دوایین زانیاری لەسەر گرێبەستەكەی كۆتینیو لەگەڵ بەرشەلۆنە

:: AM:09:32:29/08/2017 ‌

تادێت یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە راگەیاندنی گرێبەستی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی فیلیپ كۆتینیو لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی نزیكتر دەبێتەوە.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: كۆتینیو دوێنێ دوێنێ دووشەم گەشتی بەرەو شاری ریۆ دی جانیرۆ كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل دەست بە مەشق و راهێنانەكان بكات بۆ یارییەكانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا.

لە كاتی گەیشتنی كۆتینیو بۆ شاری ریۆ دی جانیرۆ سەردانی دكتۆر سیمۆنی پزیشكی تایبەتی وەرزشی كردووە و پشكنینی وردی پزیشكی بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجامداوە تا لە كاتی رێككەوتنی كۆتایی سەرجەم كارەكانی تەواو و ئامادەبێت.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە كۆتینیو بڕیاریداوە جارێكی تر نەگەڕێتەوە ئینگلتەڕا و بەر لە تەواوبوونی ماوەی گواستنەوەی هاوینە بەیەكجاری وێستگەی خۆی بۆ یاریگەی كامپ نوو لە شاری بەرشەلۆنە بگۆڕێ.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان گرێبەستەكەی كۆتینیو لەسەر یانەی بەرشەلۆنە 150 ملیۆن یۆرۆ كەوتووە و بەر لە رۆژی پێنجشەم كە دوایین رۆژی ماوەی گواستنەوەی یاریزانانە یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی گرێبەستەكە رادەگەیەنێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م