانانە یان لە ڕووی سەربازی و ئابووری و بوارەكانی تر بە كردەیی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەبن؟
گەلی كوردستان و گەلی ئیسرائیل برای یەكترن، پێشتر سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ دووپاتی لە پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان كردەوە، تەواوی سەركردە و سیاسییەكانی جوولەكەیش پشتیوانی دەكەن، گەلی ئیسرائیل هیچ كات لە پشتیوانیكردنی بۆ گەلی كوردستان پەشیمان نابێتەوە و دوای ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە هەموو بوارەكان پشتیوانی كوردستان دەكەین، بەر لە سەربەخۆیی هاوكاری كوردستان بكەین، عەرەب و تورك و فارس ستەمی زیاترتان لێ دەكەن و كۆسپی گەورەترتان بۆ دروست دەكەن، ئێمە نەك هەر پشتیوانیتان دەكەین، بەڵكو خەونی من و زۆر لە ئیسرائیلییەكان ئەوەیە دوای سەربەخۆبوون، سەردانی دەوڵەتی كوردستان بكەین.

ئیسرائیل بەهێزترین لۆبی لە ئەمەریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە، ئایا دەكرێ لۆبی خۆی بەكار بێنێ بۆ بەرژەوەندی سەربەخۆیی كوردستان؟
نەك تەنیا ئیسرائیل، هەموو جووەكانی دنیا هاوڕان لە پشتیوانیی بۆ دەوڵەتی كوردستان، ئەوەش ڕوونە جوولەكە لە سەرانسەری دنیا بڵاوبوونەتەوە و لە زۆربەی وڵاتان بە تایبەت ئەمەریكا پێگەی گرنگ و گەورەیان هەیە. بەگوێرەی ئەو زانیارییەی من هەمە و پێم گەیشتووە، لۆبی ئیسرائیل و بزووتنەوەی زایۆنیزم لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا، گفتوگۆیان لەگەڵ سەركردەكانی ئەمەریكا كردووە، دۆخی كوردستانیان خستووەتە ڕوو و پشتیوانییان كردووە، من زۆر گەشبینم و هیچ گومان لەوەدا نییە سەرۆك ترەمپ پیاوێكی بوێرە و پشتیوانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكات.

گوێمان لەو بۆچوونانە دەبێ كە دەڵێن ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر لە ناوچەكە، ئیسرائیل خوێندنەوەی چۆنە؟
بە بڕوای ئێمە، دەوڵەتی كوردستان بە تەواوی پێچەوانەی ئەو بۆچوونانە دەبێ، بگرە دەوڵەتێكی جێگیر و ئارام و پێشكەوتوو دەبێ و ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرێ، دەكرێ لە خاوەنی ئەو بۆچوونانە بپرسین كێ شەڕی دژ بە داعش كرد و كاری كرد بۆ تێكنەچوونی سەقامگیریی ناوچەكە؟ ئەگەر كوردستان ببێتە هۆی ئاڵۆزی، ئەی بۆچی گەلی كوردستان نزیكەی خوێنی پاكی دوو هەزار پێشمەرگەیان بەخشی، بۆ كپكردنەوە و نەهێشتنی ئاڵۆزی و نائارامی لە ناوچەكە، كوردستان گیانی ملیۆنان ئاوارەی پاراست و لە كۆمەڵكوژی دووری خستنەوە،‌ ئەمانە دەریدەخەن‌ كوردستان سەرچاوەی ئارامی و لێبووردەیی دەبێ، نەك ناجێگیری و توندوتیژی زیاتر لە ناوچەكەدا، پێویستە وڵاتانی ناوچەكە لە كوردەوە فێر ببن چۆن ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن و ڕووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە و چۆن مامەڵە لەگەڵ نەتەوە و ئاینزا جیاكانی تر دەكەن كە لەناو وڵاتەكانیان دەژین.

گۆڕانكاری و دۆخی جیۆپۆلەتیكی ناوچەكە تا چەند لەبارە و ئایا ئێستە كاتێكی گونجاوە بۆ هەنگاونانی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی؟
100 ساڵ تێپەڕیوە و كوردستان تا ئێستە بە مافی خۆی نەگەیشتووە، ئێستە كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی، دەبوو 100 ساڵ پێش ئێستە ڕابگەیەنرایە، بەڵام بەهۆی هەڵەی سایكس-پیكۆت تا ئێستە دواكەوت، كوردستان بۆ هەموو دنیا خۆی سەلماندووە كە دەتوانن خۆیان بپارێزن و هاوكاری وڵاتان بن لە تێكشكاندنی تیرۆر، ئیتر ڕێگرییەك نەماوە و جیۆپۆلەتیكی ناوچەكە بە تەواوی‌ لە بەرژەوەندیی پرسەكەدایە.

وەك پسپۆڕێك چۆن دەڕوانیتە هەڵوێستی ئێران و توركیا لەسەر سەربەخۆیی كوردستان؟
توركیا و ئێران و عێراق هیچ كات نایانەوێ كوردستان سەربەخۆ بێت، ئێران زۆر لە سەربەخۆبوونی كوردستان دەترسێت، توركیا مەترسی هەیە كاریگەری لەسەر دۆخی وڵاتەكەی هەبێت، عێراقیش بەهەموو شێوەیەك ڕێگری دەكات، ئەو وڵاتانە نایانەوێ وڵاتێكی ئازاد و پابەند بە بنەماكانی مافی مرۆڤ لە ناوچەكە دروست ببێ، دەیانەوێ بەردەوام ستەم لە ئێوە بكەن، ئەمە ڕاستییە. بەڵام ‌ ئێوە سەركردە و سیاسیی زۆر بە ئەزموون و لێهاتووتان هەیە و دەتوانن بەسەر ئەو كۆسپانەدا زاڵ بن، چەند ڕۆژێك پێش ئێستە بیستم بارزانی دووپاتی كردووەتەوە كە ڕیفراندۆم گەڕانەوەی بۆ نییە، كوردستان ببێتە دەوڵەت پێگەیەكی گرنگی دەبێ و گەشتیاری زۆر ڕووی تێ دەكەن، ئێوە نەوتتان هەیە و ئەزموونی باشتان هەیە، دڵنیام دەتوانن بەسەر هەموو گرفتەكان زاڵ بن و ئابووریی كوردستانیش زۆر باش و بەهێز ببێت. بەڵام سەربەخۆیی كارێكی هەروا ئاسان نییە و هەندێ گرفت هەر دروست دەكات، ئێمە سەربەخۆییمان لە ئیسرائیل ڕاگەیاند، سوپای شەش وڵاتی عەرەبی هێرشیان كردە سەرمان، بەڵام كۆڵمان نەدا و سەركەوتین، پێویستە ئێوەش بەردەوام ورەتان بەرز بێ و بۆ پێشەوە هەنگاو بنێن.

پێشبینی چی بۆ عێراق دەكەیت لەو دۆخەی ئێستە؟
عێراق هیوایەكی بۆ كورد تێدا نەماوە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئێرانەوە فەرمان وەردەگرن، هیچ خێرێكیان نییە و بەرژەوەندی ئێوەیان ناوێت، پێویستە وردتر ئاسایشی كوردستان بپارێزن و چاوكراوەتر بن، چونكە مەترسی و پەنابردن بۆ كردەی توندوتیژی هەیە لە كوردستان لەلایەن تیرۆریستانەوە بە پشتیوانی وڵاتان.

بایۆگرافیا
د. ئایدی كوهین هاووڵاتییەكی جوولەكەی خەڵكی لبنانە و لە 1995ەوە لە ئیسرائیل دەژی، توێژەر و سەرۆكی جێبەجێكاری پرۆگرامی نێودەوڵەتیی زانكۆی "بارئیلان"ـە، پسپۆڕی لە پێوەندییەكانی وڵاتانی عەرەب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و وەك شرۆڤەكاری سیاسی لە زۆربەی میدیا عەرەبی و نێودەوڵەتییەكان بەردەوام دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵدا ساز دەكرێت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د