له هه‌ولێر قه‌سابخانه‌ی بێ مۆڵه‌ت شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ته‌نیوه، بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ رێنوێنی له به‌رده‌م دووكانه‌كانیان ئاژه‌ڵ به ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر دێنن و هه‌ر له‌وێ بێ چاودێریی پزیشك سه‌ریان ده‌بڕن، له كاتێكدا "سه‌ربڕخانه‌ی ناوه‌ندی" هه‌یه و ئه‌و مۆره شینه‌ی كرابوو به مه‌رجی سه‌لامه‌تی بۆ كڕینی گۆشت، ره‌نگه له دهشتایییهكاندا زۆرتر به‌كار بێت تا ناوه‌ندی شار. به‌گوته‌ی پسپۆڕان "ئه‌م بێسه‌روبه‌رییه 200 جۆر نه‌خۆشی بڵاو ده‌كاته‌وه" دهروونناسێكیش هۆشداری ده‌دات كه "كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی توندوتیژ"ی له داهاتووی كوردستاندا به‌رهه‌م دێت.
ته‌شه‌نكردنی ئه‌و دیاردانه له هه‌ر شارێك بۆ كه‌مته‌رخه‌می له چاودێری یاخۆ "سوودمه‌ندی به‌رپرسان" ده‌گه‌ڕێته‌وه، له كاتێكدا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی "گشتی ڤێته‌رنه‌ری" هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی لیژنه تایبهتمهندهكانییهوه رۆڵی پاسه‌وانی ئاسایشی خۆراك له كوردستان ببینن و چاودێری به‌سه‌ر قه‌سابی و كارگه‌كانی تایبه‌ت به به‌روبوومی ئاژه‌ڵدا بكه‌ن، به‌ڵام ئێسته له هه‌ر قوژبنێكی هه‌ولێردا بڕۆی، خوێن به‌ناو جۆگه‌ی شه‌قام و كۆڵانه‌كاندا ده‌ڕوات و ناوسك و ریخۆڵه‌ی ئاژه‌ڵ به‌شێك له شۆسته و شه‌قامه‌كانی ته‌نیوه.
به‌ده‌ر له قه‌سابخانه‌كانی سه‌رشه‌قام، له دووسایده گه‌وره‌كانی ناوشار و ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر كۆمه‌ڵێك ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر كه زۆربه‌یان جۆری پیكابن، ئاسنێكیان له‌سه‌ر شه‌قام داناوه و له‌سه‌ر شۆسته چوارچێوه‌یه‌كیان له جۆری گه‌وڕ به ته‌ل دروست كردووه و كۆمه‌ڵێك مه‌ڕ و بزنیان تێ كردووه و هه‌ر له‌و شوێنه به‌بێ به‌رده‌ستبوونی ئاو، سه‌ری ئاژه‌ڵه‌كه ده‌بڕن و دوای كه‌وڵكردن، به ئاسنه‌كه‌دا هه‌ڵی ده‌واسن و ریخۆڵه و ناوسكهكهی له دووری كه‌متر له 10 مه‌تر فڕێ ده‌ده‌ن و به نرخێكی هه‌رزانتر له بازاڕ ده‌ست ده‌كه‌ن به فرۆشتنی گۆشتی ئاژه‌ڵه‌كه.
"دووسایدی لاوان" كه رێگه‌ی سه‌ره‌كیی نێوان شه‌قامی كه‌سنه‌زان و بنه‌سڵاوه‌یه، یه‌ك له‌و شوێنانه‌ی ناو جه‌رگه‌ی هه‌ولێره كه زیاتر له پێنج پیكابی له‌و شێوه‌یه‌ی لێ راده‌گیرێت، ئه‌وه جگه له رێگه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆیه و كه‌ركووك و مه‌خموور و مووسڵ، به‌ڵام سه‌رباری ئاگاداركردنه‌وه‌ی لیژنه‌كانی شاره‌وانی له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه ئه‌و دیارده‌یه نه‌ك رێگه‌ی لێ نه‌گیراوه، تا دێت روو له زیادبوون ده‌كات.
له‌سه‌ر دووسایدی بنه‌سڵاوه به درێژایی كه‌متر له 500 مه‌تر، زیاتر له 12 قه‌سابخانه له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا دانراون كه هه‌ر له به‌رده‌رگه‌ی دووكانه‌كه‌یان ئاژه‌ڵ سه‌ر ده‌بڕن و خوێنه‌كه‌ی به‌ناو جۆگه‌دا به به‌رده‌م ماڵه‌كاندا ده‌ڕوات و به گه‌رمای سه‌رووی 45 پله‌ی سیلیزی هه‌ولێر، گۆشته‌كانیان له به‌رده‌رگه‌ی دووكانه‌كان هه‌ڵواسیوه و به سۆنده‌ی ئاو، جاروبار بۆ ئه‌وه‌ی مێش و مه‌گه‌زی لێ دوور بخه‌نه‌وه، ئاوپڕژێنیان ده‌كه‌ن.
"فه‌رمان" تاكه قه‌سابه له‌و شه‌قامه مۆڵه‌تی ته‌ندروستی هه‌یه و گۆشته‌كانی مۆری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێته‌رنه‌ری له‌سه‌ره، ئه‌و بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا، "له ده‌وروبه‌ری من پێنج قه‌سابی تر كراونه‌ته‌وه به نایاسایی له به‌رده‌رگه‌ی دووكانه‌كه‌یان ئاژه‌ڵ سه‌رده‌بڕن، به‌بێ مۆری ڤێته‌رنه‌ری گۆشته‌كانیان به سێ هه‌زار دینار هه‌رزانتر له‌وه‌ی من ده‌فرۆشن، سه‌رباری ئه‌وه‌یش هێشتا دوو ئه‌وه‌نده‌ی من قازانج له هه‌ر كیلۆیه‌ك گۆشت ده‌كه‌ن."
"خه‌ریكه شوێنه‌كه‌م بگوازمه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رده‌رگه و ناو جۆگه‌كه به‌رده‌وام خوێن و ناوسكی ئاژه‌ڵی لێ كه‌وتووه و بۆنێكی ئه‌وه‌نده ناخۆشی دروست كردووه، كڕیاره‌كانم ناتوانن خۆی له‌به‌ر بگرن تا گۆشته‌كه‌یان بۆ ئاماده ده‌كه‌م، تا ئێسته چه‌ندان جار داوام لێ كردوون هه‌ر نه‌بێ پاشماوه‌كان له‌ناو نایلۆنێك بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو مێش و مه‌گه‌زه لێره كۆ نه‌بێته‌وه". فه‌رمان وای گوت.
ناوشاری هه‌ولێر تا ئاستێك پڕ بووه له سه‌رپێچی و ناڕێكی، مرۆڤ ماندوو ده‌بێ له یه‌ك پیاسه‌ی كورتیشدا یان كڕینی پێداویستییه‌ك، هه‌رچه‌نده شاره‌كه سیمای یاسا و چاودێری پێوه دیار نییه، هاووڵاتییانیش به‌رپرسیارانه بیر ناكه‌نه‌وه و بۆشایی كه‌مته‌رخه‌می داودهزگهكانیان قۆستووه‌ته‌وه و جوانیی پایته‌ختیان كردووه به قوربانی گیرفانی خۆیان.
ئامانج كه‌ریم له شه‌قامێكی هه‌ولێردا فرۆشیاری پۆشاكی ژنانه و له نزیكی چه‌ند قه‌سابێكی چهقۆزل هه‌ڵكه‌وتوون، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "هه‌راسان بووم له بۆنی ئه‌و قه‌سابخانانه و تا ئێسته چه‌ندان جار لیژنه‌كانی شاره‌وانیمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه ژیان بۆ دانیشتووانی ناوچه‌كه نه‌ماوه، به‌ڵام كه‌س به به‌رپرسیارێتی هه‌ڵناسێ، بۆیه كێشه‌كه به‌رده‌وامه".
ئامانج بۆ "وشه" گوتی، "رۆژانه چه‌ند جارێك ئه‌و جۆگه‌یه خاوێن ده‌كه‌ینه‌وه كه له سه‌ره‌وه پاشماوه‌ی قه‌سابه‌كانی پیادا دێته خواره‌وه، كارمان بووه‌ته خاوێنكردنه‌وه‌ی ریخۆڵه و ناوسكی ئاژه‌ڵ، به‌و گه‌رمایه ئه‌و پاشماوانه بۆنێكی زۆر پیس و ناخۆشیان دروست كردووه و وای كردووه كڕیار چیتر روومان تێ نه‌كه‌ن و بازاڕمان ئه‌وه‌نده‌ی تر دابه‌زیوه".
كێشه‌ی هه‌ولێر له‌وه‌دایه سیسته‌می ئاوه‌ڕۆی بۆ دروست نه‌كراوه، بۆیه دیمه‌نی جۆگه‌كانی سه‌رشه‌قامه‌كانی پایته‌خت پڕه له خوێن و پیسی ئاژه‌ڵ و كه‌فاوی حه‌مام و هه‌موویان پێكه‌وه جۆره‌ها نه‌خۆشیی ترسناك دروست ده‌كه‌ن.
ماوه‌ی یه‌ك مانگی ته‌واوه "وشه" چه‌ندان جار پێوه‌ندی به سه‌رۆكی ڤێته‌رنه‌ری هه‌ولێر ده‌كات، ئاماده نییه وه‌ڵام بداته‌وه، ته‌نانه‌ت نێردراوی "وشه" چووه فه‌رمانگه‌كه‌یشی به‌ڵام نه‌یتوانی بیبینێ. به‌ڵام نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی هه‌ولێر دووپاتی كرده‌وه كه له رێی لیژنه هاوبه‌شه‌كانیان له‌گه‌ڵ ڤیتهرنهری و شاره‌وانی، به‌دواداچوون بۆ ئه‌و دیارده‌یه ده‌كه‌ن و دواتر "وشه" له ئه‌نجامه‌كه‌ی ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه.
شوێنه‌واره ده‌روونی و ته‌ندروستییه‌كان
به‌ده‌ر له ناشارستانیبوونی كوشتنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ له‌ناو شه‌قام و كۆڵانه‌كانی پایته‌خت، سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ناو شه‌قام و فرۆشتنی به‌بێ پشكنینی "سه‌ربڕخانه‌ی ناوه‌ندی"، كۆمه‌ڵێك شوێنه‌واری مه‌ترسیدار له‌سه‌ر "ته‌ندروستی و ده‌روونی" هاووڵاتییان به‌جێ دێڵێت كه ره‌نگه قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان كارێكی ئه‌سته‌م بێت.
د. حامید محه‌مه‌د پزیشكی ڤێته‌رنه‌ری نۆ "وشه" ئاشكرای ده‌كات كه كوشتنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ له كۆڵان و شوێنه گشتییه‌كان، شوێنه‌واری نه‌رێنی زۆری هه‌یه، له‌وانه: پیسكردنی ژینگه، كاریگه‌ری زۆر خراپی هه‌یه له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵ و هانیان ده‌دات بۆ توندوتیژی و سه‌ربڕین و كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی ترسێنه‌ری تر، هۆی سه‌ره‌كییه بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌یان نه‌خۆشیی هاوبه‌شی نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ.
ئه‌و پسپۆڕه زیاتر روونی كرده‌وه، "به‌هۆی فڕێدانی پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵه سه‌ربڕاوه‌كان، له‌وانه‌یه شه‌وان پشیله و سه‌گی به‌ڕه‌ڵا بێنه سه‌ری و بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌گه‌كه له‌و ناوه لیكی بكه‌وێت و تووشی نه‌خۆشیی هاری هاتبێت، دواتر قهسابهكهیش له‌ڕێی برینێكه‌وه ئه‌و ڤایرۆسه‌ی بۆ بگوازرێته‌وه، ده‌یان كاریگه‌ریی خراپتر له گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌یه، له‌وانه‌یه ئه‌و ئاژه‌ڵه له ناوچه و وڵاتێكه‌وه هاتبێت ڤایرۆس و به‌كتریا تیێدا به‌ربڵاو بێت و له‌گه‌ڵ خۆی هێنابێتی و وه‌ك گوێزه‌ره‌وه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له رێی تووك یان قاچ یان هه‌ر شوێنێكی ئاژه‌ڵه‌كه‌وه بێت هاتبێته كوردستانه‌وه".
زیاتر له 200 نه‌خۆشی له كۆڵانه‌كانی هه‌ولێر بڵاو ده‌بێته‌وه
د. حامید له‌باره‌ی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی له‌ڕێی پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵ له شه‌قام و كۆڵانه‌كانی هه‌ولێره‌وه بڵاو ده‌بنه‌وه، هۆشداری ده‌دات به هاووڵاتییان و دووپاتی ده‌كاته‌وه، "له رووی زانستییه‌وه زیاتر له 200 نه‌خۆشیی هاوبه‌ش له نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵدا هه‌یه، ئه‌و پاشماوه‌یه‌ی له ئاژه‌ڵ ده‌مێنێته‌وه، هه‌ڵگری ده‌یان ڤایرۆس و به‌كتریای هاوبه‌شن، هه‌ندێكیان له رێی مشهخۆرهكانهوه ده‌گوازرێنه‌وه بۆ مرۆڤ و نه‌خۆشییه‌كانی وه‌ك گه‌ڕی له مرۆڤدا دروست ده‌كه‌ن، له رێی تووكی ئاژهڵهكهیشهوه نه‌خۆشیی ئهمپراكس بڵاو ده‌بێته‌وه، واتا تووكهكه به‌ر هه‌ر كه‌سێك بكه‌وێت، له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر له رێی هه‌ناسه‌وه بێت تووشی ئهمپراكسی هه‌ناسه‌ی بكات و ئه‌گه‌ر به‌ر پێستی بكه‌وێت تووشی ئهمپراكسی پێستی ده‌كات كه له كورده‌واریدا (كوانه پیسه)ی پێ ده‌ڵێن و نیشانه‌كانی دروستبوونی پۆرگه له‌سه‌ر پێستی ده‌ست".
"ڤایرۆسێك به‌ناوی هیمۆریجی كیڤه‌ر هه‌یه، زیاتر ئه‌وانه‌ی قه‌ساب یان پزیشكی بهیتهرین و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ لاشه‌ی ئاژه‌ڵ ده‌كه‌ن، ره‌نگه بگوازرێته‌وه بۆی و تووش ببێت، تووشبوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه گوازراوه‌یه، كه‌سانی تریش تووشی ئه‌و ڤایرۆس و نه‌خۆشییه ده‌كات، ئه‌وانه نموونه بچووكه‌كانی زیاتر له 200 نه‌خۆشی جۆراوجۆرن كه له‌ڕێی لاشه و پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵه سه‌ربڕاوه‌كان تووشی مرۆڤ دێن". پسپۆڕه‌كه‌ی ڤێته‌رنه‌ری وای گوت.
ته‌نیا خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت زیانمه‌ند ده‌بن
حامید محه‌مه‌د كه پێشتر سه‌رۆكی ڤێته‌رنه‌ری بوو له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی، ئاو پێی وایه كه چاوپۆشیكردن له‌و دیارده‌یه، پێوه‌سته به ئاسایشی خۆراكی كوردستان و به به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سییه‌وه و ده‌ڵی، ئێسته ئه‌و كه‌سانه‌ی پۆست و پله وه‌رده‌گرن، به شیاوی خۆیان پێیان نادرێت، بۆیه له كورسییه‌كه‌یان ده‌ترسن، بۆیه چاوپۆشی له هه‌موو شت ده‌كه‌ن و هه‌موو كه‌س رازی ده‌كه‌ن، ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی مانه‌وه‌ی خۆیان.
دووپاتی ده‌كاته‌وه، كوشتنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ له كۆڵان و فڕێدانی پاشماوه‌كه‌ی و ئه‌و گۆشته‌یش كه له ئه‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه به‌رهه‌م دێت و ده‌درێت به هاووڵاتییان، زیاترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژار و بێده‌رامه‌ت ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار له‌ڕووی خۆراكییه‌وه وه‌ك پێویست خۆراكه‌كانیان دابین نه‌كراوه و ئه‌وه‌یش وای كردووه به‌رگری له‌شیان به‌هێز نه‌بێت و له ریزی هه‌ره پێشه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه ڤایرۆس و به‌كتریا كوشنده‌كانیان بۆ ده‌گوازرێته‌وه.
منداڵی هه‌ولێر قوربانی سه‌ره‌كین
كوشتنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ له شوێنه گشتییه‌كان و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه و راوه‌شاندنی چه‌قۆی سه‌ربڕین له‌لایه‌ن قه‌سابه‌وه كه ده‌یه‌وێ وه‌ك پاڵه‌وان ده‌ربكه‌وێ بێ حیسابكردن بۆ شوێنه گشتییه‌كه، شوێنه‌واری مه‌ترسیدار له‌سه‌ر ده‌روونی منداڵ به‌جێ دێڵێت كه له داهاتوودا ده‌بێت به به‌شێك له كه‌سایه‌تیی. پزشكێكی ده‌روونناسیش پێی وایه، كوشتنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ له شوێنی گشتی و تایبه‌ت به به‌رچاوی منداڵ، كردارێكی له ڕاده‌به‌ده‌ر مه‌ترسیداره و نابێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ی پێ بدرێت.
سه‌ناریا كاكه‌مین پزیشكی ده‌روونی بۆ "وشه" ئاشكرای ده‌كات، منداڵ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێ بینه‌ری كرداری توندوتیژ بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی درككردنیان بۆ رووداوه‌كان به‌رته‌سك و سنوورداره و بینینی گرته‌یه‌كی وه‌ك سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ چی به ڕاسته‌وخۆ یان تۆماركراوی، تووشی كۆمه‌ڵێك گرفتی ده‌روونییان ده‌كات.
"له لیكۆڵینهوهیهكدا له ئه‌مه‌ریكا دوو گرووپ له منداڵ دروست كران، گرووپی یه‌كه‌م رێگه‌یان پێ ده‌درێت سه‌یری ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه بكه‌ن كه توندوتیژییان تیادا به‌كار هاتووه. گرووپی دووه‌م رێگه‌یان پێ نادرێ ئه‌و دیمه‌نانه ببینن، دواتر ده‌ركه‌وت گرووپی یه‌كه‌م له ته‌مه‌نی نه‌وجه‌وانیدا له‌ڕووی هه‌ست و سۆزه‌وه كه‌سایه‌تییه‌كی سارد و وشكیان هه‌بووه و ئه‌نجامدانی توندوتیژی به‌لایانه‌وه بووه به كردارێكی ئاسایی. بۆیه ئه‌و منداڵانه‌ی له كوردستان بینه‌ری راسته‌وخۆی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ و خوێن و پاشماوه‌كانی بن به به‌رده‌وامی، له داهاتوودا ده‌روونێكی توندوتیژیان ده‌بێت و كوشتن و تاوان له نه‌ستیاندا چه‌كه‌ره ده‌كات و ده‌بێت به به‌شێك له كه‌سایه‌تییان له كۆمه‌ڵگه‌دا". سه‌ناریا وای گوت.
"وشه" به درێژایی مانگێك له ئاماده‌كردنی ئه‌م به‌دواداچوونه‌دا، بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره گه‌ڕا ئه‌گه‌ر شار پێویستی به رێكخستن نییه، بۆچی سه‌ربڕخانه كراوه‌ته‌وه و مۆری ته‌ندروستی كراوه به مه‌رجی فرۆشتنی گۆشت، له كاتێكدا ئاسانكاری ده‌كرێ بۆ پشتگوێخستنی ئه‌و رێنوێنییانه؟ به‌ڵام هیچ به‌رپرسێك وه‌ڵام ناداته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی رێكخستنی شار ئیشی ئه‌وان نه‌بێ.