زێدان هەوادارانی ریال مەدرید دڵنیا دەكاتەوە

:: AM:09:57:23/07/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی هەوادارانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دڵنیا كردەوە لە مانەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە ریزی یانەكەی بۆ وەرزی داهاتوو.

رۆناڵدۆ بەهۆی تۆمەتباركردنی بە دۆسییەی خۆدزینەوە لە پێدانی باج لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە بڕیاری رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدرید دابوو.

لەمبارەیەوە زێدان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ESPN)ی ئەمەریكی گوتی: رۆناڵدۆ یاریزانی تیپەكەمانەوە و بەدڵنیاییەوە هەر لە ریزی یانەكەمان دەمێنێتەوە.

زیاتر گوتی: رۆناڵدۆ ئێستا لە پشوودایە و چاوەڕێی دەكەین تا پشووەكەی تەواو بێت بۆ ئەوەی دووبارە پەیوەندی بە تیپەكەمانەوە بكات.

زێدان لەبارەی ئامادەكارییەكانی یانەكەی بۆ وەرزی داهاتوو گوتی: لە یارییە ئامادەكارییكاندا سەرجەم یاریزانەكانمان یاریی دەكەن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو ئامادەی یاریكردن بن كە وەرزی داهاتوو لەنێوان 50 تا 70 یارییمان دەبێت.

راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئاماژەی بەوەشدا كە وەرزی رابردوو لەگەڵ یاریزانەكانی سەركەوتنێكی گەورەیان بەدەستهێنا و توانیان هەردوو ناسناوی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەدەست بێنن، جەختیشی كردەوە كە ئەمساڵیش بۆ پارێزگاریكردن لە ناسناوەكان دەجەنگن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م