بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لەكار كێشایەوە

:: PM:07:25:29/08/2017 ‌
بەرپرسێكی نێو بزووتنەوە گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە بزووتنەوەی گۆڕان وەك هەموو حزبەكانی تر تەنیا لە بەرژەوەندی سەرمایەداران كار دەكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 29ی ئاب/ ئۆگەستس، عومەر سەعید محەمەد سكرتێری ڕایەڵەی كرێكاران لە بزووتنەوەی گۆڕان لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردەوە كە بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنێت كە لەمڕۆوە هیچ پێوەندییەكی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە.

عومەر سەعید محەمەد دەڵێ، لە پۆستی سكرتێری ڕایەڵەی كرێكاران و بزووتنەوەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەم ڕادەگەیەنم، چونكە ئەو ڕاستییەم بۆ دەركەوت كە بزووتنەوەی گۆڕانیش وەك هەموو حزبەكانی تر تەنیا لە بەرژەوەندی سەرمایەداران كار دەكات و هیچ باوەڕیان بە دۆزی كرێكاران نییە.

ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئیتر وەك كرێكار و سەربەخۆ كار دەكات و ئینتیمای بۆ هیچ حزب ولایەنێك نابێت.

دەستلەكاركێشانەوەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ هەواڵی ئەوە بڵاو كرایەوە كە تەواوی گردی زەرگەتە و موڵكەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەناوی "چیا و نما" كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی گۆڕان كراوە و ئەوەش ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.







وشە - تایبه‌ت