پێوەری زیرەك كارەبای بەردەوام بەدوای خۆیدا دێنێت
خەونی كارەبای ٢٤ سەعاتی بە ١٥٠ ملیۆن دۆلار دێتە دی

:: AM:11:59:21/07/2017 ‌

تا ئێستە كە كارەبای بەردەوامی نیشتمانی لە كوردستان خەون بووە، پێوەری زیرەك هاتنە دیی ئەو خەونەیە و تێچووەكەی هەر ١٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت. كارەبای كوردستان كە بڕێكی زۆری لێ بەفیڕۆ دەڕوات و هی زۆر لە هاوبەشەكانی لەودیو پێوەرەكانن، بەڵام پێوەری زیرەك دزی لێ ناكرێت و لەو كاتانەش كە لۆد زۆرە، كلیكێك بەسە بۆ ئەوەی كارەبای هەموو هاوبەشەكانی بكات‌ بە ئەمپێر.

هەموو ساڵێك لە وەرزەكانی هاوین و زستان، خەڵكی كوردستان دەبێت تاڵی بێ كارەبایی بچێژن. ئەوە ماوەیەكی درێژە وەك بنێشت پێیەوە نووساوە و با ئامانی زەمان لێی نابێتەوە. ئەگەر لەو دوو وەرزەدا ڕۆژێك ١٥ سەعات كارەبای نیشتمانی لە كوردستان هەبێت، بۆ خەڵكەكەی جێی پرسیارە و بە گاڵتەوە دەپرسن، تۆ بڵێی هیچ شتێك ڕووی نەدابێت؟ یان دەڵێن ڕەنگە لەبیریان چووبێت بیكوژێننەوە. نا نەخێر ئەوە ناوە ناوە ترافیكەكە بەم شێوەیە جام دەكات. ئەگەرەكان لە هزری خەڵك و تێڕوانینیان بۆی زۆرە و كۆمەڵێك ناو و ناتۆرەی وەپاڵ خراوە، كە چواندنی كارەبا بە گڵۆپی ترافیك لایت، بەرچاوترینیانە. 

ئەو خەڵكە كە لەبارەیەوە دەنگی ناڕازیییان بەرزە، لە بەكارهێنانیدا لە ترۆپكن، بەرزترین خواستیان پێنج هەزار مێگاواتە. لە كاتێكدا‌ ئێستە بەرهەمی كارەبا تەنیا دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە. ئەو بڕە بەرهەمە بەلای محەمەد ئەمین گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا "كەم نییە"، بەڵكو ئەوە ئەو ڕێژە زۆرەی بەكارهێنانە خەیاڵییە. ئەو نموونە بە ئۆردن دێنێتەوە كە نۆ ملیۆن و 500 هەزار كەس دانیشتووانیەتی و بەو هەمووە كارگە گەورانەی پیشەسازیشەوە، خواستیان تەنیا دوو هەزار و ٤٠٠ مێگاواتە. بەڵام دەڵێ، "ئەوان توانیویانە لە بەكارهێنانی كارەبادا، كۆنتڕۆڵی هاوبەشەكانیان بكەن".
جیا لەوە، وەزارەت لە دزیكردنی كارەبا لەلایەن هاوبەشانەوە ئاگادارە، كە كارەبای زۆربەیان لەودیو پێوەرەوە بەستراوە، بەڵام ئەوانە بەجۆرێك كراون كە دۆزینەوەیان ئاسان نییە، خۆ كاتێك كەسێك لەسەر ئەو سەرپێچییەی سزا دەدرێت، دوای ماوەیەك دەگەڕێتەوە سەر هەمان كار و لیژنەكانی بەدواداچوونیش كە لەو تەنگژە دارایییەدا سستن، وەزارەت لە توانایدا نییە بەردەوام چاودێر بێت بەسەر هاوبەشەكانییەوە. محەمەد ئەمین بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەدات كە "٣٠%ی كارەبا‌ی كوردستان بە فیڕۆ دەڕوات".

ئەو ڕێژەی بە فیڕۆچوونە لەسەر دوو هەزار و 500 میگاوات كارەبا دەكاتە 750 میگاوات، بەڵام كە باس لە بنبڕكردنی دەكرێ كەس وەڵامی پێ نییە وەك ئەوەی ئێرە دارستان بێت و یاسا و پۆلیس نەبێ. سەرەڕای ئەوەی تێچووی كارەبا لەسەر حكوومەت گەلێك قەبەیە و زۆر لە تێچووەكەی كەمتر لە خەڵكەكەی وەردەگرێتەوە. محەمەد ئەمین دەڵێ، "حكوومەت ٧٥%ی خەرجی كارەبا لە ئەستۆی خۆیەتی و تەنیا ٢٥% ی تێچووی كارەبا لە هاووڵاتییانی وەردەگرێتەوە".

ئەوەی بۆ وەزارەت ئەستەمە تا بە بەردەوامی چاودێر بن بەسەر هاوبەشەكانیان و جیا لە بەفیڕۆ چوون، نەهێڵن كارەبایان لێ بدزرێت، ئەوە بۆ پێوەری زیرەك ئاو خواردنەوەیە.

پێوەری زیرەك دزی و بەفیڕۆچوونی كارەبا ناهێڵێ. بەو پێیەی پێوەرەكان كە لە ڕێی هێڵی كارەباوە بە كۆمپیوتەرەكانی سەنتەری كۆنتڕۆڵی كارەباوە دەبەسترێنەوە و لەسەر كۆمپیوتەرەكە بە دیار دەكەوێت لە هەر ماڵێك چەند كارەبا بەكار دەبرێ و بایی چەندی خەرج كردووە. ئەگەر لە كێبڵەكەیشەوە بدزرێت هەر ئاشكرایە، چونكە پێوەرێك لەسەر محاویلەی كارەبا دادەنرێت و دەزانرێت چەند ماڵی لەسەرە و هەریەكەیان چەند بەكار دێنن و چەندیش ونە. ئەگەر كێشەكە پێوەندی بە دزینەوە هەبێت، ئاشكرا دەبێت و ئەگەریش كێشەیەكی تەكنیكی بێت، هەر ئاشكرا دەبێت.

لەبەر دەرەقەت نەهاتنی ئەو كارەبا زیادییەی لەلایەن خەڵكەوە بەكار دێ، ماوەیەكە ئەنجوومەنی پارێزگاكان بیریان لەوە كردووەتەوە كارەبای ماڵان بكەن بە ئەمپێر و هەر هاوبەشێك تەنیا ٢٠ ئەمپێر كارەبای پێ بدرێت. لەگەڵ ئەوەی ئەوە كاتی دەبێ، پێویستە جارێكی تر بڕە پارەیەكی قەبەی تر خەرج بكرێتەوە و ئەو پارەیەی لە جێبەجێكردنی ئەو سیستەمە خەرج دەكرێت، بەفیڕۆ دەڕوات.

 پێوەری زیرەك كە دەتوانرێت بۆ هەتایە سوودی لێ وەربگیرێت و ئەو پێوەرانە خۆی چاودێری كارەبای ماڵان دەكات و ڕێگری لە زێدەڕۆیی دەكات. لە ڕێی ئەو پێوەرانەوە دەتوانرێت سزای زیادەڕۆیی لە كارەبادا بكرێت و لەوكاتانەی هاووڵاتییان كارەبای زۆر بەكار دێنن كە /لە ئێواراندا زۆرترین كارەبا لە كوردستان بەكار دەبرێ/، لە سەنتەرەوە ئەمپێری ماڵان دیاری دەكرێت و بەوەش دەتوانرێ كارەبایەكی بەردەوام دابین بكرێت. پێوەری زیرەك چارەی ئەو كەسانەشی لایە كە پارەی كارەبا نادەن و دەتوانێت كارەبایەكەیان بۆ بكات بە كارت.

ئەنجوومەنی وەزیران كە گرنگی ئەو پێوەرانەی بۆ دەركەوتووە، ڕەزامەندی لەسەر پیشان داوە و محەمەد ئەمین گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا پێشتر بە"وشە"ی ڕاگەیاندبوو كە "چەند كۆمپانیایەكی جیهانی بانگ كراون لەسەر ئەركی خۆیان پێوەرەكانیان تاقی بكەنەوە و دەخرێنە‌ كێبەركێوە كە دواجار باشترینیان دێتە هەڵبژاردن".

هەڵبەت پێشتر وەزارەتی كارەبا پێوەرێكی بەناوی زیرەك لە پارێزگای هەولێر تاقی كردەوە، بەڵام ئەو پێوەرە تەمبەڵ دەرچوو، حەوت هەزاردانەیان بۆ ماڵان بەست كە نرخی هەر دانەیەكیان 180 دۆلار و تێكڕایان ملوێنێك و 260 هەزار دۆلار بوو. ئەوانە كە لە ئەستۆی وەزارەت بوون، پێوەرەكان گرفتی گواستنەوەی زانیارییان هەبوو و تەمبەڵ دەرچوون. گوتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا دەڵێ، "ئەو پێوەرانەی ئێستە زیرەكتر و پێشكەوتووترن".

ئەو پێوەرانە بارێكی ئەوەندە قورس نین تا لە تاقەتی حكوومەت نەبێت و مەزەندە دەكرێت نرخی هەر پێوەرێكی زیرەك ١٠٠ دۆلار بێت. وەزارەتی كارەبا كە ملیۆنێك و ٤٠٠ هەزار بەشداربووی هەیە، كۆی پێوەرەكانیان ١٤٠ ملیۆن دۆلار دەكات. جگە لە پێوەری ماڵان، كوردستان كە ٤٣ هەزار محاویلەی هەیە، نرخی هەموو پێوەرەكانی ئەوانیش چوار ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلارە. سەرباری ئەوانە، ڕەنگە بڕێكیش بۆ پێوەری كارگە و بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتەكانی حكوومەت بڕوات كە ژمارەیان ڕوون نییە و پێوەرەكانیان گەورەتر و نرخیشیان گرانترە. 

واتە بەو پێیە تێچووی كۆی دانانی پێوەری زیرەك، ڕەنگە لە ١٥٠ ملیۆن دۆلار تێپەڕ نەكات، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕای دەگەیەنێ، پارەی پێوەرەكان لە ئەستۆی حكوومەت خۆی دەبێت. دواجار ڕەنگە پارەی كۆی ئەو پێوەرانە، یەكسان بێت بە پارەی ئەو كارەبایەی خەڵكی لە پشت پێوەرەكانیانەوە بردوویانە.

پێوەری زیرەك سوودەكانی زۆرن و كارەبای بەردەوامیش دابین دەكات، بەڵام لایەنی نەرێنیشی هەیە و ئەویش لەگەڵ بەستنیان ڕەنگە ئەو كارمەندانەی بۆ وەرگرتنی پارە لە دەرگای ماڵەكان دەدەن و ئەو مۆلیدە ئەهلییانەی ئێستە هەن، جێگەكەیان لەق بێت.

وشە/ هەولێر- چواس خالید



وشە - تایبه‌ت