كانزایەك دروست كرا...نوقمی ئاو نابێت

:: AM:09:59:23/07/2017 ‌

زانایانی زانكۆی "پترسی گەورە" بۆ تەكنەلۆجیا لە شاری سانپترسبۆرگ، توانییان داهێنانێكی نوێ و ناوازە بهێننە ئاراوە، ئەویش دروستكردنی تەختەیەكی كانزایییە لە مادەی ئەلەمنیۆم، كە بەهیچ شێوەیەك لە هەموو دۆخ و بارێكدا نوقمی ئاو نابێت.

لە پێگەی فەرمی زانكۆكە زانایان ئەو داهێنانەیان بڵاو كردووەتەوە و دەڵێن، بە دووبارە گەرمكردنەوەی ئەلەمنیۆم و پێدانی توانای گاز لە پێكهاتەكەیدا، جۆرێك لە تەختەی كانزایی بەهێزمان دروست كرد كە بەهیچ شێوەیەك نوقمی ئاو نابێت.

ئەو كانزا بەرهەمهاتووە، جۆرێكی نەرم و توانای گۆڕانی بە ئاسایی هەیە و بەرگەی دۆخ ناهەموارەكان دەگرێ و ئەمەش وا دەكات هیچ كات نوقمی ئاو نەبێ و بەهێزی دەنگ و پلەكانی گەرما كاری تێ نەكەن، لەگەڵ ژینگەكەی خۆی دەگونجێنێت.

ئامانجی ئەو توێژینەوەی زانایان ئەوەیە كە لە ڕێی ئەو كانزایەوە كەشتییەكان دروست بكەن، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی تێكشكانیشیان نوقمی ئاو نەبن و سەلامەت بمێننەوە. ئۆلیگ بانتشینكۆ بەڕێوەبەری تاقیگەی كانزا سووكەكان لە زانكۆی پترسبۆرگ ئاماژەی داوە كە كرۆكی ئەو توێژینەوەیە ڕووسییە بۆ ئەوەیە بگات بە مادەیەك كە كێشی كەم بێ و بەشێوەیەكی ڕێكخراو خۆی لەگەڵ دۆخەكان بگونجێنێت.

سەرچاوە/RT.



وشە - باز ئه‌حمه‌د