كۆمیتەی ڕیفراندۆم سەردانی پێنج وڵاتە زلهێزەكەی دنیا دەكات

:: AM:11:09:20/07/2017 ‌

دوای سەردانی شاندی كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە وڵاتی بەلجیكا، بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆمیتەكە بەرنامەی سەردانی وڵاتانی تری دنیا دابڕێژێ و شاندەكان دیاری بكات، سەردانی پێنج وڵاتە هەمیشەیییەكەی ناو ئەنجوومەنی ئاسایشیش لە بەرنامەی سەردانەكانی شاندی كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم دەبێ.

محەمەد ئیلخانی نوێنەری توركمان لە كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم شاندی تر دروست بكات، تا سەردانی وڵاتانی تر بكەن، لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان ئاگەداریان بكەنەوە بەوەی خەڵكی كوردستان دەبێ خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

لەبارەی ئەمجارە شاندی كۆمیتەكە سەردانی كام وڵات دەكەن، ئیلخانی گوتی، تا ئێستە دیار نییە كام وڵاتە، هەفتەی داهاتوو ئەو بڕیارە دەدرێ، بەڵام سەردانەكان بۆ وڵاتانی ناوچەكە و چەند وڵاتێكی عەرەبی و وڵاتانی زلهێز دەبێ، بەتایبەت ئەو پێنج وڵاتەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین، چونكە بە لای ئێمەوە گرنگە بۆچوونی ئەو وڵاتانە لەسەر پرۆسەی ریفراندۆم لە كوردستان بزانین.

هەروەها گوتی، كاتی كەممان لەبەر دەست ماوە و رۆژ دوای ڕۆژ لە كاتی پرۆسەكە نزیكتر دەبینەوە، بۆیە بەپێی ئەو بەرنامەی داممان ناوە، پێویستە تا كۆتای ئەم مانگە سەردانی هەموو ئەو وڵاتانە بكرێ، كە بە پێویست دەزانێ لە پرۆسەی ڕیفراندۆم ئاگەدار دەكرێنەوە. 
پێنج وڵاتە هەمیشەیییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بریتین لە ئەمەریكا و ڕووسیا و چین و فڕەنسا و بەریتانیا. هاوكات پێشبینی دەكرێ كۆمیتەی ڕیفراندۆم سەردانی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی كەنداوی عەرەبیش لە ماوەی داهاتوودا.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.


وشە - باز ئه‌حمه‌د