هاوشێوه‌ى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ كه‌كووك بڕیارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ده‌ده‌ین"

:: PM:06:58:20/07/2017 ‌
جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك راى گه‌یاند، ئێسته‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ستى كراوه‌یه‌ كه‌ چۆن بڕیار ده‌دات له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ شاره‌كه‌دا  له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و مه‌رج نییه‌ نوسراوه‌كه‌ى عه‌بادى جێبه‌جێ بكرێت.

رۆژى سێشه‌مى رابردوو، رێبوار تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ئاشكراى كرد كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ شارى كه‌ركووك نووسراوێكی‌ فه‌رمى ئاراسته‌ كردوون و داواى كردووه‌ رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌و سنووره‌ نه‌ده‌ن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ى ته‌مووز، ئه‌ڵماس فازڵ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك به‌"وشه‌"ى راگه‌یاند، حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ نوسراوه‌كه‌یدا كه‌ ئاراسته‌ى كردووه‌ بیانووى ده‌ستوورى عێراقى هێناوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ى راى گه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و ماده‌كانى ده‌ستوورى جێبه‌جێ نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و ماده‌یه‌ش جێبه‌جێ ناكات كه‌ باسى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ده‌كات.

زیاتر گوتى، به‌و نوسراوه‌ى عه‌بادى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ستى كراوه‌تر بوو كه‌ چۆن بڕیار بدات و مه‌رجیش نییه‌ كه‌ نوسراوه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌باره‌ى ره‌ت كردنه‌وه‌ى ریفراندۆم له‌ كه‌ركووك جێبه‌جێ بكرێت.

ئه‌ڵماس فازڵ روونى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ركاتێك گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا بڕیار بدات ئه‌وه‌ به‌بێ دوودڵى بڕیارێك له‌به‌رژه‌وه‌ندى كورد و ریفراندۆمدا ده‌دات هاوشێوه‌ى بڕیارى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان.

به‌پێى زانیاریه‌كانى "وشه‌" پارێزگای كه‌ركه‌وك به‌ پێی یاسای ژماره‌ 21ی ساڵى 2008ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ڵكو به‌ پێی فه‌رمانی پۆڵ بریمه‌ر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ پێش په‌رله‌مانی عیراق فه‌رمانی بۆ پارێزگاكان ده‌ركردووه‌ و به‌وه‌ش جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك كه‌ بتوانێت بڕیار له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت بدات.

حه‌وتی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2017 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، رۆژی 25ی ئه‌یلوول/سێپته‌مبه‌ری داهاتوویان وه‌ك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانه‌وه‌ یان جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق" دیاری كرد، له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كورد و خه‌ڵكی بیانی پشتگیری ریفڕاندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن و به‌ مافێكی ئاسایی و یاسایی كوردی ده‌زانن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم