تاڵەبانی: ئێمەش داوامان پێشكەشی دادگا كردووە

:: AM:09:34:23/07/2017 ‌

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای دەكات، لە بەرامبەر داواكەی توركمانەكان لە دادگای قەزایی كارگێڕی، داوایان پێشكەش كردووە كە ئەم دەسەڵاتە لە دەستی ئەوان نییە، ئەگەر بێت و داواكەیان قبووڵ بكات ئەوا دۆسیەكە دادەخرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی تەمووز، رێبوار تاڵەبانی‌ سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ كەركووك بە "وشە"ـی راگەیاند، لە دانیشتنی‌ یەكەمی‌ دادگاییكردنەكەدا نوێنەریان داوایەكی‌ پێشكەشی‌ دادگای‌ قەزایی‌ كارگێڕی‌ لە شاری‌ بەغدا كردووە كە ئەو داوایە لە پسپۆڕیی ئەواندا نییە، چونكە ئەنجوومەنی‌ پارێزگا بەپێی‌ دەستوور و یاسا بڕیاری‌ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستانیان لە شاری‌ كەركووك داوە بڕیارێكی تاكلایەنە نەبووە. 

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، دادگای‌ قەزایی‌ دادگاییكردنەكەیان دوا خست، ئەگەر داواكەی‌ ئەوانیش وەك ئەنجوومەنی‌ پارێزگا قبووڵ كرا، ئەوا دۆسیەكە دادەخرێت. 

ڕۆژی سێی تەمووزی 2017 دانیشتنی دادگاییكردنی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگە حكوومییەكانی كەركووك لە دادگای‌ قەزایی‌ كارگێڕی‌ لە شاری‌ بەغدا بەڕێوە چوو، بەڵام دادگایییەكە بۆ رۆژی‌ دووشەم 24ـی تەمووز دوا خرا. 

بەگوێرەی بەڵگەنامە مێژوویییەكان كەركووك شارێكی كوردستانییە و دڕندەترین رژێمی عێراقیش لە رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 ددانی بەوەدا نا، دواتر لە 1974 پاشگەز بووەوە كورد شۆڕشی ئەیلوولی كرد بە قوربانی لەپێناو كەركووك. لە 2003 و كەوتنی سەدام. كورد و ئەمەریكا كەركووكیان ئازاد كرد و ئاڵای كوردستان لە دیوار و سەر باڵەخانەكانی ئەو شارە هەڵدرا. دواتر لە 2005 وەك ناوچەی كێشە لەسەری نێوان كوردستان و عێراق مادەی 140ی بۆ دانرا. بەڵام جێبەجێ نەكراوە. ئاڵای كوردستان جگە لە فەرمانگەكانی حكوومەتی، لەسەر هەموو بارەگاكانی حزب و دەزگەكانی سەربە كوردستان دەشاكایەوە لە 2003ـەوە، هێزی پێشمەرگە لە 2014 و هاتنی داعشەوە ئاڵاكەی بردە باشووری كەركووك و خۆی كرد بە خاوەنی پاراستنی شارەكە. رۆژی 28ی ئادار/مارسی 2017یش ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەنگی دا لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی حكوومەت، بەڵام عەرەب و توركمان لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار نەبوون.



وشە - رامیار جەواد