وێنەی ئایفۆن8 بڵاو كرایەوە

:: AM:10:34:22/07/2017 ‌

كۆمپانیای "Nodus"ی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ڕووپووش و جوانكاری مۆبایلە زیرەكەكان، وێنەیەكی دیزاینكراوی ئایفۆن8ی بڵاو كردەوە و ئەمەش دەنگدانەوەی گەورەی میدیاكانی لێ كەوتووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو وێنەیە، ئایفۆن8 تەواوی ڕووی پێشەوەی دەبێتە شاشە و دوگمەی هۆم و پەنجەمۆر لەسەر ڕووی پێشەوەی نەماوە و تەنیا شوێنێكی بچووكی سەرەوەی كامێرا و بڵندگۆی دەنگی لێ دانراوە، تەواوی شوێنەكانی تری بووەتە شاشە.

لەلای ڕاستی مۆبایلەكە دوگمەی هەڵكردن و كوژانەوە هەیە كە بە بەراورد لەگەڵ ئایفۆن7 و 6 قەبارەكەی زۆر گەورەتر كراوە، دوگمەی كەمكردنەوە و بەرزكردنی دەنگی مۆبایلەكەش كەوتوونەتە لای چەپی مۆبایلەكە.

بەشی پشتەوەی ئافۆن8 ئەو دەنگۆیانەی دووپات كردووەتەوە كە دەگوترا بە دوو كامێرای لەسەر یەك و بەشێوەی ستوونی ئایفۆن8 دەخرێتە بازاڕەكانەوە، ئەوەی لە وێنەكەدا دیارە هەمان شێوەیە كە پێشتر باسی لێوە دەكرا.

ئەمە یەكەم جار نییە كۆمپانیایەكی جوانكاری و ڕووخساری مۆبایلە زیرەكەكان شێوە و دیزاینی ئایفۆن8 بڵاو بكاتەوە و پێشتریش كۆمپانیای ئۆلیكسەر هەمان كاری كرد، بەڵام هیچ یەك لەو دیزاینانە فەرمی نین و كۆمپانیای ئەپڵ پشتڕاستی نەكردوونەتەوە، پێشبینی دەكرێ لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ ئەپڵ مۆبایلی ئایفۆن8 بخاتە بازاڕەكانەوە.

سەرچاوە/RT.



وشە - باز ئه‌حمه‌د