تراكتۆرێك وەرگەڕاو شۆفێرەكەی گیانی لەدەستدا

:: PM:12:14:21/07/2017 ‌

پۆلیسی گەرمیان ئاشكرای دەكات، بەیانی ئەمڕۆ تەرمێك هێنراوە بۆ نەخۆشخانەی كەلار كە شوفێری تراكتۆرێك بووە بەهۆی وەرگەڕانی تراكتۆرەكەی گیانی لە دەستداوە.

ئەمڕۆ هەینی 21ـی تەمووز، ڕائید عەلی جەمال بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ هەینی تەرمی هاووڵاتیەك هێنرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لەكەلار بەوتەی كەسوكاری ئەو هاووڵاتیە ناوی (مستەفا حەمید مەحمود)دە لەدایكبووی 1991 دانیشتووی گوندی ئاسلاح شارەدێی گوڵاڵەی.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، ئەم هاووڵاتیە شۆفێری تراكتۆر بووە بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كاركردندا لەنێو كێڵگەكەی خۆیدا تراكتۆرەكەی وەرگەڕاوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

عەلی جەمال زیاتر گوتی، لەئێستەدا تەرمی ناوبراو بەمەبەستی توێكاری ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كەلار كراوەو لەسەر ڕووداوەكە پۆلیس دەستی بەلێكۆڵینەوەكردوە.



وشە - رامیار جەواد