كۆمیسیۆن: لە داهاتوودا وەڵامی فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێم دەدەینەوە

:: PM:02:00:20/07/2017 ‌

لە سەعات 11 بەیانییەوە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدایە بەمەبەستی وەڵامدانەوەی فەرمانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڵام هیچ بڕیارێكی نەدا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی تەمووز، شێروان زرار گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێمە گفتوگۆی تەوامان كرد لەسەر فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیك وەڵام دەدەینەوە.

گوتەبێژی كۆمیسیۆن گوتی، هەڵبژاردن پێویستی بە ئامادەكاری و وردەكاری زۆر هەیە بۆ دواتر وەڵاممان دەبێت.

ڕۆژی چوارشەم 19ی تەمووز، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی ژمارە 128ی واژوو كردووە كە تایبەتە بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.

 بەپێی بڕیارەكە، رۆژی ١/١١/٢٠١٧ دیاری كراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.

دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان 25 ئەیلوول ڕاپرسی دەكات بۆ جیابوونەوە یان مانەوە لە عێراق.



وشە - رامیار جەواد