خەڵكی سۆران پشتگیری ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی دەكەن

:: PM:03:40:20/07/2017 ‌

دانیشتووانی شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر و خاوەن پیشە جیاواز و چین و توێژەكانی دەڤەرەكە، لە رێی "وشە"وە پشتگیری خۆیان بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دووپات دەكەنەوە، مامۆستایەكی ئاینیش ئاماژە بەوە دەكات، گرنگیی سەربەخۆیی لەوەدایە كورد دەگاتە مافێكی رەوای خۆی و لەژێردەستی و ستەم و چەوسانەوە رزگاری دەبێت .

مەعین شێخزادە كەسایەتی دیاری سیدەكان و دەڤەری برادۆست بە "وشە "ی راگەیاند، "بەدرێژایی تەمەنی خۆم بۆ كوردایەتی  خەبات و خزمەتم كردووە و مەبەستمان بەدیهاتنی خەون و ئاواتەكانی گەلەكەمان بووە، تاوانە ئێستە هەندێ حزبی سیاسی بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتییان، دژی پرۆسەی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەوەستنەوە .

مەعین شێخزادە كە ماوەی 50 ساڵە پێشمەرگەیە و برایەكی شەهیدە، ئەو ئاماژەی بەوە دا "بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت و پشتگیریی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەم، تەنیا سەربەخۆیییە برینی كەسوكاری شەهیدانمان ساڕێژ دەكات و رێز لە خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگایەتی و كوردایەتیمان دەگیرێ، بۆیە گرنگە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەین و وەك ئەركێكی ئاینی و نەتەوەیی و نیشتمانی، بە بەڵێ دەنگ بۆ ریفراندۆم بدەین و مێژووی خۆمان زێڕین و رۆحی شەهیدانیش شاد و ئاسوودە بكەین ."

مەلا عەبدوڵا شێركاوەیی نووسەر و پێشنوێژ و وتارخوێن، ماستەر لە یاسای ئیسلامی و دانیشتووی شارۆكەی سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، گرنگیی سەربەخۆیی لەوەدایە كە كورد دەگاتە مافێكی رەوای خۆی و لە ژێردەستی و ستەم و چەوسانەوە رزگاری دەبێت، بەدرێژایی مێژووی كورد خەبات و قوربانیدان و خۆڕاگری لە بەرامبەر سەدان نەهامەتی، لە پێناو ترووسكایی و دەركەوتنی دەرفەتێكی وا گرنگ بووە كە ئێستە بۆی رەخساوە.

بە گوتەی مەلا عەبدوڵا شێركاوەیی، كورد مافی خۆیەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بكات وەك باقی نەتەوەكانی تر، چونكە بەدرێژایی مێژوو لە چوارچێوەی عێراق ئەگەر لە رۆژانێك خێر و خۆشی دیبێت، دەیان ساڵیش خەم و تاڵی چێشتووە، بەپێی ئەزموونی رابردووش دەركەوتووە لە دوای رووخانی رژێم، تا ئێستەش عێراق لە بەڵێن و هاوبەشی حوكمڕانی لەگەڵ كورد راست نەبووە، بگرە ئەقڵیەتی پاشاگەردانی بەكار هێناوە و لەو پێناوەش مافی كوردی پێشێل كردووە و پابەندی دەستوور و یاساو بنەماكانی سازانی نیشتمانیش نەبووە.

ئەو دەڵێت، "بەپێی پێوەر و بنەما شەرعییەكانیش بەرژەوەندی گشتی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە تایبەتەكانە، ریفراندۆمیش پرسێكی گشتی و نیشتمانییە و ئەركە هەمووان بەوپەڕی هەست بە بەرپرسیارێتی، كاری بۆ بكەین و لەپێناو هەندێ بابەت و بەرژەوەندی تایبەتی، ئەو دەرفەتە گەورە مێژوویییە نەخەینە ناو بازنەی تانەلێدان و بیری تەسكی ئایدیا و حزبییەوە"
 
هاوكات عەبدوڕەحمان مەلا رەسوول كەسایەتی دیاری دەڤەری سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، "ڕێفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووس بە مافی بێ ئەملاوئەولای خۆمانی دەزانین و ئەنجامدان و سەرخستنی بە ئەركێكی مێژوویی دادەنێین." ئەو داوا لە خەڵك دەكات پاڵپشت و یارمەتیدەری سەرخستنی ئەم بڕیارە مێژوویی و نەتەوەیییە بن كە سەرۆك بارزانی بۆ سەربەخۆیی داویەتی، بەو هیوایە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بە سەركەوتوویی و یەكگرتوویی تەواوەوە وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بەڕێوە بچێ و ئاكامەكەی دابینكەری بەرژەوەندی گەلی كوردستان و سەربەخۆیی كوردستان بێت .

لەلایەكی ترەوە  دكتۆر مەقسوود ئیسماعیل بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، "بۆیە دەنگ دەدەم بە بەڵێ بۆ ئەوەی رۆحی شەهیدان و ئەنفالكراوان شاد بن، چونكە بەخوێن و گیانی خۆیان خاكی پیرۆزی كوردستانیان پاراستووە، هیوادارم هەموو كەسێك و كوردێك دوور لە حزبایەتی بەشداری ریفراندۆم بكەن و دەنگ بە بەڵێ بدەن ."

ئەو هەروەها دەڵێت، "خوای گەورە دەفەرموێ "وجعلنا شعوبا وقباالا لتعارفوا" نەیفەرموو لتحاربوا، بۆیە دەنگدان بەبەڵێ ئەركێكی نیشتمانییە بۆ ئەوەی هەموو ئاین و نەتەوەیەك بەئاشتی بژین."

هەڵمەت حاجی كە پیشەی ئەندازیارە و دانیشتووی شارۆكەی سۆرانە بە "وشە"ی راگەیاند، "بەڵێ وشەیەكە بە نیسبەت گەلی كورد، زۆر پێناسە هەڵدەگرێت، گوزارشتكردن لە هەموو ئەو نەهامەتییانەی كە بەسەر گەلی كورددا هاتووە بە درێژایی مێژوو، مانای ئاسوودەبوون هەڵدەگرێت لە بەرامبەر ئەو نەهامەتییانە، هەروەها گوزارشت لە داهاتوویەكی گەش دەكات بە نیسبەت ئاسوودەبوونی ئەم گەلە، ئێمە بۆیە دەڵێین بەڵێ تا رەنجی چەند ساڵەی رابردووی پڕ ئازار بە خۆشی بدوورینەوە، چونكە گەلی كورد سەرزەوین و ژێر زەوینی خاكەكەی بە خوێن دیزاین كردووە و لە پێناو ئاسوودەبوونی شەهیدان و داهاتوویەكی رۆشن بۆ نەوەكانی داهاتوو، دەڵێین بەڵێ، پرسی سەربەخۆیی ئەم پرسە گرنگەیە دەبێت هەموومان بۆی بڵێین بەڵێ، دەبێت هەموو پرسێكی تری بۆ وەلا بنرێت، ئەوانەی ئەمڕۆ دەڵێن بەڵێ، بەیانی مێژوو، ئێستە، داهاتوو دەكەنە بەیداخی چرای رووناكی بۆ گەلی كوردستان ".

عەونی مەلكۆ كەسایەتی دیاری شارەدێی دیانا بە "وشە"ی راگەیاند، "وەك تاكێكی كورد و كوردستانی دەنگدانی بەڵێ بۆ ریفراندۆم بە ئەركێكی ئەخلاقی و نەتەوەیی و نیشتمانی و شەرعی و یاسایی و ئاسایی خۆم دەزانم و خەبات و ئاوارەیی و پێشمەرگایەتیم لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستان بووە، هەرگیز ئامادە نیم موساوەمە لەسەر ئەو مافەی خۆم بكەم و ئەگەر خەبات لە پێناو نان و ئاو و ژیان بووایە، شوێنی زۆر خۆشتر هەیە و دەكرێ ئەوانەی بۆ نان و ژیانێكی بندەست و كۆیلەیی هاوار هاواریانە، پەنا بۆ ئەورووپا و ... هتد ببەن و واز لە كوردستان و هەڵخەڵەتاندنی كوردستانیان بێنن، وەك ئەو پەندە كوردییەی دەڵێ "ئەگەر گوڵ نیت دڕكیش مەبە" با هەموومان شەرم لە خوێنی شەهیدان و دایكە جگەرسووتاوەكان بكەین و كەمترین وەفامان بۆ ئەوان دەنگی بەڵێ بێت بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی".

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد، لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان كورد و خەڵكی بیانی پشتگیری ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و بە مافێكی ئاسایی و یاسایی كوردی دەزانن .

سۆران –/مورشید برادۆستی




وشە - سلێمان تاشان