45 رۆژیان مۆڵەت پێ دراوە
دیپلۆماتكارانی ئێران لە كوێت دەركران

:: PM:02:06:20/07/2017 ‌

كوێت فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران كردووە ژمارەی باڵوێزەكانی لەو وڵاتە كەم بكاتەوە و ئەمڕۆش بەشی سەربازی و فەرهەنگی ئێرانی لە كوێت داخست.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی تەمووز، ئاژانسی هەواڵی BBC ئاشكرای كردووە، حكوومەتی كوێت فەرمانی دەركردووە بەشی سەربازی و فەرهەنگی باڵوێزخانەی ئێران لە پایتەختی ئەو وڵاتە دابخرێت و داوای لە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتەیش كردووە ژمارەی دیپلۆماتەكانی لە 19 كەسەوە كەم بكاتەوە بۆ چوار كەس.

ئەو بڕیارەی كوێت دوای ئەوە دێت كە گرووپی "رێكخستنی عەبدولی" لەلایەن دادگای ئەو وڵا‌تەوە تاوانبار كران بەوەی لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە راهێنانی سەربازییان پێ كراوە و لە سیخوڕییان بەسەر حكوومەتی كوێتەوە كردووە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران و حزبوڵای لبنان.

وەزیری هەواڵگری كوێت وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ساغبوونەوەی تاوانی سیخوڕی بەسەر ئەو گرووپە بڕیاری ئەوەی داوە پێداچوونەوە بە پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی خۆیدا بكاتەوە.

حكوومەتی كوێت ماوەی 45 رۆژی دیاری كردووە بۆ ئەوەی ئەو دیپلۆماتكارانەی باڵوێزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران خاكی كوێت بەجێ بهێڵن.

 رێكخستنی عەبدولی ساڵی 2015 دوای كردەوەگەلێكی سەربازی كوێت لە نزیك پایتەختی ئەو وڵاتە ئاشكرا بوون و لە هێرشەكەدا دەست بەسەر كۆگەیەكی چەك و تەقەمەنیدا گیرا و دواتر زیاد لە 20 كەس بە تۆمەتی ئەندامێتی لەو گرووپەدا گیران و دادگایی كران.

تەنیا سەركردەی ئەو گرووپە 20 كەسییە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و گیراوەكانی تر سزای زیندانیكردنیان بۆ بڕایەوە، بەڵام مانگی رابردوو دادگای باڵای ئەو وڵاتە سزای لەسێدارەدانی ئەو سەركردەیەیشی گۆڕی بۆ گیرانی هەتاهەتایی.

ئەو گرووپە بۆ پشتیوانیكردن و رێكخستنی شیعەكانی كوێت دامەزراوە و لە لێكۆڵینەوەكانی دادگادا دەركەوتووە لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ كراوە و چەك و تەقەمەنییان لە سوپای پاسداران وەرگرتووە و هەندێك لە ئەندامانی ئەو گرووپەیش لەناو خاكی ئێراندا راهێنانی سەربازییان كردووە.

زۆرینەی هاووڵاتییانی كوێت بە مەزەو سوننەن و كەمینەیەكی شیعەیش لەو وڵاتەدا دەژین، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، هاووڵاتییانی كوێت ئازادی سیاسییان زیاترە و تا ئێستە زۆر بە كەمی رێكخراوە مرۆیییەكانی دنیا لەبارەی هەڵاواردنی ئاینییەوە راپۆرتیان لەسەر كوێت بڵاو كردووەتەوە. 

سەرچاوە/BBC



وشە - هیدایه‌ت جان