ده‌وڵه‌تێكمان ده‌وێ نه ئاینی بێت نه نه‌ته‌وه‌یی، وه‌ك ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر مه‌ده‌نی بێت
مه‌لا عه‌بدوڵا وه‌یسی سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی كوردستان، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه مامۆستایانی ئاینی كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن و كاریگه‌رترین توێژی كۆمه‌ڵگه‌ن بۆیه بارزانی له‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یدا ئه‌وانی به‌سه‌ر كرده‌وه. هاوكات ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو "ده‌وڵه‌تێكمان ده‌وێ نه ئاینی بێت نه نه‌ته‌وه‌یی، وه‌ك ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر مه‌ده‌نی بێت".
سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی كوردستان له‌م دیمانه‌ی "وشه"دا نیگه‌رانی خۆی ناشارێته‌وه به‌رامبه‌ر مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه كه رۆڵیان نه‌بوو له راگرتنی مالیكی‌دا كاتێك بودجه‌ی كوردستانی بڕی. به‌گوته‌ی خۆی "مادام كاتی راگه‌یاندنی 23 ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌ب و تورك و فارس گونجاو بوو و هیچ مه‌لایه‌ك دژی نه‌بوو، كاتی ریفراندۆمی كوردستانیش گونجاوه و مامۆستایان پشتیوانی ده‌كه‌ن".
*ئایا ده‌وڵه‌ت له ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه، پێوه‌سته به ئاینه‌وه یان به نه‌ته‌وه؟
ئیسلام به ئاسایی زانیوه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بتوانێ خۆی كاروباری خۆی ڕاپه‌ڕێنێ، بۆیه ده‌بینی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر ورده ورده ده‌بوون به مسوڵمان، وه‌ك یارمه‌تیده‌ر كه‌سێكی بۆ ده‌ناردن فێری ئاشنایه‌تی ئیسلامیان بكات و ئه‌و مافه‌ی پێ ده‌دان خۆیان براگه‌وره‌یه‌ك بۆ خۆیان ده‌سنیشان بكه‌ن، كه‌واته بنچینه‌كه له ئیسلامدا ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نییه نه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ئاینی.
ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی پێغه‌مبه‌ر له مه‌دینه دروستی كرد، ده‌وڵه‌تی هاونیشتمانیبوون بوو، به ته‌واوی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی بوو نه‌ك له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی ئاین بێت، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ش كه مسوڵمان نین وه‌ك مه‌سیحی و جووه‌كان له‌ژێر چه‌تری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا بوون، بۆیه پێغه‌مبه‌ر دووپات له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی هاونیشتمانیبوون ده‌كاته‌وه نه‌ك ده‌وڵه‌تی ئاینی.
*ئێوه ده‌خوازن له كوردستان ده‌وڵه‌تی داهاتوو چۆن بێت، ئاینی یان نه‌ته‌وه‌یی؟
وه‌ك پێشتر باسم كرد، له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ریش ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئاین نه‌بووه، به‌ڵكو مه‌ده‌نی بووه، ئێمه‌یش ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی ده‌خوازین، نه له‌سه‌ر بنه‌مای ئاین نه له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه، ده‌وڵه‌تێك هه‌موو هاووڵاتییانی جێ بكاته‌وه، ئێمه كار بۆ ده‌وڵه‌تێكی كوردستانی ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی نه‌ته‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئێمه جیاوازه، وه‌ك چۆن به درێژایی مێژوو پێكه‌وه بووین، ئێسته‌یش پێكه‌وه بین. له‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ئێمه كاری بۆ ده‌كه‌ین، تاكێكی توركمان به هه‌مانشێوه‌ی تاكێكی كورد مافی هه‌یه، تاكێكی مه‌سیحی و ئێزیدی وه‌ك هه‌ر تاكێكی مسوڵمان مافی هه‌یه.
*مامۆستایه‌كی ئاینی باسی له‌وه كرد كه زه‌ویی داگیركراو له ئیسلامدا، عیباده‌تیش تێیدا حه‌رامه، بۆیه ئێسته خاكی ئێمه كه داگیركراوه، ده‌چێته ئه‌و قاڵبه‌وه. ئایا له فیقهی ئیسلامی‌دا زه‌ویی داگیركراو مه‌به‌ستی له زه‌ویی تایبه‌ته یان زه‌ویی گشتی؟
زانایان دوو بۆچوونیان هه‌یه، پهسندترینیان ئه‌وه‌یه مه‌به‌ست له‌وه زه‌ویی تایبه‌ته نه‌ك زه‌ویی گشتی، چونكه ئه‌گه‌ر زه‌ویی گشتی دابنێین، ئه‌وه كوردستان هه‌مووی زه‌وی داگیركراوه. ئێمه هه‌موومان كۆكین كه زه‌ویمان داگیر كراوه و ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاوه‌نی خۆی كه خه‌ڵكی كوردستانه، به‌ڵام ناچێته ژێر ئه‌و حوكمه فیقهییه‌وه.
*ئایا مامۆستایانی ئاینی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیین له‌م كاته‌دا؟
سه‌ربه‌خۆیی به درێژایی مێژوو ئاواتی مامۆستایان بووه و هه‌وڵیان بۆ داوه، چونكه هیچ ڕێگرییه‌كی شه‌رعی نییه كه كورد ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی. مامۆستایانیش وه‌ك زۆربه‌ی توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ باش ده‌زانن هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عێراقدا ئیتر ناكرێ، به‌ڕاستی ئێمه وه‌ك مه‌لای كورد گله‌یی و گازنده‌یه‌كی زۆرمان له مه‌رجه‌عه شیعه‌كان هه‌یه، ئه‌وكاته‌ی مالیكی به نووكی قه‌ڵه‌مێك و بودجه و قووتی خه‌ڵكی بڕی، نه‌یانتوانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كیش ده‌رببڕن، به مه‌رجێك ئێمه له سه‌ره‌تای ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌وه شاندێكی باڵامان پێك هێنا و له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی مه‌رجه‌عه ئاینییه‌كان كۆ بووینه‌وه تا كاریگه‌ری له‌سه‌ر حكوومه‌ت دروست بكه‌ن، هیچی ئه‌وتۆمان نه‌بینی.
ئێمه ده‌مانه‌وێ له داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شوێن و پێگه‌مان دیار بێت. وه‌ك مامۆستایانی ئاینی پێمان وایه، هه‌لومه‌رجه‌كه گونجاوه و كاته‌كه بۆ سه‌ربه‌خۆیی به ته‌واوی له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد ڕاڤه‌ی بۆ كراوه، ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ له جێی خۆیه‌تی و ئه‌مه‌ش بۆچوونی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری مامۆستایانی ئاینییه، به‌ڵام زیاتر پێویستی به ڕێگهخۆشكردنی بارودۆخی كوردستان و ناوماڵی كورده.
*پێتان وایه له‌م دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه خه‌ڵك له چه‌ندان ته‌نگژه‌دایه، ده‌نگ به به‌ڵێ بده‌ن؟
ئێمه وه‌ك زانایان سوپاسی خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و پێویسته حزبه سیاسییه‌كانیش سوپاسیان بكه‌ن كه به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو بارودۆخه دارایییه سه‌خته‌یان گرت، به‌ڵام ناكرێ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌به‌ر هه‌ر بارێك فه‌رامۆش بكه‌ین. به دڵنیاییشه‌وه ده‌ڵێم ئه‌و كاته‌ی بووین به ده‌وڵه‌ت، كێشه دارایی و تهنگژهكانیشمان ورده ورده چاره ده‌بن. پێویسته تاكی كوردستانی سه‌ربه‌خۆیی له هه‌موو شتێكی تر به‌لاوه گه‌وره‌تر بێت، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵنه‌بژێرین، ده‌بێ پێشبینی هه‌ر جۆره هێرشێكی تر بكه‌ین كه دوژمنان بیكه‌نه سه‌رمان، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵنه‌بژێرین، ژیان و كه‌رامه‌ت و نامووسیشمان له مه‌ترسیدایه.
*ئایا ڕۆڵی زانایان چه‌ند گرنگه بۆ هاندانی خه‌ڵك به ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان؟
هه‌موو كه‌س ده‌زانێ بیری نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیزم له كوردستان، له‌ناو حوجره و لای مامۆستای ئاینی چه‌كه‌ره‌ی كردووه و به‌خشراوه به خه‌ڵك، مێژوو خه‌باتی مامۆستایان فه‌رامۆش ناكات، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاتێك بڕیاری دا له‌گه‌ڵ توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی بدوێ، یه‌كه‌م توێژ مامۆستایانی ئاینی هه‌ڵبژارد، ئه‌مه گه‌واهیده‌ره كه كاریگه‌ریی ئێمه له ڕووی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك چه‌نده زۆره و پێگه‌یه‌كی پارێزراوی هه‌یه. مامۆستایان زۆر به ڕاشكاوانه پرسیاره‌كانیان له بارزانی كرد و ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه كه چۆن ئه‌م ڕۆژه هاته هه‌ڵبژاردن و هه‌نگاوه‌كان چی بوون، بۆیه دڵنیام هه‌موو زانایان ڕۆڵی خۆیان به باشی ده‌گێڕن و به خه‌ڵكیش ده‌ڵێین سه‌ربه‌خۆیی كوردستان لای مامۆستایانی ئاینی له هه‌موو شتێك به‌رز و پیرۆزتره.
*چی به‌و مامۆستا ئاینییانه ده‌ڵێی كه پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ناكه‌ن؟
كاتێك عه‌ره‌ب 23 ده‌وڵه‌تی خۆی ڕاگه‌یاند، گوێمان له هیچ مه‌لایه‌ك نه‌بوو بڵێ "كاتی نییه له ئێسته‌دا"، ئه‌وكاته‌ی تورك ده‌وڵه‌تی خۆی ڕاگه‌یاند، به درێژایی مێژوو نه‌مانزانیوه مه‌لایه‌كی ئاینی تورك بڵێ "ئێسته گونجاو نییه" فارسیش هه‌روا، بۆیه به دڵنیایییه‌وه ده‌ڵێم هیچ مه‌لایه‌كی كورد ناڵێ ئێسته كاتی نییه و هه‌موو پشتیوانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام دووپاتیش له یه‌كڕیزیی ناوماڵی كورد و چاره‌سه‌ریی گرفته‌كان ده‌كه‌ن.