ساندرا كچە كورد و شاعیری لاو ئەمڕۆ نوێترین گۆرانی بڵاو دەكاتەوە و تێیدا گۆرانی بۆ ئازایەتی پێشمەرگە دەڵێت و لە سویسرا كاری كلیپی بۆ دەكات.
ساندرا لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی نووسیویەتی، لە سویسرا كارم بۆ گۆرانییەكی نوێ كردووە تایبەت بە ئازایەتی و بەرخودانی پێشمەرگە، زیاتر گوتی، ئەو بەرهەمە لە ئاواز و هۆنراوەی خۆمە و كۆمەڵێك هونەرمەندی بیانی ڕۆڵیان لە كلیپی ئەو گۆرانییەدا بینیووە.
روونی كردەوە، دەرهێنەر و وێنەگر و ستافەكەی هونەرمەندانی كلیپەكە بیانین، وەك كچە پێشمەرگە و وەك بنەماڵەی پێشمەرگەیەك ڕۆڵ لە كلیپەكەدا دەبینم و ئاماژە دەكات كە بیرۆكەی ئەو كارە هەستی خۆمە و باسكردنی پێشمەرگە لەلایەن هونەرمەند و هونەردۆستان وای كردووە كە ئەو بیرۆكەیەم لا دروست بێت و پێشمەرگە ببێتە ئەو كەسەی لەپێش هەموو خۆشەوستەكانی ترەوە بێت.
ئازایەتی و قارەمانیەتی پێشمەرگە لەشەڕ دژ بە داعش و بەرەنگارییان دژی تیرۆر، وای لەو كچە كوردە شاعیرە كردووە كە ببێتە گۆرانیبێژ و یەكەم ئەزموونی گۆرانی خۆی تاقی بكاتەوە و "پێشمەرگە" كلیپەكەی پێشكەش بە پێشمەرگە بكات.
لە كلیپی ئەو گۆرانییەدا، بەشداربووان لەگەڵ كچە شاعیر بە جلی پێشمەرگە دەردەكەون و رۆڵ دەبینن و باس لە ئازایەتی پێشمەرگە دەكەن، سەرجەم كارەكانی ئەو گۆرانییە نوێیە لە دەرەوەی وڵات و بە پاڵپشتی و لەسەر ئەركی كچە كورد ساندرای خۆی بەرهەم هێنراوە و بۆ كلیپكردنی ئەو گۆرانییە ساندرای چووەتە چیای گڵاس لە پارێزگای ڤالیس لە سویسرا.
هەولێر/ شاخەوان شێخانی