لەسەر ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی
هەوڵی تیرۆركردنی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان دەدرێت

:: AM:11:31:20/07/2017 ‌
دوو ڕۆژ پێش ئێستە، كەسێكی عەرەب ویستوویەتی تەقە لە ماڵی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیانی سەر بە باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكات و تیرۆری بكات، بەڵام بەر لەوەی كردە تیرۆریستییەكە ئەنجام بدرێ، گیراوە و ئێستە لە گرتووخانەیە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێ.

سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوو ڕۆژ پێش ئێستە كەسێكی عەرەب هەوڵی داوە تەقە لە ماڵی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان "عەمید عەلی شاسوار" بكات، بەڵام پێش ئەوەی كردەكە ئەنجام بدات، گیراوە و خراوەتە گرتووخانەوە.

هەروەها گوتی، ئەو كەسە بە ڕەگەز عەرەبە و خەڵكی كوردستان نییە، جێی گومانی زۆرە كە چۆن ماڵی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیانی پێ زانیوە، لە كاتێكدا خەڵكی ئێرە نییە و شارەزایی شارەكە نییە و كێ هاوكاری كردووە و بۆچی ئەو كارەی كردووە؟.

سەرچاوەیەكی تر لە ناو یەكێتی بۆ "وشە" گوتی، بەرپرسان و میدیایی یەكێتی بە وردی كاریان لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو زانیارییە لەو كاتەدا نەگاتە میدیاكان و بڵاو نەبێتەوە، ئەمەش هێندەی تر گومانەكانی زۆر كردووە، ئەگەر كەسێك تیرۆریست بێ و هاتبێ خەباتكارێكی ڕێزەكانی یەكێتی تیرۆر بكات، بۆچی میدیایی یەكێتی دەبێ بیشارێتەوە و بەرپرسانیش ڕێگری لە دزەكردنی زانیارییەكان بكەن؟.

بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانە "وشە" پێوەندی بە عەمید عەلی محەمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیانەوە كرد و ناوبراو تەنیا گوتی، ڕاستە كەسێك لە پشت ماڵیانەوە گیراوە كە بە ڕەگەز عەرەب بووە و لەلایەن دژە تیرۆرەوە گیراوە و ئامادە نەبوو زانیاری زیاتر بدركێنێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" دوای ئەوەی پاسەوانەكانی بە هاتنی ئەو كەسە عەرەبە و هەوڵدان بۆ تیرۆركردنی عەمید عەلی شاسوار زانیوە، هێزێكی دژە تیرۆر بە پەلە گەیشتوونەتە شوێنەكە و ڕاستەوخۆ بۆ پشتەوەی ماڵەكەی ڕۆیشتوون و گرتوویانە، وەك ئەوەی پێشتر ئاگەداری هەموو شتێك بووبن و بێدەنگ بووبن لێی، مەترسی و گومانی زۆر لەوە دەكرێ كە بەهۆی ئەوەی عەمید عەلی سەر بە باڵی ماڵی تاڵەبانی نییە، هێزەكانی ئەوان دەستیان لە پشت ئەو كارەوە بێت.

جێی باسە رۆژی یەكی ئاب/ئۆگستسی 2016 (مانگی ڕابردوو) لەوكاتەی عەمید عەلی محەمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان لە دەرەوەی وڵات بوو، باڵی هێرۆ برایم ئەحمەد، كەسێكی نزیك لە خۆیان كردە بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان بە ناوی "لیوا نەوشیروان ئەحمەد" و فەرمانی گواستنەوەیان بۆ عەمید عەلی لە بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیانەوە بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ دەركرد، ناوبراو چەند رۆژێك دوای دەركردنی ئەو بڕیارە گەڕایەوە كوردستان، دژی بڕیارەكەی باڵی قۆرخكار وەستایەوە و پابەندی بڕیارەكانی ئەو باڵە نەبووە.

عەمید عەلی محەمەد سەر بە باڵی ناوەندی بڕیارە و لیوا نەوشیروان مستەفا سەر بە باڵی قۆرخكارە، تا ئێستەش ئەو كێشەیە وەك خۆی ماوەتەوە و ئاسایشی گەرمیان دوو بەڕێوەبەری هەیە.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د