بەرشەلۆنە بەیەكجار گرێبەست لەگەڵ 3 ئەستێرە دەكات

:: AM:11:44:21/08/2017 ‌

رۆژنامەیەكی نزیك لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە یانەكە لە ماوەی ئەم 10 رۆژەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا ماوە، بەیەكجار گرێبەست لەگەڵ 3 ئەستێرەی تۆپی پێ رادەگەیەنێ.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە دڵنیابوونەتەوە لەوەی كە لەم هاوینەدا ناتوانن گرێبەست لەگەڵ ئامانجە سەرەكییەكەیان بكەن كە ئەویش فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلییە بەهۆی ئەوەی یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی رەتی دەكاتەوە دەستبەرداری بێت.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە لەم 10 رۆژەی لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا ماوە بەیەكجار 3 ئەستێرە دەهێنێتە ریزی تیپەكەیەوە.

ئەو سێ ئەستێرەیەش برێتین لە عوسمان دێمبلێی ئەستێرەی لاوی فڕەنسی لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، ئەنخێل دی ماریای ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و جۆن سێری ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی كۆتدیڤواری لە یانەی نیسی فڕەنسی.

یانەكە تاڕادەیەك لە گرێبەستكردن لەگەڵ دێمبلێ نزیك بووەتەوە دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند رێككەوتووە بە 120 ملیۆن یۆرۆ رێككەوتن بكەن، چاوەڕوانیش دەكرێ لەم چەند رۆژەی دواییدا ئەو ئەستێرە تەمەن 20 ساڵییە روو لە شاری بەرشەلۆنە بكات بۆ ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی و تەواوكردنی كارەكانی گرێبەستەكە.

سەبارەت بە دی ماریا یانەی پاریس سان جێرمان رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی داوە و بۆ ئەوەی لە سزاكانی یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) قوتاری بێت بەهۆی گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بەبەهای 222 ملیۆن یۆرۆ.

یانەی بەرشەلۆنە لە شوێنی كۆتینیو، بڕیاریداوە چاڤی هێرناندیزی ئەفریقیا بهێنێتە ریزی یانەكەیەوە كە جۆن سێری ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی نیسی فڕەنسییە، بەهۆی ئەوەی نرخەكەی زۆر لە كۆتینیو كەمتر كە بە 30 ملیۆن یۆرۆ دەخەملێنرێ.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی رابردوودا كێشەی زۆری یاریزانانی هەبوو و تا ئێستاش نەیتوانیوە بەتەواوی كێشەكان چارەسەر بكات، كێشەكانیش بەتایبەتی لە یاریی چوون و هاتنی كلاسیكۆی هەفتەی رابردووی جامی سوپەری ئیسپانیا هەستی پێ كرا كە هەردوو یارییەكەی بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ركابەری دۆڕاندبوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م