كۆمیسیۆن لەگەڵ پارێزگاری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر كۆ دەبنەوە

:: PM:04:34:20/07/2017 ‌

 

لەكاتێكدا تەنیا دوو مانگیان لە بەردەم ماوە، كۆمیسیۆن هیچ زانیارییەكی لەسەر كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی كوردستان نییە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم. گوتەبێژی كۆمیسیۆن دەڵێ دەبێ سەردانی مەیدانی بكەین، جگە لە لایەنی تەناهی، رەنگە دانانی بنكەی دەنگدان گەورەترین گرفتی بەردەم كۆمیسیۆن بێت.

شێروان زرار گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای راپرسی و هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی كارگێڕی هەرێم دەڵێ، تا ئێستە هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ كاركردن لەسەر ئەو ناوچانە.

ئەوەشی خستە ڕوو كە نووسراویان بۆ دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كردووە بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەرووی ژمارەی دانیشتووان و جیۆگرافییەوە و وەك ئاماژەی پێ دەدات، تا ئێستا بە فەرمی وەڵام نەدراونەتەوە.

"دەبی لە داهاتوودا سەردانی كەركووك و ناوچەكانی تریش بكەین، لەگەڵ پارێزگاری كەركووك و ئەنجوومەنی پارێزگا كۆ ببینەوە بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاری لەسەر شارەكە و دەستنیشانكردنی جێگەی كردنەوەی وێستگەكانی دەنگدان لەڕووی تەناهی". شێروان زرار وای گوت.
لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای مووسڵیش ئاشكرای دەكات، بەشێكی زۆری ئەوان ئاوارەن، دەبێ تاوتوێی ئەوەش بكەین كە وێستگە و سندووقی دەنگدانیان لە كوێ بۆ دابمەزرێنین، هەرچەند كۆمیسیۆن كە بڕیاری لە رێنوێنییەكانی تایبەت بە ریفراندۆم و هەڵبژاردن دا و پرسە ناوخۆیییەكانی یەكلا كردەوە، چارەسەركردن و بڕیاردان لەسەر پرسەكانی تر ئاسان دەبێت".

گوتەبێژی كۆمیسیۆن لەبارەی دیارترین گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە ناوچەكانی دەرەوەی كوردستان دەڵێ، جگە لە لایەنی تەناهیی دەستنیشانكردنی شوێنی سندووقەكانی دەنگدان و چۆنیەتیی كردنەوەی بنكەی دەنگدان بۆ ئاوارەكان گرفتەكانی ئێمەن وەك كۆمیسیۆن و دەبێت لەگەڵ بەرپرسی یەكە كارگێڕییەكان گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.

نەسرەدین سندی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" لە بارەی هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵا دووپاتی دەكاتەوە، ئێمەیش وەك دەستە گرفتمان هەیە لەوەی ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی نووسراوەكانمانی نەداوەتەوە، دوای دەستنیشانكردنی رۆژی ریفراندۆم و بەشداریكردنی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی كوردستان، دوو نووسراومان بۆ حكوومەت كردووە، بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە".

سندی دەڵێ، نووسراومان بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم كردووە، ئەوان دەڵێن هێشتا نەچوونەتە ناو وردەكاریی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەو ناوچانە.

رۆژی حەوتی ئەم مانگە، لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ 19 هێز و لایەنی سیاسی، بڕیار درا 25ی ئەیلوول ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی یان مانەوە لەگەڵ عێراق لە باشووری كوردستان ئەنجام بدرێت.



 



وشە - فه‌رمان سادق